عه‌بدولره‌حمان چادرچی:
"له‌پاڵ گه‌لی کورد له‌باشووری کوردستان ده‌وه‌ستین"
سازدانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

*له‌م رۆژانه‌ی دواییدا، له‌باکووری کوردستان و سه‌ر سنووری عێراق، تورکیا ده‌ستی به‌ئۆپه‌راسیۆنی به‌رفراوان کردوه، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م هێرشانه له‌میدیاکاندا جیاوازه و ئاماری زیانه‌کانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه، ئه‌و ئامار و زانیارییانه‌ی له‌ده‌ست ئێوه دایه، چۆنه؟
چادرچی: ئۆپه‌راسیۆنه‌کان تا ئێستا هیچ ئه‌نجامێکیان نه‌بوه. له‌دیاربه‌کر، بینگۆل، سێرت و شیرناخ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان فراونتر بوون و رۆژ به‌رۆژ دژوارتر ده‌بن. له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دواییدا (45) سه‌ربازی تورک کوژراون و (6) گه‌ریلا شه‌هید بوون. به‌ڵام له‌دوو ئۆپه‌راسیۆنی گه‌وره‌دا له‌شیرناخ و بتلیس (22) سه‌رباز و له‌بینگۆل و دێرسیمیش (23) سه‌رباز کوژراون. ده‌وڵه‌ت ئه‌و خه‌سارانه‌ی خۆی ده‌شارێته‌وه. سه‌رئه‌رکانی سوپای تورکیا یه‌شار بیوک ئانیت وتی (10) سه‌ربازی ئێمه و نزیکه‌ی (30) گه‌ریلا کوژراون. تورکیا شته‌کان پێچه‌وانه ده‌کاته‌وه. به‌ڵام هێزه‌کانی سه‌ربازی ئێمه ئه‌و ئامارانه‌یان بڵاو کردۆته‌وه. له‌سه‌ر سنووره‌کانیش تورکیا هێزه‌کانی خۆی زیاتر کردوه. له‌شه‌مزینان و خابوور تانکێکی زۆر مۆڵ دراوه. یانی ئێستا ئاماده‌ن و نزیکه‌ی ده‌یان هه‌زار سه‌ربازیان کۆکردۆته‌وه.
*ئایا کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م هێزانه بۆ بزاندنی سنووره‌کانی باشووری کوردستانه؟
چادرچی: وه‌ک "بیوک ئانیت" ده‌ڵێت ده‌یانه‌وێ سنووری باشووری کوردستان ببه‌زێنن، به‌ڵام له‌روانگه‌ی سیاسییه‌وه پێویسته بڕیار بدرێت. دیاره وا زوو ناتوانن ئۆپه‌راسیۆن بکه‌ن و سنوور ببه‌زێنن. چونکه کورد له‌هه‌ر چوار پارچه دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌یه و هێزه سیاسییه‌کانیش یه‌کده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی نابێت تورکیا سنوور ببه‌زێنێ. په‌رله‌مان و حکومه‌تی عێراقیش راشکاوانه هه‌ڵوێستی خۆیان نیشانداوه و دژایه‌تی خۆیان ده‌ربڕیوه. ئه‌مریکاش وتویه‌تی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین تورکیا سنوور ببه‌زێنێت و ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات. تورکیا ده‌یه‌وێت ئه‌م کاره بکات به‌ڵام له‌سه‌رووی هه‌مویانه‌وه ئه‌مریکا رێگای پێنادات. ئه‌مریکا تیشکی سه‌وزی نیشان نه‌داوه. ئامانجی تورکیا ئه‌وه نییه دوو ــ سێ هه‌فته له‌ناو باشووردا له په‌که‌که بدات و ئینجا ده‌رکه‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌یه‌وێ له‌باشووری کوردستان سه‌قامگیر بێت و بمێنێته‌وه. هه‌روه‌ها له‌که‌رکوک و ده‌وروبه‌ری جێگیر بێت و ده‌ست له‌کاروباری ناوخۆی عێراق وه‌ربدات. تورکیا له‌وه ده‌ترسێت عێراق ببێته سێ پارچه، بۆیه ده‌یه‌وێ موداخله بکات.
