یادداشته‌کانم له باکوری عێراق (به‌شی هه‌شته‌م)
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
"سه‌ره‌تا با چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن، که‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر ئه‌وی تر!" ئه‌مه بو قسه‌ی موراد قه‌ڕه‌یڵان... ئایا سه‌قامگیرکردنی هێنده ئه‌سته‌مه؟ له‌پێناو ئه‌مه دا پێویسته په‌که‌كه پاشه‌کشێ بکات و له‌گه‌ڵ سوپا نه‌که‌وێته پێکدادانه‌وه. به‌ده‌ردی تاڵه‌بانی ده‌ڵێ "په‌که‌که ئاگربه‌ست راده‌گه‌یه‌نێ به‌ڵام به‌گوێره‌ی پێویست دور ناکه‌وێته‌وه. له‌شوێنی وا ده‌مێنێته‌وه که هه‌ر جارناجارێ له گه‌ڵ سوپا ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بێ." هه‌رچی موراد قه‌ڕه‌یڵانه پێی وایه "ئێمه بڕیاری راگرتنی چالاکییه‌کانمان ده‌ده‌ین و پاشه‌کشێ ده‌که‌ین، به‌ڵام سوپا هه‌روا هێرشمان ده‌کاته سه‌ر. له وه‌ها دۆخێک‌دا ناچارین خۆمان بپارێزین." ئه‌م ره‌وشه به‌کوێ ده‌گات؟ گه‌ر به‌کورتی بیبڕینه‌وه: پێویسته هه‌ر دو لا بوه‌ستن! قامکیان له‌سه‌ر ماشه‌کان لابه‌رن.
هه‌ولێر
بناری چیای قه‌ندیل... شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردو پاش وتوێژی چوار کاتژمێریمان له گه‌ڵ که‌سی ژماره یه‌کی په‌که‌که موراد قه‌ڕه‌یڵان به‌سه‌ر چیا سه‌رسه‌وز و به‌ناو دارستانه‌کاندا به‌ره‌و خوار بوینه‌وه.
خوڕه‌و هاژه‌ی جۆباره‌کان ده‌بیسترا.
کوڕان و کچانی په‌که‌که به ده‌وروبه‌رماندا تێده‌په‌ڕن و به‌مه‌راقه‌وه لێمان ده‌ڕوانن...
له‌م نێوانه‌دا ده‌وه‌ستین و رێگه به کامیۆنێک ده‌ده‌ین تێپه‌ڕ بێ. له‌پاش کامیۆنه‌که‌وه پانزه ـ بیست کچێکی په‌که‌که‌یی ده‌بینین که گۆرانی ده‌ڵێن.
هه‌ندێکیان ده‌ستمان بۆ راده‌وه‌شێنن. به‌مجۆره ده‌ڕۆن و له‌ناو چیاکان‌دا ون ده‌بن.
نامیق دورکان کامێراکه‌ی ئاماده ده‌کا، به‌ڵام وێنه‌کێشان قه‌ده‌غه‌یه. داخی خۆی ده‌رده‌بڕی و ده‌ڵێ "ده‌ی کاکه، لێگه‌ڕابای وێنه‌ی ئه‌م کامیۆنه‌م گرتبا و به‌گه‌وره‌یی له لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا بڵاومان ده‌کرده‌وه."
ئه‌و گه‌نجه‌ی له (سامسون)ه‌وه روی له‌قه‌ندیل کردبو
له‌شوێنێک ده‌وه‌ستین.
له‌سه‌ر سنوری هه‌رێمی په‌که‌که....
ئه‌و دو قاچاغچیه له‌وێن که به‌یانی زو له رانیه‌وه هاتون بۆ ئه‌وه‌ی له‌شاخ بمانبه‌نه‌وه. له‌قه‌راغ ئاوێکی به‌خوڕ حه‌وت هه‌شت په‌که‌که‌یی بۆ خاتر خواستن ریزیان به‌ستوه.
یه‌کێکیان زۆر گه‌نجه، هێشتا موی ردێنی ده‌رنه‌که‌وتوه. کڵاشینکۆفه‌که‌ی به شانی خۆێه‌وه هه‌ڵواسیوه که شتێک له خۆی بچوکتره. له‌سامسون، له‌قۆناغی دواناوه‌ندی وازی له خوێندن هێناوه و روی کردۆته شاخ... یه‌کێکی تریان له (کۆنیا)وه هاتوه.
