یادداشته‌کانم له‌باکوری عێراق (به‌شی حه‌وته‌م)
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له‌وه‌ڵامی پرسیارێکمدا سه‌باره‌ت به فه‌تحوڵاچیه‌کان، قه‌ره‌یڵان گوتی "فه‌تحوڵاچیه‌کان ده‌یانه‌وێ له ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌تدا سه‌قامگیر بن، بۆیه نزیکی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان بونه‌وه. ئاوا به‌هێز بون. دیاره له ئه‌مریکاش یارمه‌تی وه‌رده‌گرن. ئه‌مریکا فه‌تحوڵاچیه‌کان ده‌خاته به‌رده‌م جیهانی ئیسلام.. ئه‌وان به دروشمی "ئێمه‌ش دژی په‌که‌که‌ین، ئێمه‌ش لایه‌نگری ده‌وڵه‌تین" له‌ناو ده‌وڵه‌ت دا جێگه‌ی خۆیان کردۆته‌وه. له‌باشوری رۆژهه‌ڵات هه‌ن به‌ڵام ژماره‌یان زۆر نیه. ده‌چنه ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له‌ناو چینی پۆلیس و مامۆستایان‌دا بڵاو بونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ناو ئه‌و که‌سانه‌شدا په‌ره‌یان سه‌ندوه که سه‌باره‌ت به ئایین گه‌رم و گوڕن. با وای دابنێین په‌که‌که ته‌نگاو بوه یاخود له‌ناو چوه. ده‌زانن له هه‌رێمه‌که چی ده‌قه‌ومێ؟ باشوری رۆژهه‌ڵات ده‌بێته ناوه‌ندێک بۆ پاشڤه‌ڕۆیه‌تی."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق
له‌باکوری عێراق هه‌م تاڵه‌بانی و هه‌م بارزانی له‌به‌رده‌م رۆیشتنی رۆژنامه‌نوسان بۆ قه‌ندیل واته له‌به‌رده‌م په‌یوه‌ندیی میدیاکان به په‌که‌که‌وه ده‌بنه ئاسته‌نگ.
له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره به‌ره‌به‌یانی شه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی رابردو که به‌ره‌و چیای قه‌ندیل ده‌ڕۆیشتین، هه‌وڵمانده‌دا خۆمان له بازگه‌ی کۆنتڕۆڵی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی و پارتی دیموکراتی کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تی بارزانی بشارینه‌وه.
له‌هه‌ندێک شوێن پێناسی رۆژنامه‌نوسیمان نیشان نه‌دا. مه‌کینه‌ی فۆتۆگرافیمان شارده‌وه. له‌نزیک سنوری ئێر‌انیش ئۆتۆمبێله‌که‌مان گۆڕی و سواری جیبی قاچاقچیانی کورد بوین که په‌که‌که بۆی ئاماده کردبوین. به‌شێک له‌سه‌فه‌ره‌که‌مان به‌ره‌و چیای قه‌ندیل له‌ڕێگای قاچاغه‌وه بو.
قاچاغچیه‌کان له‌ناوچه‌ی رانیه گه‌یشتنه هه‌رێمی ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌که‌که. بێگومان له‌به‌رامبه‌ریدا هه‌م پاره وه‌رده‌گرن و هه‌روه‌ها پێویستیه لۆجستیکیه‌کانی په‌که‌که به‌وان جێبه‌جێ ده‌کرێ. به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا ئاشکرایه ئاسایشیان له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه ده‌پارێزرێ.
پرسیاره‌کان:
ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له‌گه‌ڵ واشنگتۆن و ئه‌نقه‌ره تا چه‌ند ده‌توانن په‌که‌که گۆشه‌گیر بکه‌ن؟ تا چ راده ده‌توانن بێ کاریگه‌ری بکه‌ن؟ یان با بڵێین ئایا ده‌توانن په‌که‌که له چیاکان بێننه خواره‌وه؟
له‌رێگه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه هه‌وڵمدا له‌قسه‌کاندا هه‌م نیازی هه‌ولێر و هه‌میش موراد قه‌ڕه‌یڵان ده‌ربخه‌م.