*به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربونه‌وه، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش هێزه چه‌کداره‌کانی له‌سه‌ر سنوور وه‌ک ئاماده‌باشییه‌ک کۆکردۆته‌وه، هه‌ڵوێستی ئێوه له‌م روه‌وه چۆنه؟
چادرچی: ئێمه‌ش وه‌ک په‌که‌که له‌پاڵ گه‌لی کورد له‌باشووری کوردستان، چی له‌ده‌ستی ئێمه بێت تا دوایی دژی تورکیا ده‌وه‌ستین و هێزه‌کانی پاراستنی گه‌لیش رایگه‌یاندوه ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکاته سه‌ر باشوور ئه‌وا سنووری باکور و باشور نامێنێت. بۆیه ئه‌گه‌ر تورکیا له‌هه‌وڵێکی به‌مجۆره‌دا بێت به‌ر له‌هه‌موو شتێک خۆی خه‌ساری به‌ر ده‌که‌وێت. دژی هێرشه‌کانی تورکیا پێویسته هه‌موو پارت و لایه‌نه کوردییه‌کان په‌یوه‌ندیی نێوان خۆیان به‌هێزتر بکه‌ن و پشتگیریی یه‌کتری بکه‌ن. ئه‌گه‌ر یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌هێز بکه‌ین، تورکیا ده‌ترسێت و پاشه‌کشێ ده‌کات.
*که‌واته پێت وایه ئێستا یه‌کێتیه‌ک لانیکه‌م له‌ڕووی هه‌ڵوێست و به‌رگریکردن له‌خاکی باشووری کوردستان هه‌یه که له‌لایه‌ن تورکیاوه حسابی بۆ ده‌کرێت؟
چادرچی: به‌ڵێ، بێگومان یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد رۆڵێکی سه‌ره‌کیی ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستێکی به‌مجۆره له‌خۆمان نیشان نه‌ده‌ین، له‌وانه‌یه تورکیا ئه‌مه به‌ده‌رفه‌ت بزانێت و زۆر شت بکات. نه‌ک تورکیا، ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و هێزه‌کانی تریش حساب بۆ ئه‌مه ده‌که‌ن.
*له‌ئه‌مریکاش ده‌نگی ناڕازیی هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جموجوڵانه‌ی تورکیا، یه‌کێک له‌و روداوه ده‌گمه‌نانه‌یه که ئێستا زۆربه‌ی سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا له‌سه‌ری هاوبیرن، له‌کاتێکدا ئه‌مریکا هاوپه‌یمانێکی تورکیایه و له‌وانه‌یه بۆ داهاتوو زیاتر پێویستی پێ هه‌بێت، ئایا پێت وا نییه ئه‌م سیاسه‌ته کاتییه و له‌وانه‌یه گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت؟
چادرچی: سه‌رئه‌رکانی پێشووی ئه‌مریکا پێی وایه ئه‌گه‌ر تورکیا هێرش بکاته سه‌ر باشوور، له‌نێوان ئه‌مریکا و تورکیادا ئاڵۆزی دروست ده‌بێت. هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکاش له‌دژی هێرشی تورکیایه چونکه پێیان وایه چاره‌سه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا ناهێنێت. به‌واتایه‌کی تر ئه‌مریکا به‌گوێره‌ی پێشهاته‌کان هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. له‌لایه‌که‌وه گڵۆپی زه‌رد نیشانی تورکیا ده‌دات واته سه‌برت هه‌بێت و له‌لایه‌کی تریشه‌وه وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارانی تورکیاش باسی لێوه ده‌که‌ن دژی ئۆپه‌راسیۆنه. هه‌ڵوێستی ئه‌مریکا رۆژ به‌رۆژ ده‌گۆڕێت و مومکین نییه سیاسه‌تێکی نه‌گۆڕ بگرێته به‌ر. تورکیا فشار بۆ ئه‌مریکا دێنێت و ئه‌مریکاش به‌گوێره‌ی ئه‌و فشارانه سیاسه‌ت ده‌گرێته به‌ر. ئه‌گه‌ر تورکیا فشاره‌کانی زیاتر بکات و کوردیش له‌ناوخۆدا یه‌کنه‌گرن، له‌وانه‌یه له‌م ناوه‌دا ئه‌مریکاش حسابی جودا بۆ خۆی بکات.
