یادداشته‌کانم له باکوری عێراق (به‌شی پێنجه‌م)
قه‌ڕه‌یڵان؛ ئیتر په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکییه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
موراد قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره باس له گۆڕانکارییه‌کانی ناو په‌که‌که ده‌کات "په‌که‌که به نیسبه‌ت رابردو رێبازێکی ژیرانه‌تری گرتۆته به‌ر. بۆ نمونه سه‌ره‌تا داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مه هی رابردو بو. یانی چیتر "جیاخواز" نییه. ده‌مانه‌وێ کورده‌کان له چوارچێوه‌ی سنوره‌کانی کۆماری تورکیادا به یه‌کسانی و ئازادی بژین. ده‌مه‌وێ رونی بکه‌مه‌وه که ئه‌مه تاکتیک نییه. قۆناغی دورکه‌وتنه‌وه له جیاخوازی و سه‌ربه‌خۆیی ساڵی 1993 و 1999 له ئیمڕالی ده‌ستی پێ‌کرد. پاڕادیگما گۆڕاوه."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردو له ماڵێکی دو هۆده‌یی و میچ نزمی گوندێکی بناری قه‌ندیل له وتوێژه چوار کاتژمێرییه‌که‌مدا له گه‌ڵ موراد قه‌ڕه‌یڵان که‌سی یه‌که‌می ناو په‌که‌که، په‌یتا په‌یتا هه‌وڵم ده‌دا بابه‌تێک بخه‌مه رۆژه‌ڤه‌وه؛
وازهێنانی په‌که‌که له چه‌ک....
داکشانی په‌که‌که له چیاکان...
قه‌ڕه‌یڵان جارێکیان گوتی:
"بڕوانن، ئێمه شێت نه‌بوین له‌و شاخانه بده‌ین، یان وه‌ک هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن بۆ سه‌یرانیش رومان نه‌کردۆته چیاکان."
که باس دێته سه‌ر دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان، بزه‌یه‌کی گاڵته‌ئامێز له سه‌ر لێوه‌کانی قه‌ڕه‌یڵان ده‌نیشێ، وه‌ك بڵێی هه‌روا ئاسانیش نییه و بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه ئه‌م قۆناغه پێویسته ئیشی تر ئه‌نجام بدرێن.
کاتێک ته‌نگاویش ده‌بو ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ی نیشان ده‌دا:
"که ده‌ڵێن با په‌که‌که واز له چه‌ک بێنێ، قسه‌یه‌کی پوچه. له‌وه ده‌چێ فیشه‌کێک بنێن به بۆشاییه‌وه. ئه‌وه چه‌کیشمان دانا، له کوێ‌یان دابنێین؟ چۆن و لای کێ؟ زه‌مینه‌کانی چه‌کدانان چین؟ هه‌روا بڵێی چه‌ک دانێن، هیچ مانایه‌کی نییه. سه‌ره‌تا با دابنیشین، دیالۆگ بکه‌ین."
"رێبازێکی ژیرانه‌ترمان گرتۆته به‌ر"
موارد قه‌ڕه‌یڵان پێی وایه به ناوزه‌دکردنی په‌که‌که وه‌ك "رێکخراوێکی تیرۆریستی"، مرۆڤ به هیچ شوێنێک ناگات. په‌که‌که له هه‌مانکاتدا ره‌نگدانه‌وه‌ی حه‌سره‌ت و خه‌ونه‌کانی کورده له به‌ر ئه‌مه‌شه پشتگیری لێ ده‌کرێ.
پاشان ده‌شڵێت:
"چیتر په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه."