به ناو شاخ و داخه‌کاندا ده‌ڕۆین.
ده‌پرسێ "با هه‌مو رۆژێک ئه‌و شاخانه بۆردومان بکه‌ن، چی رو ده‌دات؟" که ئه‌م دێڕانه ده‌نوسم قسه‌کانی سه‌رئه‌رکانی پێش‌و، ژه‌نه‌ڕاڵی خانه‌نشین "یه‌شار بویوک ئانیت"م له ئه‌نته‌رنێت به‌رچاو ده‌که‌وێ که له‌به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی سی و دوهه‌مین رۆژ گوتبوی "ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌مو هێزه چه‌کداره‌کانی تورکیاش بڕۆن، قه‌ندیلیان بۆ خاوێن ناکرێته‌وه."
ئایا ئه‌ردۆگان مێزه‌که ده‌کوتێ؟
له‌کاتێکدا جیبی قاچاغچیه‌کان هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك رێگه‌ی ده‌بڕی، ئه‌م پرسیارانه یه‌که یه‌که هوروژم بۆ مێشکم دێنن.
ئایا په‌که‌که‌ش ده‌گۆڕدرێ؟
ئایا ده‌کرێ بڕوا به په‌که‌که بهێنرێ؟
هه‌لی ئاشتی ره‌خساوه؟
چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن؟
ته‌یپ ئه‌ردۆگان، سوپا....
بۆخۆم له‌خۆم ده‌پرسم:
"له‌تورکیا هه‌مو شته‌کان ده‌گۆڕدرێن، ته‌نانه‌ت په‌که‌که‌ش ده‌گۆڕدرێ، ئایا ئه‌وه ته‌نها ده‌وڵه‌ته گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت؟"
له‌ڕاستیدا نا، له‌ناو ده‌وڵه‌ت، سوپا و حکومه‌تیشدا له‌مێژه جموجوڵ هه‌یه. ئه‌و تێڕوانینه تا دێ بڵاو ده‌بێته‌وه که چیتر به چه‌ک بڕ ناکه‌ین و په‌که‌که به چه‌ک له‌ناو ناچێ.
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌روه‌ها به پێویست ده‌بینرێ که په‌که‌که‌ش کۆتایی به رێبازی چه‌ک و توندوتیژی بێنێ...
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش له‌ناو ده‌وڵه‌تدا قاڵب و که‌سایه‌تی وا به‌دی ده‌کرێن که ده‌ربازکردنی ئه‌مانه و به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک پێنگاڤی رادیکاڵ ئه‌سته‌م ده‌نوێنێ.
به‌ساڵانه پرسیاره هاوشێوه‌کان دوباره ده‌بنه‌وه:
گه‌لۆ ئیراده‌ی سیاسی هه‌یه؟
بڕیاردانی سیاسی به‌دی ده‌کرێ؟
وه‌ك حیکایه‌تی کوێره‌ماره‌که....
هه‌موان ده‌پرسن:
ئایا سوپا قایل ده‌بێ؟
پرسیار و پرس ئا لێره له‌دایک ده‌بن.
به‌ڵام دو پرسیاری تر گرنگ هه‌یه:
یه‌که‌م، سیاسیه‌کان به‌نیازن؟
دوهه‌م، ئایا چاوگه و ئیلهامێک له ئارا دایه؟
کاتێک له‌قه‌ندیل ده‌هاتینه خوار ئه‌مه‌م به خه‌یاڵدا هات، ئایا ته‌یپ ئه‌ردۆگان ئه‌گه‌ر بزانێ کێشه‌کان له کوێ گیریان کردوه، به‌پێداگرییه‌وه مێزه‌که‌ی به‌رده‌می ده‌کوتێ و پڕۆفایلی سه‌رۆکێکی پێشه‌نگ پێشکه‌ش ده‌کات؟
ئاگربه‌ستی دولایه‌نه
"سه‌ره‌تا با چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن، که‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی تر"
وا ده‌ڵێ موراد قه‌ڕه‌یڵان....