*له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌بۆچوونی چاودێرانی سیاسی تورکیا به‌هاوکاریی ئه‌مریکاو به‌فڕۆکه له‌ئامانجه‌کانی په‌که‌که ده‌دات، واته ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ سنووربه‌زاندن دا نییه به‌ڵام له‌گه‌ڵ لێدانی په‌که‌که‌دا هه‌یه؟
چادرچی: ئه‌گه‌ری هه‌موو ئه‌م روداوانه له‌ئارا دایه. ته‌نها شتێک که تورکیا ده‌توانێت بیکات ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر سنوور کۆمه‌ڵێک ئۆپه‌راسیۆنی سنووردار ئه‌نجام بدات. له‌وانه‌یه هه‌ندێک شوێن بکاته ئامانج یاخود به‌فڕۆکه هێرش بکاته سه‌ر هێزه‌کانمان. ئه‌مریکاش له‌وانه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا رازی بکات، هه‌ڵوێست نیشان نه‌دات. ئێمه‌ش حساب بۆ هه‌موو ئه‌و ئه‌گه‌رانه ده‌که‌ین و رۆژانه‌ش زانیارییمان ده‌گاته ده‌ست. به‌گوێره‌ی هه‌ر شتێک ئێمه‌ش ئاماده‌کاریی خۆمان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌مریکا هیچ قازانجێکی ده‌ست ناکه‌وێت بۆ هێرشکردنه سه‌ر په‌که‌که، بگره زیانی خوێشی تێدایه. ئه‌مریکاش هیچ ناکات ئه‌گه‌ر قازانجی خۆی تیا نه‌بێت. ئه‌گه‌ر هێرش بکرێته سه‌ر ئێمه، سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکا له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا رووبه‌ڕوی بشێوی ده‌بنه‌وه، چونکه په‌که‌که له‌ناوچه‌که‌دا هێزێکی سه‌ره‌کییه و پێشه‌نگی نه‌ته‌وه‌ی کورده. ئه‌گه‌ر هێرش بکاته سه‌ر په‌که‌که، ئه‌وا رووبه‌رووی گه‌لی کورد ده‌بێته‌وه. به‌مجۆره‌ش ئاڵۆزی دروست ده‌بێت و له‌باشوری کوردستانیش ناسه‌قامگیری دروست ده‌بێت. ئه‌وکات ئیدی به‌ته‌واوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌که‌ونه مه‌ترسیه‌وه. بۆیه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت سیاسه‌تێکی ئۆبژه‌کتیڤ په‌یڕه‌و بکات، هه‌رگیز به‌مه رازی نابێت و ئه‌م کاره ناکات. هێرشی ئه‌مریکا یاخود رێگه‌دان به‌هێرشی تورکیا ئه‌گه‌رێکی زۆر لاوازه. ئه‌و کاتیش ئه‌وه په‌که‌که نییه به‌ته‌نها زیان ده‌بینێ، به‌ڵکو کورد به‌گشتی و به‌تایبه‌تی باشووری کوردستان زیانی به‌رده‌که‌وێت.
*به‌ڵام تورکیا پێی وایه ئه‌مریکا فریوی ده‌دات و پێویستی به‌په‌که‌که هه‌یه، هه‌روه‌ها ده‌وترێ که ئه‌مریکا و په‌که‌که له‌باشووری کوردستان کۆ بونه‌ته‌وه.
چادرچی: له‌کوێ؟
*له‌ڕانیه.
