یادداشته‌کانم له باکوری عێراق (به‌شی چواره‌م)
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له تورکییه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
قه‌ڕه‌یڵان؛ هیوامان به ئاشتی هه‌یه
موراد قه‌ڕه‌یڵان که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که ده‌ڵێ "سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن. که‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی تر. با وه‌ک ده‌سپێک له ناو خۆماندا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه ده‌ست پێبکه‌ین... له ڕێگه‌ی چه‌که‌وه نا به‌ڵکه له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه ئه‌م ئیشانه راپه‌ڕێنین" قه‌ڕه‌یڵان بۆ پرۆسه‌ی دیالۆگ به گوێره‌ی پێویست، پێشنیاری میکانیزمێک ده‌کات پێکهاتو له که‌سایه‌تیه ژیره‌کان، و ده‌ڵێ "له به‌رده‌م قۆناغێکی گرنگ داین! ساڵی 1993 ده‌رفه‌تێک بۆ ئاشتی ره‌خسا، له کیس چو. با ئه‌مجاره‌ش وای لێنه‌یه‌ت. ئیتر نامانه‌وێ خوێن بڕژێ."
چیای قه‌ندیل، باکوری عێراق
په‌که‌که ساڵانێکی دورو درێژه له چیاکانی قه‌ندیل به‌ڕێوه ده‌برێ. وه‌ک ده‌ڵێن "سه‌رۆکایه‌تی له ئیمڕالییه"، به‌ڵام ئێستا که‌سی یه‌که‌می په‌که‌که، موراد قه‌ڕه‌یڵان له چیاکانی قه‌ندیل ده‌ژی.
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردو له گوندێکی داوێنی قه‌ندیل له ناو ماڵێکدا که دو ژورو بن میچێکی نه‌وی هه‌بو، بۆ ماوه‌ی چوار کاتژمێر موراد قه‌ڕه‌یڵانم دواند.
ئه‌و شوێنه بنکه‌ی په‌که‌که نیه، به‌ڵام به گوێره‌ی ئیفاده‌ی ئه‌وان سه‌ر به "هه‌رێمی په‌که‌که"یه. هه‌روه‌ک به‌ره‌و شوێنه‌که‌شمان ده‌ڕۆیشتین که به چیا و دیمه‌نی سه‌رنج راکێش ده‌ور درابو، ئه‌و کوڕ‌و کچانه‌مان بینی چه‌کیان له شاندا بو و ئاشکرا بو که په‌که‌که‌یین.
موراد قه‌ڕه‌یڵان یه‌كێک له پێنج که‌سه‌کانی کۆنسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی وێڕای دو جێگری سه‌رۆک هات که یه‌کیان "بۆزان ته‌کین"ی خه‌ڵکی "بۆزۆڤا"ی سه‌ر به ئورفایه.
ساڵی 1980 قۆڵبه‌ست کراوه و پاش بیست ساڵ مانه‌وه له گرتوخانه، ساڵی 2000 روی کردۆته چیا.
جێگر سه‌رۆکه‌که‌ی تر، "سۆزدار ئا‌ڤێستا"یه که ناوی راسته‌قینه‌ی "نوریه که‌سبیر"ه. ناوبراو کاتێک له هۆڵه‌ندا ژیاوه، دادگایی کراوه و له‌و سه‌روبه‌نده‌ی راده‌ستکردنه‌وه‌ی بۆ تورکیا له رۆژه‌ڤدا بوه، رایکرد‌وه و هاتۆته چیا.
سێهه‌مین که‌س که له گه‌ڵ موراد قه‌ره‌یڵان هاتبو ناوی ئه‌حمه‌د ده‌نیز و به‌رپرسی میدیا و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كانی په‌که‌که بو.
رێپێوانێکی شه‌ش کاتژمێری
رێگاکه‌مان به‌ره‌و قه‌ندیل کاتژمێر شه‌شی به‌یانی له هه‌ولێره‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. سێ ئۆتۆمبیلمان گۆڕی. کاتژمێر 12 گه‌یشتینه گوندێکی داوێنی قه‌ندیل.