له‌وه‌ڵامی پرسیارێکمدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی گۆڕانکارییه‌کان چین، ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دامه‌وه؛
"په‌که‌که به گوێره‌ی رابردو رێبازێکی ژیرانه‌تری گرتۆته به‌ر. بۆ نمونه سه‌ره‌تا داوای ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردی ده‌کرد. ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاند. یانی چیتر جیاخواز نییه. ده‌مانه‌وێ له چوارچێوه‌ی سنوره‌کانی تورکیادا، کورد به یه‌کسانی و ئازادی بژین. ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش رون بکه‌مه‌وه که ئه‌مه تاکتیک نییه، قۆناغی دورکه‌وتنه‌وه له جیاخوازی و سه‌ربه‌خۆیی ساڵی 1993 و 1999 له ئیمڕالی (ئه‌و ساڵه‌ی ئۆجه‌لان ده‌ستگیر کرا و به زیندانی هه‌تا هه‌تایی حوكم درا. ح. ج) ده‌ستی پێ‌کرد. پارادیگما گۆڕا."
"چۆن گۆڕاوه؟"
"ئێمه ئیتر باسی "کوردستانێکی ئۆتۆنۆم و دیموکرات" ده‌که‌ین. مه‌به‌ستمان له‌م ئۆتۆنۆمییه، فیدڕاسیۆن نییه. ئامانجمان ئه‌وه نییه جارێکی تر سنوره‌کان بگۆڕدرێن. هه‌روه‌ها چاره‌سه‌رییه‌ک نییه زیان به پێکهاته‌ی یه‌کگرتویی ده‌وڵه‌ت بگه‌یه‌نێ. به‌ڵکه یاسای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی ده‌گۆڕێت و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی به هێز ده‌کا."
"ئێمه‌ش کاری خراپمان کردوه"
پاش ئه‌م قسانه موراد قه‌ڕه‌یڵان، جارێکی تر پێداگری له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کرد که دوێنێش بڵاومان کرده‌وه "سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن!"
"ئه‌ی پاشان؟"
"پاشان نۆره‌ی مافه که‌لتورییه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به ناسنامه‌ی کورد و (پڕۆژه‌ی سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی) دێت که هه‌ندێک که‌س وه‌ک لێبوردن باسی لێوه ده‌که‌ن. ئه‌مه مژارێکی دو لایه‌نه‌یه. لایه‌نێک وه‌ک ده‌سپێکه‌ری شۆڕ‌شی چه‌کداری... لایه‌نێکیش که سیاسه‌تی نکۆڵی لێکردنی په‌یڕه‌و کردوه.... ئه‌مانه وێرانکارییان به‌دواوه بوه... دژی ئێمه کورد ده‌وروبه‌ری 17 هه‌زار تاوانی بکه‌ری نادیار ئه‌نجامدراوه.. دیاره ئێمه‌ش هه‌ندێک که‌موکوڕیمان له کرده‌وه‌دا هه‌بوه. له‌به‌ر ئه‌مه ناوی ده‌نێین پڕۆژه‌ی سازانی کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مه شتێکی دولایه‌نه‌یه. بنه‌مای ئه‌م پڕۆژه‌یه لێبوردنی دو لایه‌نه‌یه. پێکهاتنه له سه‌ر ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی که ره‌نگدانه‌وه‌ی پێکه‌وه ژیانی دڵخوازانه‌یه."
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت؛
"هه‌مو داخوازیمان ئه‌وه‌یه، کورده‌کان ئازادانه فه‌رهه‌نگی خۆیان بژین."
"ده‌شێ کۆنفرانسی کورد بناغه‌کانی چاره‌سه‌ری دابمه‌زرێنێ."
سه‌رنج راکێش بو.
که له‌و ماڵه بن میچ نزمه‌ی گوندێکی بناری قه‌ندیل وتوێژم له گه‌ڵ موراد قه‌ڕه‌یڵان ساز ده‌کرد، دو ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌که‌که، بۆزان ته‌كین و سۆزدار ئا‌ڤێستا هیچ نه‌ده‌په‌یڤین.