چادرچی: هه‌ر که‌سه‌و شتێک ده‌ڵێت، ناکرێ بڕوا به‌هه‌موو هه‌واڵێک بکرێت، ئێمه پارتێکین، کێ قازانجی بۆ گه‌لی کورد هه‌بێت، ئێمه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستین. له‌گه‌ڵیشی داده‌نیشین و ده‌بینه هاوپه‌یمانیشی. به‌ڵام ناکرێ بڕوا به‌هه‌موو شتێکیش بکه‌یت که له‌میدیاکاندا بڵاو ده‌بنه‌وه.
*ته‌نانه‌ت سه‌رچاوه ئه‌مریکیه‌کانیش باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌مریکا پشتگیریی گه‌ریلاکان و به‌تایبه‌ت په‌ژاک ده‌کات و پاره‌یان بۆ ده‌نێرێت.
چادرچی: ئه‌گه‌ر حزبێک په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا یان هه‌ر هێزێکی تردا هه‌بێت، پێویست به‌وه نییه ئاشکرای بکات. مه‌گه‌ر له‌هه‌ندێک حاڵه‌تدا. ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به سیاسه‌تی حزبه‌کانه‌وه هه‌یه. بۆ په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا و په‌ژاکیش، په‌ژاک دوای ئه‌و بانگه‌شانه که گۆیا CIA پاره و چه‌کی پێده‌دات، به‌درۆ خسته‌وه. به‌ڵام چ په‌ژاک، چ په‌که‌که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا یان هه‌ر هێزێکی تردا که به‌رژه‌وه‌ندیی بۆ گه‌لی کورد هه‌یه، په‌یوه‌ندی ببه‌ستێت، ئه‌وا مافی خۆیه‌تی و ئاساییه. ئه‌مه شتێکی جودایه تا ئێستا له‌چ ئاستێکدایه و ئایا هه‌یه یان نییه.
*باس له‌وه ده‌کرێت که ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌و جموجوڵانه‌ی تورکیا ده‌که‌وێته خانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه، ئایا ده‌کرێت بڵێین ئه‌مه وه‌گه‌ڕخستنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تورکیایه به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چێت؟
چادرچی: نا، هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بۆ سه‌رخستنی سیاسه‌تی ناوخۆ نییه، به‌ڵکه ئه‌مه ئامانجێکی درێژخایه‌نی ئه‌و وڵاته‌یه. ناکۆکی هه‌یه له‌نێوان ئه‌ردۆغان و سه‌رۆک وه‌زیراندا، له‌نێوان سوپا و ئه‌ردۆغاندا، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیانه‌یه. یه‌شار بیوک ئانیت ده‌ڵێ من سنوور ده‌به‌زێنم به‌ڵام با حکومه‌ت بڕیار بدات، دیاره حکومه‌تیش زوو به‌زوو ناتوانێ بڕیار بدات. سوپا ده‌یه‌وێ به‌نه‌ته‌وه بڵێت سه‌یر که‌ن من ده‌مه‌وێ هێرش بکه‌مه سه‌ر باشوور و موداخله‌ی که‌رکوک بکه‌م، به‌ڵام حکومه‌ت رێگه نادات. حکومه‌ت تاوانباره. تورکیا ده‌یه‌وێت له‌باشوری کوردستاندا ئاڵۆزی دروست بکات. چاوی به‌و ده‌سکه‌وتانه هه‌ڵنایه‌ت که له‌باشووری کوردستاندا هاتونه‌ته ئاراوه و ده‌یه‌وێ له‌ناویان به‌رێت. ئه‌و ئه‌زمونه ئیدارییه‌ی که رۆژ به‌رۆژ له‌باشوری کوردستان له‌سه‌ر بناغه‌ی حکومه‌ت پێش ده‌که‌وێت، ده‌یه‌وێ له‌ناویان ببات. ستراتژییه‌کی درێژخایه‌نی له‌سه‌ر که‌رکوک و موسڵ هه‌یه و ده‌یه‌وێ پێکی بێنێت. ئامانجه‌کانی تورکیا زۆر له‌وانه به‌ربڵاوترن که رۆژانه باسیان ده‌کرێت، بۆیه ئێمه‌ش نابێ وا ته‌سک لێکی بده‌ینه‌وه. تورکیا له‌بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ترسێت، بیوک ئانیت راشکاوانه وتی عێراق ده‌بێته سێ پارچه، ناسه‌قامگیری هه‌یه، نابێ ئێمه بێده‌نگ بین. قۆناغی ئێستای عێراق به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانێت تا ستراتژییه‌تی خۆی پیاده بکات. دیاره بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانیش هه‌ندێک حسابی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه شتێکی جودایه.