سه‌ره‌تا به تاکسی خۆمان که ئازاد لێی ده‌خوڕی، هه‌تا رانیه‌ی نزیک سنوری ئێران رۆیشتین. له ته‌نیشتم نامیق دورکان هه‌بو. له‌ڕانیه ئۆتۆمبیله‌كه‌مان گۆڕی و له چیامان دا.
جۆش و خرۆش ده‌ستی پێ‌کرد. ده‌چوینه شوێنی سه‌ره‌کی روداوه‌کان...
له هه‌مانکاتدا رێپێوانێکی هه‌ناسه بڕ به ناو جوانیه‌کانی سروشت، ئه‌و گوڵه شلێره‌کان له بن داره‌کان سه‌ریان هه‌ڵدابو، به‌ناو گوڵ مێلاقه‌ی ئاڵ ئاڵ، دار گوێز و دار هه‌ناره‌کان و هه‌روه‌ها که‌ندو داڵی بی بن دا.
جێپی قاچاقچی که ده‌ستکردی ژاپۆن بو به سه‌ر ڕێگه‌ی خاکی به‌ردیندا که ئه‌و لای تری هه‌ڵدێر بو به‌ره‌و چیا هه‌ڵده‌زنا و کاتێک که له چیاکه ده‌هاتینه خوار رۆحم هاتبوه سه‌ر زارم.
هه‌ر وه‌ک ساڵی 1994 که دیسان له قه‌ندیل رۆژێکی ناخۆشی پاییز به‌ره‌و زه‌لێ له سه‌ر سنوری ئێران رۆیشتم که که‌مپی په‌که‌که‌ی لێبو. هه‌روه‌ها مانگی نیسانی ساڵی 1993 له د‌ه‌ربه‌ندی به‌قاعی لوبنان له شارۆچکه‌ی بار ئیلیاس که له ژێر کۆنترۆڵی سوریا داب‌و و من 24 کاتژمێرێک له‌وێ چاوم به عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان که‌وت.
وێنه کێشان قه‌ده‌غه‌یه!
به‌ناو ئه‌و ئاوه دا که له زناره‌کانه‌وه به خوڕ ده‌هاته خواڕ، به ئۆتۆمبێله‌که‌مان تێپه‌ڕین.
چه‌کداره‌کانی په‌که‌که رامانده‌گرن.
دوابه‌دوای گۆڕینی ئۆتۆمبێله‌که‌مان هه‌میسان ده‌که‌وینه رێ. ئینجا له ناو ماڵێکی گونددا پشو ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی پێداویستیه‌کانمان جێبه‌جێ بکه‌ین. مۆبایله‌کانمان ده‌کوژێنینه‌وه و له‌و شوێنه به جێیان دێلین، دوایی درێژه به رێگاکه‌مان ده‌ده‌ین.
شه‌ش کاتژمێر ده‌خایه‌نێ.
رۆژی شه‌ممه کاتژمێر 12 موراد قه‌ڕه‌یڵان له ناو ماڵێکی گونددا پێشوازیمان لێده‌کا.
قه‌ره‌یڵان گوتی "پێموابێ ئه‌مه یه‌که‌مین جاره دێن بۆ ناو په‌که‌که." ئه‌گه‌ر زه‌لێ و چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ ئۆجه‌لان له به‌قاع حساب نه‌که‌م، وایه.
به موراد قه‌ره‌یڵانم گوت؛
"به ناسنامه‌ی رۆژنامه‌نوسیمه‌وه لێره‌م. له هیچ شوێنێکی تورکیاوه نه‌نێردراوم و هه‌ڵگری هیچ په‌یامێکیش نیم. با فکرێکی وات به مێشک نه‌گا. وه‌ک رۆژنامه‌نوسێک هاتوم بۆ ئه‌وه‌ی بزانم به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌که‌که چۆن بیر ده‌کاته‌وه."