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که بڕوا به‌خۆ هاته گۆ؛
"ئه‌گه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی دژی ئێمه بکه‌ونه جموجۆڵ، زیان به خۆیان ده‌گات."
ئه‌گه‌رێکی وه‌ها هه‌یه؟
"بارزانی زه‌خت له په‌که‌که ده‌کا، به‌ڵام...."
ویستی بارزانی و تاڵه‌بانی بۆ گوشارخستنه سه‌ر په‌که‌که له‌باکوری عێراق له‌پێناو قایلکردنی واشنگتۆن و ئه‌نقه‌ره حاشا هه‌ڵنه‌گره. له‌م چوارچێوه‌یه دا له هه‌ندێک لایه‌نه‌وه به تایبه‌ت له‌لایه‌ن پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه زه‌خت له په‌که‌که ده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌م گوشارانه سنوریان هه‌یه و پێوانێکی دیاریکراو تێناپه‌ڕێنێ. چاودێرێک پێی وتم:
"ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی تورکیا، جارێکی تر له ناوچه‌که دا رێگه له‌به‌رده‌م دۆگمابونی په‌که‌که خۆش ده‌کات."
به‌کورتی:
کرده‌وه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کورد له باکوری عێراق دژ به په‌که‌که سنورێکی دیاریکراوی هه‌یه. هه‌ر دو لایه‌نیش هه‌ست به‌مه ده‌که‌ن. جگه له‌مه وه‌ک ده‌ڵێن ئیتر زه‌مه‌نی "کورد به‌کورد به‌کوشت دان" به‌سه‌ر چوه.
با ئه‌مه‌ش له قه‌ڵه‌م نه‌كه‌وێ:
په‌که‌که له‌ماوه‌ی ساڵانێکی درێژدا، له‌ناو کورده‌کانی عێراق ریشه‌ی داکوتاوه.
ئه‌وه‌ی له قسه‌کانی موراد قه‌ڕه‌یڵان سه‌رنجی راکێشام ئه‌وه بو کاتێک له سه‌ر بارزانی و تاڵه‌بانی قسه‌ی ده‌کرد، بڕوا به خۆ و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌دوا.
له هه‌مانکاتدا سه‌مپات بونی جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌شارده‌وه. نازانم له زاری ده‌رچو یان نا، به‌ڵام جارێکیان له میانه‌ی قسه‌کانیدا ئاوای گوت:
"مام جه‌لال، زۆر باش نهێنی و داخوازیه‌کانی ئه‌نقه‌ره ده‌درکێنێ. وه‌ک کۆنفرانسی کورد و مه‌سه‌له‌ی چه‌کدانانی په‌که‌که...."
ئه‌مریکا و فه‌تحوڵا چیه‌كان
پرسیارم له موراد قه‌ڕه‌یڵان کرد سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی په‌كه‌که له‌گه‌ڵ تاقمی فه‌تحوڵڵاو چالاکییه‌کانیان له باشوری رۆژهه‌ڵات.