جارێکی تر مژاری هاتنه خواری په‌که‌که له چیاکان و چه‌کدانان دێنمه گۆڕێ. ئه‌مجاره‌یان په‌یوه‌ندیدار به کۆنفرانسی کورد به‌کورتی ده‌پرسم؛
"به به‌شداری کورده‌کانی سه‌رجه‌م وڵاتان له هه‌ولێر، کۆنفرانسێکی پان ـ کورد ساز ده‌کرێ و تیایدا بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی په‌که‌که ده‌کرێ چه‌ک دابنێ؛ له سه‌ره‌تاوه سیناریۆکه ئه‌وه‌مان نیشان ده‌دا که په‌که‌که ده‌چێته قۆناغی چه‌کدانانه‌وه. چاوه‌ڕوانیه‌کی له‌مجۆره خوڵقا. به‌ڵام پاشان کۆنفرانسه‌که بۆ وه‌رزی پاییز دوا خرا. ئایا ئێوه وه‌ک په‌که‌که هۆکارێک بون بۆ ئه‌م دوا که‌وتنه؟"
موراد قه‌ڕه‌یڵان هاوڕایه که کۆنفرانسی کورد فه‌زایه‌کی وای خوڵقاندوه. لێره‌دا به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌که‌وه باس له رۆڵی سه‌رۆک کۆماری کوردی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌کا به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ئاماژه به گرنگی کۆنفرانسی کورد ده‌کا و به‌رده‌وام ده‌بێ:
"له‌سه‌ره‌تا دا بیرۆکه‌ی به‌ستنی کۆنفرانس بیرۆکه‌ی ئێمه بو. به‌ڵام ئه‌م پێشهاته‌ی دوایی په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نییه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵسوکه‌وته‌کان دروست بن، ده‌کرێ کۆنفرانس رێگه خۆشکه‌ر بێ بۆ چاره‌سه‌ری. نابێ له بیریشمان بچێ هیچ واتایه‌کی نابێ ئه‌گه‌ر کۆنفرانس داوای چه‌کدانان له په‌که‌که بکات."
"ئۆزال سه‌ری به پرسی کورده‌وه دێشاند"
که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که موراد قه‌ڕه‌یڵان ئه‌م پرسیاره‌ی لا دروست بوه:
"ئایا هه‌میسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان؟"
به تایبه‌ت ساڵی 1994...
بۆ ئه‌و قۆناغه‌ی کت‌وپڕ له باشوری رۆژهه‌ڵات ته‌قیه‌وه... قه‌ڕه‌یڵان ده‌پرسێ؛
"ئایا حکومه‌ت وه‌ک سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان دیسان شته‌کان ده‌خاته‌وه ئه‌ستۆی سوپا؟"
قه‌ره‌یڵان باس له لایه‌نه‌کانی ئه‌م پرسیاره ده‌کاو به کورتی ده‌ڵێ؛
"ساڵی 1993 ئۆزال مرد و ده‌رفه‌تی ئاشتی له‌ناو چو. ئۆزال سه‌رۆکێک بو کێشه‌ی کوردی ده‌بینی و له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنیدا هه‌وڵی جدی ده‌دا. ساڵی 1993 ئۆزال مردو ساڵی 1994 به‌ڕاستی ساڵێکی سه‌یر بو. (موراد قه‌ڕه‌یڵانیش وه‌ک عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان پێی وایه تورگۆت ئۆزال تا دوا راده رۆڵێکی ئه‌رێنی هه‌بوه له چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد دا. ح.ج) ئایا دیسان وه‌ک ساڵی 1994 هێرشه‌کان ده‌ست پێده‌که‌نه‌وه؟ هه‌ست به کۆمه‌ڵێک شت ده‌که‌ین، به‌ڵام لێیان دڵنیا نین. گه‌لۆ حکومه‌تی ئه‌ردۆگان کێشه‌کان حه‌واڵه‌ی سوپا ده‌کا و جارێکی تر خوێن ده‌ڕژێ؟ ئێوه چۆن ده‌فکرن؟"
"سوپاش چاوه‌ڕوان ما..."
موراد قه‌ڕه‌یڵان هه‌وڵده‌دا قۆناغی پاش 29ی مارس شیبکاته‌وه.