ئه‌مه‌شم گوت:
"تکایه با ئه‌م چاوپێکه‌وتنه نه‌خرێته کامێراوه. ئێمه‌ی رۆژنامه‌نوس له بری ئه‌وه‌ی ببینه مژاری ده‌نگوباسی خه‌ڵک، هه‌واڵ ساز ده‌که‌ین."
قه‌ڕه‌یڵان؛
"ته‌نها بۆ ئه‌ڕشیڤ پێنج - شه‌ش ده‌قه‌ی به کامێرا وێنه ده‌گرین."
ئه‌وان ته‌سجیلی خۆیان و نامیق ته‌سجیله‌که‌ی ئێمه‌ی له سه‌ر مێزه‌که‌ی به‌رده‌ممان دانا و ده‌ستمان به وتوێژه‌که‌مان کرد.
یه‌که‌م قسه‌ی موراد قه‌ره‌یڵان ئه‌مه بو؛
"ئامانجمان پڕوپاگه‌نده نییه.. هیوامان به ئاشتی هه‌یه. له به‌ر ئه‌مه بڕیارمان دا وتوێژ له گه‌ڵ تۆ دا بکه‌ین..."
په‌یامی ئه‌رێنی
قه‌ڕه‌یڵان په‌یامگه‌لی ئه‌رێنی دا. به‌گشتی نه‌رێنی نه‌دوا.
گوتی "سه‌ره‌تا پێویسته چه‌که‌کان رابگیرێن. هیچکه‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی تر." له‌پێناو دیالۆگدا، میکانیزمێکی شه‌فافی پێشنیار کرد و به‌مجۆره به‌رده‌وام بو؛
"له‌به‌رده‌م قۆناغێکی گرنگ داین." ئاماژه‌ی به‌وه کرد به راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی ساڵی 1993، ده‌رفه‌تێکی گه‌وره له کیس چو. به‌ڕای قه‌ره‌یڵان، به هۆی ئه‌وه‌ی بۆشاییه‌ک له ئیراده‌ی سیاسی له ئارا داب‌و و حکومه‌ت کێشه‌که‌ی حه‌واڵه‌ی سوپا کردبو، ئه‌و هه‌له نه‌قۆزرایه‌وه. پاشان گوتی؛
"با ئه‌مجاره ده‌رفه‌تی ئاشتی له کیس نه‌ده‌ین."
به‌رده‌وام بو؛
"چیتر نامانه‌وێ خوێن بڕژێ. چونکه چه‌نده‌ش ساڵ تێپه‌ڕ بن، دیسان دێینه‌وه سه‌ر هه‌مان خاڵ. به‌مجۆره له تورکیا خوێن ده‌ڕژێ. به شێوازی سه‌ربازی په‌که‌که له ناو ناچێ، 25 ساڵ ئه‌مه تاقیکرایه‌وه به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بو."
قه‌ڕه‌یڵان هیچ باسی ئه‌وه‌ی نه‌کرد که ئاخۆ ئه‌و ئاگربه‌سته‌ی له یه‌کی حوزه‌یراندا راگه‌یه‌نراوه، دیسان به شێوه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه درێژ ده‌كرێته‌وه یان نا و گوتی؛
"سه‌ره‌تا ده‌بێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن."
"واته چه‌که‌کان دانانرێن؟"
قه‌ڕه‌یڵان: چه‌کدانان قۆناغی پاش ئه‌مه‌یه... سه‌ره‌تا پێویسته چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن. هیچکه‌س هێرش نه‌کاته سه‌ر که‌سێکی تر. سه‌ره‌تا له ناو خۆماندا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌مه بکه‌ین... له رێگه‌ی چه‌که‌وه نا به‌ڵکه له رێگه‌ی دیالۆگه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، با له گه‌ڵ یه‌کتری له دیالۆگ دابین."