که‌سی یه‌که‌می په‌كه‌که فه‌تحوڵڵاچیه‌کانی بۆ هه‌زم نابێ. به‌م پرسیاره ده‌ستی به قسه‌کانی کرد "بۆچی ئه‌م سێ چوار ساڵه‌ی دوایی هێرشیان کرده سه‌ر ئێمه؟" پاشان به‌رده‌وام بو و گوتی "فه‌تحوڵڵا چیه‌کان ده‌یانه‌وێ بکه‌ونه ناو سیسته‌می ده‌وڵه‌ته‌وه. به‌م مه‌به‌سته نزیکی ئاکه‌په بونه‌وه. خۆیان به‌هێز کرد. دیاره له‌لایه‌ن ئه‌مریکاشه‌وه پشتگیری ده‌کرێن. ئه‌مریکا فه‌تحوڵاچیه‌کان ده‌خاته به‌رده‌م جیهانی ئیسلام.. ئه‌وان به دروشمی "ئێمه‌ش دژی په‌که‌که‌ین، ئێمه‌ش لایه‌نگری ده‌وڵه‌تین" له‌ناو ده‌وڵه‌ت دا جێگه‌ی خۆیان کردۆته‌وه. له‌وانه‌یه ئه‌مڕۆ مه‌ترسی نه‌بن به‌ڵام له‌داهاتودا مه‌ترسی دروست ده‌که‌ن.... له‌باشوری رۆژهه‌ڵات هه‌ن به‌ڵام ژماره‌یان زۆر نیه. ده‌چنه ناو پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدانه‌وه. له‌ناو چینی پۆلیس و مامۆستایان‌دا بڵاو بونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ناو ئه‌و که‌سانه‌شدا په‌ره‌یان سه‌ندوه که سه‌باره‌ت به ئایین گه‌رم و گوڕن."
"ئه‌گه‌ر په‌که‌که سه‌رکوت بکرێ کاریگه‌ری ئێران له باشوری رۆژهه‌ڵات په‌ره ده‌ستێنێ"
ئه‌م قسانه‌ی قه‌ڕه‌یڵان سه‌رنج راکێش بون:
"مه‌حاڵه په‌که‌که سه‌رکوت بکرێ. به‌ڵام با وای دابنێین، په‌که‌که سه‌رکوت کراو له‌ناو چو. ده‌زانن له‌ناوچه‌که‌دا چی رو ده‌دا، باشوری رۆژهه‌ڵات ده‌بێته ناوه‌ندێک بۆ پاشڤه‌ڕۆیه‌تی... له‌مڕوه‌وه ئێران هه‌وڵدانی هه‌یه. ده‌یه‌وێ بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤێک په‌ره پێ‌بدا. له‌ڕاستیدا (ژیته‌م)، حزبوڵای دروست نه‌کرد، به‌ڵکه ئه‌مه کاری ئێران بو."
له‌درێژه‌ی قسه‌کانیدا قه‌ڕه‌یڵان گوتی:
"ئێران دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدام بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی حزبوڵا نه‌که‌ین..."
روداوێکی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه.
له‌ناوچه‌که‌دا گه‌مه له‌ناو گه‌مه‌دا ده‌کرێت.
بۆ نمونه ده‌گوترێ:
"کورده‌کان له‌ناوچه‌که‌دا هێزێکی عیلمانین... له‌م روانگه‌یه‌وه له‌یه‌کێتیه‌وه بگره تا پارتی و له‌وێشه‌وه بۆ په‌که‌که، ئه‌ڵته‌رناتیڤیان له‌ناوچه‌که‌دا لایه‌نه ئیسلامیه‌کانن. ئه‌گه‌ر سه‌رنج نه‌درێته ئه‌م خاڵه، چۆن ده‌کرێ سبه‌ی له‌باشوری رۆژهه‌ڵاتی تورکیا تاقمێکی شیعه‌ی رادیکاڵ له‌ژێر چاودێری ئێران‌دا په‌ره نه‌ستێنن؟"
"له گه‌ڵ جه‌میل بایک هیچ جیاوازیه‌کمان نییه"
وه‌ک ناوبڕێک له قه‌ڕه‌یڵانم پرسی:
"درز که‌وتۆته ناو لوتکه‌ی په‌که‌که‌وه. گۆیا تۆ و جه‌میل بایکی ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی پێک نه‌هاتون. ئێوه لایه‌نگری چه‌کدانانن له کێشه‌ی کورد دا و له پێناو ئه‌مه‌دا ده‌ڵێن په‌که‌که چه‌ک دابنێ.. له‌به‌رامبه‌ردا جه‌میل بایک پارێزگاری له هێڵی (شاهین) کردوه و گوتویه‌تی هیچ له کۆماری تورکیا چاوه‌ڕێ ناکرێت..."