*له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا کورد ده‌توانێ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت؟
چادرچی: ئێمه وه‌ک په‌که‌که هه‌وڵدانێکی زۆرمان هه‌یه بۆ سه‌رکه‌وتن. له‌مه‌یدانه‌که‌شدا هه‌ر ئێمه هه‌ین، پارته‌کانی تر بوونیان نییه و رێکیش ناکه‌ون له‌گه‌ڵماندا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بێت خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئێمه دایه و ده‌نگێکی گه‌ورشمان هه‌یه. له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ئه‌گه‌رێکی زۆر پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک وه‌ک لیستێکی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌بێت. ئێستاش زۆربه‌ی شاره‌وانیه‌کانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و له هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا ئه‌گه‌رێکی زۆر هه‌یه سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت چونکه هێزێکی باشی له‌پشته. ئه‌گه‌ر دواجار تورکیا ئاسته‌نگی دروست نه‌کات، سه‌رکه‌وتنێکی به‌رچاو به‌ده‌ست دێنێت. ده‌بێ ئه‌وه‌شمان له‌به‌ر چاو بێت که کورد چه‌نده‌ش سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت، یاساکانی هه‌ڵبژاردن له‌تورکیادا دیموکراتیک نین و ئه‌وه‌ش رێگرییه‌کی گه‌وره‌یه.
*ئاماژه‌ت به‌وه‌دا هێزه‌کانی تری باکوری کوردستان له‌گه‌ڵتاندا رێکناکه‌ون، به‌ڵام بۆچونی ئه‌وانیش جیایه و ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌تان لێده‌گرن که رێگه‌یان پێناده‌ن و خۆتان به‌گه‌وره ده‌زانن.
چادرچی: ئێمه زۆر جار ده‌ستی هاوکاریمان بۆ لای ئه‌وان درێژ کردوه، به‌ڵام ئه‌وان زۆر جدی نین. حزبی خه‌ڵک نین، سه‌ر به‌عه‌شیره یان گروپێکی فیۆدال و بورژوان، بۆیه‌ش یه‌کگرتن به‌لایانه‌وه گرنگ نییه. ئه‌وان نایانه‌وێ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بێت و بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندییه حزبی و شه‌خسییه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه. ره‌خنه‌کانیان له‌سه‌ر پێشکه‌وتنی په‌که‌که نییه به‌ڵکو له‌سه‌ر پاشکه‌وتنی په‌که‌که‌یه. ده‌خوازن بێ ره‌نج له‌سه‌ر هه‌ندێک ده‌سکه‌وت دابنیشن، ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی هاوپه‌یمانیی نییه. هه‌ر بۆیه ته‌نها به‌ناو هه‌ن و زۆر لاواز و بچووکن. نزیکی په‌که‌که نابنه‌وه چونکه په‌که‌که هی خه‌ڵکه و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدایه.