قسه‌کانی پێده‌بڕم:
"چۆن ده‌كرێ؟ لایه‌نێک ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه‌که‌ی تریش په‌که‌ک بێ؟ ئایا ئه‌مه رو ده‌دا؟"
میکانیزمێک له پیاوه ژیره‌کان
ئه‌و میکانیزمه‌ی قه‌ڕه‌یڵان باسی ده‌کات، ئاوایه:
"له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا چه‌که‌کان بێده‌نگ ده‌کرێن... پاشان قۆناغی دیالۆگ دێ... شوێنی دیالۆگه‌که‌ش ئیمرالییه. ئه‌گه‌ر ئه‌مه په‌سند نه‌کرێ، ئه‌وا ئێمه شوێنی دیالۆگه‌که ده‌گرینه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش قه‌بوڵ نه‌کرێین، ئه‌وا پێویسته ئیراده‌یه‌کی سیاسی هه‌ڵبژێردراو بێته ئاراوه. (لێره‌دا باسی ده‌ته‌په ناکات، به‌ڵام کاتێک من ناوی ده‌هێنم به ئاماژه‌ی سه‌ر پشتگیری ده‌کا.).. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بو، ئه‌و کات له شوێنێک ده‌بێ کۆمیسیۆنێکی هاوبه‌ش بێته دامه‌زراندن که کۆمه‌ڵێک مرۆڤی ژیر له‌ده‌وری یه‌ک کۆ بکاته‌وه. میناک "ئیلته‌ر تورکمه‌ن"، باڵوێزو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشوو یاخود که‌سانی وه‌ک ئێوه کۆ ببنه‌وه، میکانیزمێکی هاوشێوه بکه‌وێته گه‌ڕ و ده‌ست به کاره‌کانی بکا.... له پێناو دیالۆگدا ده‌بێ ده‌وڵه‌ت ئه‌و میکانیزمه وه‌ک به‌رده‌نگ قه‌بوڵ بکا...."
ئینجا موراد قه‌ڕه‌یڵان به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێ؛
"بۆچی نه‌بێ؟ بۆ میکانیزمێکی ئاوا دانه‌مه‌زرێت؟"
کاتێک پرسیاری کۆسپه‌کانی به‌رده‌م دا‌مه‌زراندنی ئه‌و کۆمیسیۆنه ده‌که‌م، قه‌ڕه‌یڵانیش ده‌پرسێ:
"ئایا ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌دی ناکرێ؟... ئایا بۆشایی سیاسی هه‌یه؟... سه‌رۆک وه‌زیرانی ساڵی 2005 له کوێیه؟"
"ئێمه‌ش به‌داخه‌وه‌ین بۆ شه‌هیدبونی ئه‌و ده سه‌ربازه"
له‌قه‌ڕه‌یڵانم پرسی؛
ئاگربه‌ستێکی یه‌کلایه‌نه‌تان راگه‌یاند و ئاشکراتان کرد که چالاکی ئه‌نجام ناده‌ن و تا یه‌کی حوزه‌یران ئه‌م ئاگربه‌سته درێژ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌ی ئه‌و ده سه‌ربازه چین که له‌م رۆژانه‌دا له دیاربه‌کرو هه‌کاری له ئه‌نجامی هێرشه‌کانی په‌که‌که‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا؟
یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی وه‌ها بو:
"ئێمه‌ش به داخه‌وه‌ین."
دوایش قه‌ڕه‌یڵان به‌مجۆره به‌رده‌وام بو؛
"ئه‌مه پلانێک نه‌بو له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌وه دارێژرابێ. بڕیاڕێکه له ئاستی هه‌رێمی و به ده‌ستپێشخه‌ری هێزه‌کانی ئه‌وێ پێکهات. ده‌بینن که سه‌ربازه‌کان به ده‌شت وه‌ر بون و هه‌ست ده‌که‌ن که خه‌ریکی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێکن و بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بپارێزن ده‌ست ده‌که‌نه‌وه. مین ده‌ته‌قێننه‌وه. ئێمه‌ش به‌داخه‌وه‌ین."