هه‌ر سی ئه‌ندامی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که موراد قه‌ڕه‌یڵان، بۆزان ته‌کین و سۆزدار ئا‌ڤێستا له یه‌ک کاتدا چاویان بڕیه چاوی یه‌کتری و پێکه‌نین.
منیش بۆ به‌رده‌وامی قسه‌کانم گوتم:
"ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆک کۆماری عێراق له ئه‌سته‌نبوڵ بو. له گه‌ڵ چه‌ند براده‌رێکی تورکی رۆژنامه‌نوسی خۆی له سه‌ر خواردن ئه‌م مژاره‌ی کردبۆوه...."
قه‌ڕه‌یڵان یه‌کسه‌ر پرسی:
"ئایا خودی تاڵه‌بانی بڕوا به‌مه ده‌کا؟"
گوتم نازانم.
قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره هاته ئاخاوتن:
"له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ جومعه هیچ جیاوازیه‌کمان نییه له بۆچوندا. ئێمه به‌و نازناوه بانگی جه‌میل بایک ده‌که‌ین. سی ساڵی ره‌به‌قه له گه‌ڵ هه‌ڤال جومعه به یه‌که‌وه‌ین، سی ساڵه له ناو تێکۆشانێکی هاوبه‌شداین. هیچ جیاوازییه‌کمان نییه."
به‌رپرسیاری روداوی بۆستانجی له‌قه‌ندیل په‌روه‌رده‌ی بینیوه
ده‌رباره‌ی روداوه‌که‌ی (بۆستانجی) پرسیارم له قه‌ڕه‌یڵان کرد. ئه‌و روداوه‌ی تیایدا ئۆرهان یڵماز کایا لیده‌ری رێکخراوی باره‌گای شۆڕشگێڕی له ئه‌نجامی هه‌ڵکوتانی پۆلسی بۆ سه‌ر شوێنه‌که‌یان مرد و پرسیم په‌یوه‌ندی نێوان په‌كه‌كه له گه‌ڵ ئه‌و رێکخراوه چۆنه؟
به‌کورتی ئه‌مه وه‌ڵامی قه‌ڕه‌یڵان بو:
"من له‌قۆناغی ناوه‌ندی له‌ژێر کاریگه‌ری ده‌نیز گه‌زمیش، سه‌رۆک (مه‌به‌ستی ئۆجه‌لانه، ح.ج) و ماهیر چایان رێگای چه‌پم هه‌ڵبژارد. بۆیه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه سۆزمان هه‌بو بۆ ئه‌و رێکخراوه چه‌پانه‌ی له پێناو ئیده‌ئاله‌کانیان ئاماده‌ن گیانیان به‌خت بکه‌ن. ئه‌وانیش رو له ئێمه ده‌که‌ن. نزیکه‌ی شه‌ش مانگ لێره مانه‌وه. گوتیان له‌لایه‌ن شێخ به‌دره‌دینه‌كان، ده‌نیزه‌کان و ماهیره‌کانه‌وه هاتون. په‌روه‌رده‌یه‌کی سه‌ربازیمان پێدان و رۆیشتن. به‌ڵام شێوازه‌کانیان به شێوه‌یه‌کی دروست تاقی نه‌کرده‌وه. به‌تایبه‌ت له شوێنێکی وا که‌ڵه‌که کردنی ئه‌م هه‌مو چه‌ک و چۆڵه، کارێکی هه‌ڵه‌یه."
سه‌یره.
له ئه‌سته‌نبوڵه‌وه ده‌چنه چیای قه‌ندیل، چونکه خۆیان به چه‌پ ده‌زانن. له‌ناو ریزه‌کانی په‌که‌که په‌روه‌رده‌ی سه‌ربازی ده‌بینن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی "میللیه‌ت"