ئایا جێبه‌جێکردنی زۆر مه‌حاڵه؟ له‌پێناو ئه‌مه‌دا پێویسته په‌که‌که له‌مه‌یدانه‌که دا نه‌مێنێ و له‌و شوێنانه پاشه‌کشه بکات که ده‌زانێ له گه‌ڵ سوپا روبه‌ڕو ده‌بێته‌وه.
ئه‌مه خاڵێکی گرنگه.
ئۆکتۆبه‌ری 2007 سه‌رۆک کۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی له به‌غدا پێمی گوت "په‌که‌که ئاگربه‌ستی باش راده‌گه‌یه‌نێ به‌ڵام به گوێره‌ی پێویست پاشه‌كشێ ناکات. له‌شوێنی وا جێگیر ده‌بێت که هه‌ر جارناجارێ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی سوپا ده‌بێته‌وه." له‌مباره‌وه موراد قه‌ڕه‌یڵان ره‌خنه له‌سوپا ده‌گرێ "ئێمه بڕیاری راوه‌ستاندنی چالاکییه‌کانمان ده‌ده‌ین و پاشه‌کشێ ده‌که‌ین، به‌ڵام سوپا هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ له سه‌ر هێرشه‌کانی. له‌وه‌ها دۆخێک‌دا ناچارین خۆمان بپارێزین"
له‌ڕه‌وشێکی ئاوادا پێویسته چی بکرێت؟
گه‌ر به‌کورتی بیبڕینه‌وه؛
پێویسته هه‌ر دوک لا بوه‌ستن!
قامکیان له‌سه‌ر ماشه‌کان لابه‌رن.
ئه‌م مژاره به‌هاری ساڵی 1993ش له گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی په‌که‌که له‌ڕۆژه‌ڤدا بو. ئه‌و کات دیمیرێل له‌سه‌ر کورسی سه‌رۆک وه‌زیران به منی گوت:
"کابرا ئاگربه‌ستی راگه‌یاندوه، ته‌نانه‌ت ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ک دابنێن، به‌ڵام به تانک و تۆپ ده‌چینه سه‌ریان. پێویسته باش بیر بکه‌ینه‌وه."(*)
مانگی ئاوریلی 1993 جه‌لال تاڵه‌بانی پاش ئه‌وه‌ی له شام چاوی به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان که‌وتبو، به‌په‌یامێکی ئاوا هاتبوه ئه‌نقه‌ره:
ده‌بێ سه‌رجه‌م هێزه ئه‌منیه‌کانی تورک له‌گه‌ڵ ئاگربه‌ست خۆیان بگونجێنن؛ ئه‌گه‌ر شتێک له‌گۆڕێیه به‌ناوی ئۆپه‌راسیۆنی به‌هار، پێویسته بوه‌ستێنرێ؛ له‌داهاتودا لێبوردنێکی گشتی رابگه‌یه‌نرێ، له‌پێناو چاره‌سه‌ری سیاسیانه چه‌ندین که‌ناڵی جۆراوجۆری دیالۆگ بکرێنه‌وه...(**)
ساڵی 1993 ئۆجه‌لان ئه‌م په‌یامه‌ی دا.
نێوه‌ڕاستی مانگی ئاوریلی 1993 له‌چاوپێکه‌وتنێکمدا له ده‌ربه‌ندی به‌قاع، ئۆجه‌لان په‌یامێکی هاوشێوه‌ی پێدام. دروست له‌و سات و ئانه‌دا، له ناوچه‌ی بینگۆل 33 که‌س شه‌هید بون که هێشتاش چۆنیه‌تی روداوه‌که رون نه‌بۆته‌وه ـ به‌ڵام به گشتی دان به‌وه داده‌نرێ که کرده‌وه‌که له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه ئه‌نجام دراوه. به‌مجۆره ئاگربه‌سته‌که هه‌ڵوه‌شایه‌وه، هه‌ر له‌و کاتانه‌ش دا سه‌رۆک کۆمار ئۆزال مرد: له‌باشوری رۆژهه‌ڵات گۆمی خوێن دروست بو: به‌داخه‌وه ده‌وروبه‌ری 17 هه‌زار تاوانی بکه‌ری نادیار رویان دا و ناوچه‌که بێمافی گه‌وره و سوسورلوک و ته‌نانه‌ت ئه‌رگه‌نه‌کۆنی به خۆیه‌وه بینی.