باسی ئه‌وه ده‌کا که له سه‌ره‌تاوه سیناریۆیه‌کی وا نوسرابو که ده‌ته‌په له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ده‌نگی که‌م به‌ده‌ست دێنێ، ته‌یپ ئه‌ردۆگان زۆر متمانه‌ی به خۆی هه‌بو، به‌ڵام دواجار خه‌یاڵه‌کانی تێکشکان، چونکه ده‌ته‌په هه‌م له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا و هه‌م له ژماره‌ی شاره‌وانیه‌کاندا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کا که له‌م سیناریۆیه‌دا سوپا رۆڵی سه‌ره‌کیی هه‌بوه و به‌رده‌وام ده‌بێ؛
"به‌ر له 29ی مارس سیناریۆیه‌کی پاکتاوکردن نوسرا. سیناریۆی دابه‌زینی ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی ده‌ته‌په.... به‌ڵام راستی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بو. زستانێکی هه‌ره ئاراممان له‌ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵی رابردودا تێپه‌ڕاند. سوپا تا 29ی مارس چاوه‌ڕێ مایه‌وه. سوپاش توانی چاوه‌ڕێ بمێنێته‌وه... (به ته‌وسه‌وه ئه‌م رسته‌یه‌ی هێنایه زمان. ح.ج) بۆچی له قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سوپا هه‌ڵمه‌تی نه‌هێنا؟ به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئێمه هیوادار بوین... هه‌ندێک هێمای چاره‌سه‌ری ده‌رکه‌وتن... پێمان وابو قۆناغێکی نوێ ده‌ست پێده‌کا که سوپاش ده‌گرێته خۆ. به داخه‌وه وا نه‌بو. هه‌ر رۆژێک پاش هه‌ڵبژاردنه‌کان، واته 30ی مارس، هه‌رچه‌ند به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاویش نه‌بێ، سوپا هێرشی ده‌ست پێ‌کرد.... رۆژی 14 نیسانیش دژی ده‌ته‌په ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامدا. ئه‌گینا ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئێمه‌ی به ئاشتی و دیموکراسی ئومێده‌وار کرد."
ئه‌ردۆگانی 2005 له کوێیه؟
له‌و وتوێژه چوار کاتژمێریه‌ماندا، قه‌ره‌یڵان بۆ چه‌نده‌مین جار روی قسه‌کانی کرده ئه‌ردۆگان.
لێدوانه‌کانی ئه‌ردۆگانی له مانگی ئاگۆستی 2005 له دیاربه‌کر هێنایه‌وه بیر. له‌و قسانه‌یدا ئه‌ردۆگان گوتبوی "کێشه‌ی کورد کێشه‌ی ئێمه‌یه؛ له‌م روه‌وه ده‌وڵه‌ت که‌موکوڕی هه‌بوه و سه‌رڕاستیان ده‌کاته‌وه." پیاوی ژماره یه‌کی په‌که‌که، باسی ئه‌وه‌ی کرد که ئه‌مڕۆکه هیچ شوێنه‌وارێک له‌و قسانه نه‌ماوه‌ته‌وه و بۆ چه‌نده‌مین جار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه کرده‌وه؛
بۆشایی ئیراده‌ی سیاسی...
دوایی قه‌ڕه‌یڵان گوتی:
"ناتوانم به‌چاوێکی ئه‌رێنیه‌وه بڕوانم. چونکه سه‌ره‌تا ده‌رهه‌ق به کێشه‌ی کورد ئیراده‌یه‌کی سیاسی له ئارا دا نییه. نه‌بونی ئیراده کێشه‌یه‌کی زۆر جدییه. ئه‌مڕۆکه ته‌نانه‌ت ژه‌نه‌ڕاڵه‌کانیش شتی جیاواز ده‌ڵێن. به‌ڵام ئیراده‌ی سیاسی له کوێیه؟ ئه‌و سه‌رۆکه‌ی ساڵی 2005 ئه‌و قسانه‌ی ده‌کرد، چی به‌سه‌ر هات؟ چی لێهات ئه‌و کاته‌ی له ساڵی 1994دا شاره‌وانی گه‌وره‌ی ئه‌سته‌نبوڵ بو و هه‌رچه‌ند ئه‌رکی ئه‌ویش نه‌بو به‌ڵام راپۆرتێکی له پێناو چاره‌سه‌ری پرسی کورد بۆ پارته‌که‌ی به‌رز کرده‌وه؟
"ئیدی شه‌ڕی چه‌کداری وه‌ک پاراستنی ره‌وا به‌کار دێت"
قه‌ڕه‌یڵان ده‌ڵێ په‌که‌که، په‌که‌که‌ی کۆن نییه و سه‌رنج بۆ سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی ناو په‌که‌که راده‌كێشێ. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ به میدیاکانمان گوت وه‌رن له ئێمه‌وه له په‌که‌که تێبگه‌ن. رونیشی ده‌کاته‌وه که شێوازه‌کانی خه‌بات گۆڕانکارییان به‌سه‌ر دا هاتوه.