*باسی ئه‌وه‌تان کرد ئێوه بیانوویه‌کن به‌ده‌ست تورکیاوه، باشه هه‌ست ناکه‌ن بوونی ئێوه له‌باشووری کوردستان ئامرازێکی باشه بۆ تورکیا تا هه‌وڵی سه‌رخستنی ئامانجه‌کانی بدات؟
چادرچی: مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کیی بوونی ئێمه نییه. پلانی سه‌ره‌کیی تورکیا، که‌رکوک و کوردستان و عێراقه به‌گشتی. ئاشکرا ناتوانێت بڵێت ئه‌مانه له‌پلانی من دان، بۆیه بوونی په‌که‌که ده‌کاته بیانوو. ئه‌وه سیاسه‌تی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌رانه‌ی تورکیایه بۆ رای گشتی. هێزه‌کانی ئێمه له‌باکووری کوردستانن، لێره ته‌نها په‌ژاک هه‌یه، په‌ژاکیش دژی ئێران شه‌ڕ ده‌کات، گه‌ریلای ئێمه له‌باشوور ژماره‌یان زۆر که‌مه‌و زۆربه‌یان هی په‌ژاکن. هێزه سه‌ره‌کییه‌کانی په‌که‌که له‌مێژه براونه‌ته ناو باکووری کوردستان، له‌سه‌ر سنووره‌کانی تورکیا و ناوه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته جێگیر بوون. تورکیا ده‌یه‌وێ بوونی ئێمه بکاته فشار بۆ سه‌ر پارته‌کانی باشوور به‌بیانوی ئه‌وه‌ی گۆیا ئه‌وان هاوکاریمان ده‌که‌ن و دژی ئێمه شه‌ڕ ناکه‌ن. ده‌یه‌وێ وه‌ک جاران هێزه‌کانی باشوور یارمه‌تی بده‌ن، ده‌یه‌وێ هانیان بدات تا دووباره مل بده‌ن بۆ ئه‌و جۆره هاوپه‌یمانێتیه، به‌ڵام وه‌ک به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانیش له‌کۆنگره رۆژنامه‌نوسیه‌که‌ی 14ی مانگدا باسیکرد، وتی ئێمه پێشتر پێکه‌وه شه‌ڕی په‌که‌که‌مان کرد، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که چاره‌سه‌ر نه‌بوو. یانی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌ڕێگه‌ی سه‌ربازیی چاره‌سه‌ر نابێت به‌ڵکه به‌ڕێگه‌ی سیاسیی چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ئه‌زمونه‌کان ئه‌وه‌یان ده‌رخستوه. ئێمه له‌مێژه جه‌خت له‌سه‌ر رێگه چاره‌ی دیالۆگ ده‌که‌ینه‌وه، ئاگربه‌ستمان راگه‌یاند، به‌ڵام تورکیا وه‌ڵامی نه‌داینه‌وه. پێویسته دژی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی تورکیا، کورد په‌رچه‌کرداری هه‌بێت و فشار بێننه سه‌ر تورکیا، چونکه ئێمه ئاگربه‌ستمان راگه‌یاندو ئه‌وه تورکیایه مل بۆ دیالۆگ نادات.
*راتان چییه له‌سه‌ر قسه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان که له‌وه‌ڵامی موداخله‌ی تورکیا به‌تایبه‌ت بۆ سه‌ر که‌رکوک ده‌ریبڕی و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی زۆریشی له‌تورکیا لێکه‌وته‌وه؟
چادرچی: مه‌سه‌له‌که که‌رکوک و دیاربه‌کر نییه. ئه‌وان ئه‌و قسانه‌ی مه‌سعود بارزانی ته‌نها وه‌کو بیانوو به‌کار دێنن. ئێمه له‌مباره‌وه پشتگیریی له‌گه‌له‌که‌مان ده‌که‌ین له‌باشووری کوردستان و هه‌رگیز رێگه به‌سه‌رکه‌وتنی سیاسه‌ته‌کانی تورکیا ناده‌ین. ئێمه له‌به‌رامبه‌ر تورکیادا پشتگیریی له‌به‌رێز مه‌سعود بارزانی ده‌که‌ین. هه‌ر دووکیان هه‌ر کوردستانن و هیچ جیاوازییه‌کی نییه. له‌به‌رامبه‌ر تورکیا پێویسته هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی خۆمان به‌هێز بکه‌ین و بۆیه‌ش پشتگیریی له‌مه‌سعود بارزانی ده‌که‌ین.