ئیراده هه‌بێ، چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌بن
له‌وتوێژه‌که‌ی قه‌ندیلماندا موراد قه‌ڕه‌یڵان چه‌ند جار ئاماژه‌ی به‌و ده‌رفه‌تانه کرد که له‌پێناو ئاشتیدا له کیس چون و ئاگربه‌ستی ساڵی 1993ی هێنایه‌وه یاد.
16 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کاته‌دا تێپه‌ڕیوه....
ئۆجه‌لان قۆڵبه‌ست کراو ئێستا له ئیمرالییه.
به‌ڵام په‌که‌که له‌ناو نه‌چو و هێشتاش له سه‌ر چیاکان درێژه به‌مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دا.
به‌ڵام پێموایه ده‌یانه‌وێ دابه‌زن و جارێکی تر ده‌کرێ ده‌رفه‌تێکی ئاشتی بێته ئاراوه. له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌م وه‌ڵامه‌کانی قه‌ڕه‌یڵان و ئه‌و په‌یامانه‌ی هه‌وڵیدا بیانگه‌یه‌نێته ئه‌نقه‌ره، نیشانه‌ی دابه‌زین له‌قه‌ندیلیان پێوه بو.
له‌گه‌ڵ ساڵی 1993 لێکچونیان هه‌یه.
ئایا به‌ڕاستی چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن؟
تۆ بڵێی ئاژاوه‌گێڕی دروست نه‌بێ؟
زۆر دور نه‌ڕۆین، ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش له (ماردین) کۆکوژیه‌کی سامناک ئه‌نجامدرا، جه‌رده‌وانه‌کان دانیان به‌وه دانا هێرشه خۆیناوییه‌که‌یان جۆرێک داڕشتوه که په‌که‌که تێوه بگلێ.
باشه، هه‌نگاوی یه‌که‌م ده‌بێ چی بێ؟
بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان...
هێنده ئه‌سته‌مه؟
ئه‌گه‌ر هه‌ردولا ده‌ستیان له‌سه‌ر ماشه‌ی تفه‌نگه‌کان هه‌ڵگرن، چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن.
خاڵی گرنگ لێره‌دا ئیراده و بڕیاردانه.
ئه‌مانه هه‌بن، چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌بن.
وا دیاره، له ناو هه‌ر دو لادا، که‌سانی لاگری شه‌ڕ هه‌ن. پێویسته له‌به‌رامبه‌ر ئاژاوه‌گێڕی ئه‌واندا وشیاری هه‌بێ، له قۆناغێکی ئاوادا، ئه‌مه خاڵی هه‌ره هه‌ستیاره.
به‌ڵێ، ده‌بێ ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نرێ.
په‌که‌که زیاتر پاشه‌کشێ بکا.
سوپاش هێرشیان نه‌کاته سه‌ر!
پوخته‌ی مه‌به‌ست:
ده‌ست له‌سه‌ر ماشه ئاماده نه‌بن!
موراد قه‌ڕه‌یڵان له‌قه‌ندیل به‌منی گوت "به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کان زستانێکی ئاراممان به‌سه‌ر برد که ئه‌مه له 25 ساڵی رابردو دا نمونه‌ی نه‌بوه، که‌واته سوپاش ده‌توانێ چاوه‌ڕێ بمێنێته‌وه."
ئایا له‌م پێناوه‌دا، پێویسته ئه‌نقه‌ره ئیراده‌ی سیاسی له‌خۆی نیشان بدات؟ به‌گوێره‌ی ئه‌و زستانه‌ی ئارامه‌ی له بیست و پێنج ساڵی رابردودا هه‌مانبو، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی چاوه‌ڕێکردنی سوپا، ئیتر بۆچی ئه‌م قۆناغه درێژ بێته‌وه؟
به‌ڵێ بۆچی؟
ئه‌گه‌ر چه‌که‌کان نه‌ته‌قێن و ئاگربه‌ستێک دروست بێ، ده‌شێ له‌م نێوانه‌دا کۆمه‌ڵه میکانیزمی تر بکه‌ونه گه‌ڕ، له‌وانه‌یه قۆناغی دیالۆگ ده‌ست پێ بکا....
——————————————-
* حه‌سه‌ن جه‌ماڵ، کورده‌کان، زنجیره کتێبی دۆغان، 2003، ل 64.
** هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێش‌و، ل 66.