له‌مباره‌وه به کورتی گوتی:
"ئێمه په‌که‌که‌ی ده ساڵ له‌مه‌وپێش نین. ئیدی به‌شێوازی کلاسیک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌گه‌ڵ خه‌باتی چه‌کداری ناکه‌ین. هێڵی پاراستنی ره‌وامان گرتۆته به‌ر. قورسایی ده‌ده‌ینه چالاکی جه‌ماوه‌ری، نافه‌رمانی مه‌ده‌نی و تێکۆشانی سیاسی. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا چی له 6 هه‌تا 7 هه‌زار مرۆڤی چه‌کدار ده‌که‌ن؟ له‌ڕوی قازانج کردنیان و گه‌ره‌نتی پاراستنی ره‌واوه.... ئێمه نامانه‌وێ که‌س بکوژرێ. ئه‌و چوار ساڵه له شه‌ڕێکی سنوردار داین. وه‌ک ساڵانی 1993 و 1994 نییه. له ناوچه سه‌خته‌کان، ئه‌گه‌ر هێرشیان بکرێته سه‌ر، خۆیان ده‌پارێزن."
"کۆنتڕۆڵمان به‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌که‌ی قوتابخانه‌شدا نه‌بو"
له‌کۆتاییدا قه‌ڕه‌یڵان ده‌ڵێ؛
"دوای قۆناغی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 29ی مارس ئه‌گه‌ر جارێکی تر شه‌ڕمان به‌سه‌ر دا بسه‌پێ ــ گه‌رچی ته‌نانه‌ت نامانه‌وێ بیریشی لێ بکه‌ینه‌وه ــ روداوه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵانی نه‌وه‌د به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دژوارتر ده‌ژینه‌وه، له‌لایه‌ن هه‌ردو لامانه‌وه. نامانه‌وێ وه‌ها شتێک رو بدا. به‌ڵام ئاماده‌كاریشمان هه‌یه. ده‌رئه‌نجامی نه‌ویستراو له‌وانه‌یه بێته ئاراوه. ئێمه شتێک له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵ ئه‌نجام ناده‌ین." له‌سه‌ر باسی زیان نه‌گه‌یاندن و نه‌کوشتنی که‌سانی بێ‌تاوان و ئه‌نجامنه‌دانی چالاکی جگه له پاراستنی ره‌وا، قه‌ڕه‌یلان ئاماژه به ته‌قینه‌وه سامناکه‌که‌ی به‌رده‌م قوتابخانه‌یه‌کی مناڵان ده‌کات له دیاربه‌کرو ده‌ڵێ "زۆر کارێکی هه‌ڵه بو. ئێمه‌ش په‌سندمان نه‌کرد. له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆنتڕۆڵی ئێمه رویدا."
پیاوی ژماره یه‌کی په‌که‌که له‌سه‌ر ئه‌مریکای ئۆباما‌و په‌یوه‌ندییان له گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان چۆن بیر ده‌کاته‌وه؟ سه‌رنجی ده‌رباره‌ی فه‌تحوڵڵاچیه‌کان چۆنه؟ ئایا په‌که‌که به بێ مه‌رج چه‌ک داده‌نێ؟ سه‌باره‌ت به ئێران و حزبوڵا چی ده‌ڵێ؟ دوایین بانگه‌وازی بۆ حکومه‌ت چییه؟
هه‌مو ئه‌وانه له به‌شی شه‌شه‌می یادداشته‌کانم له باکوری عێراقدا...