*ململانێیه‌کی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان باڵی سیاسی و سه‌ربازی حکومه‌ت له‌تورکیا، ئه‌م ململانێیه به‌تایبه‌ت له‌مه‌سه‌له‌ی سنووربه‌زاندن و ئه‌و میتینگه گه‌وره‌یه‌دا زه‌قتر بۆوه که له‌ئه‌نقه‌ره به‌به‌شداری هه‌زاران که‌س ئه‌نجامدرا، به‌بڕوای تۆ ئه‌و ململانێیه به‌ره‌و کوێ مل ده‌نێت؟
چادرچی: ناکۆکیی نێوانیان تا دێت به‌هێز تر ده‌بێت، پێموایه وا زوو یه‌کلایی نابێته‌وه. ئه‌و میتینگه گه‌وره‌ی که ئه‌نجامیش درا، که‌مالیسته نوێیه‌کان و ده‌نیز بایکاڵ و پارتی کرێکاران بوون له‌تورکیا. ئه‌مانه له‌راستیدا ره‌گه‌زپه‌رستن و رۆژ به‌رۆژ له‌به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتودا خۆیان ده‌بیننه‌وه. ده‌یانه‌وێ جوڵانه‌وه‌یه‌کی وه‌ک ساڵی (1920) له‌تورکیا له‌ناو خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌دا پێک بێنن. ته‌نانه‌ت له‌هه‌وڵی کوده‌تایه‌کیش دان. ده‌یانه‌وێ خه‌ڵک و سوپا بخه‌نه پاڵ خۆیان. به‌ڵام پێموانییه شتێکی وا پێک بێت، چونکه مێژوو گۆڕاوه، ئه‌قڵییه‌ته‌کان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتوه. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیان بێت ئه‌وه‌یه که ناکۆکیی نێوان حکومه‌ت و سوپا، ئه‌ردۆغان و بایکاڵ قووڵتر بکه‌نه‌وه. له‌تورکیا بوونی ئه‌و دوو به‌ره‌یه کۆسپی گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنی ئه‌و وڵاته‌دا. هه‌ر چه‌ند ره‌گه‌زپه‌رستی ناوه‌ناوه به‌هێزیش بێت، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رجه‌که ناتوانێ سه‌رکه‌وتنێکی ئه‌وتۆ به‌ده‌ست بێنێت. له‌م ناوه‌دا مه‌گه‌ر هێزه دیموکراتیکه‌کان و گه‌لی کورد ئه‌لته‌رناتیڤێکی سێهه‌م دژی ئه‌و دوو به‌ره‌یه دروست بکه‌ن. له‌پێناو دیموکراسی له‌تورکیا و ئازادی له‌باکوری کوردستاندا ئه‌م به‌ره‌یه پێویسته ده‌ستپێشخه‌ری بکات.
*ئایا ئه‌و هێزه هه‌یه که ببێته ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئه‌م دوو باڵه؟
چادرچی: به‌ڵێ، ئێستا ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه هه‌یه و پێشه‌نگه‌که‌یشی ئێمه‌ین. لێ له‌تورکیا هه‌ندێک که‌موکورتی هه‌یه، که به‌هاتنه ناوه‌وه‌ی دیموکراته‌کانی تورکیا چاره‌سه‌ر ده‌بێت. به‌مجۆره هاوپه‌یمانێتیه‌کی تۆکمه له‌نێوان هه‌ردوو لادا دورست ده‌بێت. پێموایه له‌ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئه‌و ئه‌لته‌رناتیڤه له‌باکووری کوردستان به‌تایبه‌تی و تورکیا به‌گشتی به‌هێزتر ده‌بێت.
عه‌بدولره‌حمان چادرچی:
ــ 1960 له‌ئورفای باکوری کوردستان له‌دایکبوه.
ــ 1979 په‌یوه‌ندی به‌په‌که‌که‌وه گرتوه و چه‌ندین به‌رپرسیارێتی حزبی هه‌بوه.
ــ نوێنه‌ری په‌که‌که بووه له‌ئه‌وروپا.
ــ ئه‌ندامی کۆمیته‌ی سیاسی په‌که‌که و به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رێکخراوه‌یه.
