یادداشته‌کانم له باکوری عێراق (به‌شی سێهه‌م)
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له‌تورکیه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
"به‌بڕوای من دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان ئه‌گه‌رێکی لاوازه. په‌که‌که چه‌که‌کانی دانانێ. رێکخراوێک که سی ساڵ له چیاکان بێ... ده‌بێ زۆر شت گه‌ره‌نتی بکرێن... پێیان بڵێن غروریان خه‌وشدار ناکرێ، بڕوایان پێ بێنن به‌م شتانه بۆ ئه‌وه‌ی بێنه خوار... به پێچه‌وانه‌وه ئه‌سته‌مه... کاک حه‌سه‌ن، خۆ بۆ سه‌یران و سه‌فا رویان نه‌کردۆته چیاکان."
هه‌ولێر
به‌ره‌به‌یانی رۆژی یه‌کی مه‌ی که‌وتینه رێ. شاخ و ده‌شت و دۆڵ سه‌وز ده‌نوێنێ، به‌هار به هه‌مو شوێنێکه‌وه دیاره. به‌ره‌و سلێمانی ده‌ڕوێن.
لای راستمان ئابیده‌ی ئه‌نفاله.
کاره‌کانی به‌ره‌و دوایی ده‌ڕوات. گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌نفالیش دروست ده‌کرێ. له سه‌ر گردێکی به‌رز، که هه‌ر که‌س ده‌توانێ بیبینێ.
ساڵی 1988 به‌عسی دیکتاتۆر له‌باکوری عێراق 182 هه‌زار کوردی له هه‌ڵمه‌تێکی پاکتاوی ره‌گه‌زیدا کوشت. گۆڕی ژماره‌یه‌کی زۆریان ته‌نانه‌ت ئێستاش بێ سه‌رو شوێنه. گونده‌کان سوتێنراون و مرۆڤه‌کان به‌زۆره‌ملێ کۆچیان پێکراوه.
هه‌شت هه‌زار که‌س له عه‌شیره‌ی بارزان له‌شه‌وێکدا ده‌کوژرێن. له کاتی ئه‌و قه‌تڵوعامه سه‌رسوڕهێنه‌ره‌وه، ژنانی "بارزان"، زێدی مه‌سعود بارزانی ئێستاش ره‌شپۆشن.
باشه، بۆچی ئه‌نفال؟ ده‌ڵێن "له قورئاندا سوره‌یه‌ک هه‌یه به ناوی ئه‌نفال، گێڕانه‌وه‌ی له‌ناو بردن..."
خێراییه‌که‌مان که‌م ده‌که‌ینه‌وه.
له پێشه‌وه‌مان جموجوڵێک هه‌یه. یه‌ک دو چادری بچوک و هه‌روه‌ها شانۆێه‌ک که له‌دار و ته‌خته دروست کراوه. له سه‌روی شانۆکه، له نێوان دو ته‌خته‌دا، ره‌نگی زه‌رد، سور و سه‌وز زاڵه و پۆستێری عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیش هه‌ڵواسراوه.
دو ته‌كنیک کار خه‌ریکی چاککردنی ده‌نگه‌کانن. له‌م نێوانه‌دا مۆسیقایه‌کی سرود ئاسا، کچه بچکۆله‌کان ده‌خاته سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕین.
له ئۆتۆمبێل دێینه خوار.
ته‌نانه‌ت هه‌ستیشمان پێناکه‌ن، هه‌ڵده‌په‌ڕن. گه‌نجێکی خوێنگه‌رم دێته پێشه‌وه. به تورکیه‌کی رێکوپێک سڵاومان لێده‌کا. چوار ساڵ له‌مه‌و پێش له باشوری رۆژهه‌ڵاته‌وه هاتۆته هه‌ولێر و له زانکۆ به‌شی سۆسیۆلۆژی ده‌خوێنێ.
ده‌ڵێ؛
"زۆربه‌ی به‌شداربوان له که‌مپی مه‌خموره‌وه هاتون. له‌و دو که‌مپه به هه‌زاران کوردی تورکیا ده‌ژین که ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان له باشوری رۆژهه‌ڵاته‌وه کۆچیان کردوه. هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌نجانه‌ش هه‌ن که له تورکیاوه هاتون و له زانکۆی هه‌ولێر درێژه به خوێندن ده‌ده‌ن. بێگومان له گه‌ڵ کورده‌کانی عێراقیش..."
ده‌سه‌ڵاتی کوردی گوشار دێنێ
کێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئاهه‌نگه‌یان رێکخستوه؟
پچدک.
پارتی چاره‌سه‌ری دیموکراتی کوردستان... پارتی یاسایی په‌که‌که‌یه له عێراق. ده‌یه‌وێ به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی داهاتو بێ له باکوری عێراق، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی زۆر به‌گه‌رمی پێشوازیان لێنه‌کردون.
پچدکه‌ش توند وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه:
"کاندیده‌کانی ئێمه قه‌بوڵ ناکه‌ن، ئێمه‌ش به شێوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ به‌شدار ده‌بین."
به‌مشێوه‌یه فام ده‌کرێ:
په‌که‌که و داموده‌زگا یاساییه‌کانی بۆ ئه‌وه‌ی درێژه به مانه‌وه‌یان بده‌ن، ده‌سه‌ڵاتی کوردیش ته‌نگاو ده‌که‌ن.
گوتی:
"زۆر ناخایه‌نێت، پێشمه‌رگه‌کانی پ‌د‌ک هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر ئێره، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ پۆستێره‌کانی ئاپۆ لێده‌که‌نه‌وه."
باشه په‌که‌که له چیاکان داده‌به‌زێ؟
ئایا په‌که‌که واز له چه‌ک دێنێ؟
ئایا کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی داده‌بڕێ؟
سێ رۆژه له باکوری عێراقم.
ئه‌م پرسیارانه رۆژه‌ڤی سه‌ره‌کیی منیان پێکهێناوه.
قسه‌کانی ئازاد سه‌رنج راکێشن؛
"کاک حه‌سه‌ن پێموایه دابه‌زینی په‌که‌که له شاخ ئه‌گه‌رێکی لاوازه. چه‌ک دانانێن. رێکخراوێک که سی ساڵ له شاخ مابێته‌وه... ده‌بێ گه‌ره‌نتی زۆر شت بکه‌ن، ده‌بێ پێیان بڵێن هیچ زیانێک به غرورتان ناگات و بڕوایان پێدێنن به‌م شتانه بۆ ئه‌وه‌ی دابه‌زن، ئه‌گینا ئه‌سته‌مه. خۆ بۆ گه‌شت و گوزار رویان نه‌کردۆته ئه‌و شاخ و داخه... "
یه‌کێکی تر ده‌ڵێ:
"کاکه بڕوانه، راسته کۆتایی به‌م قۆناغه هاتوه و ئیتر به چه‌ک ناگه‌یته هیچ شوێنێک. به‌ڵام به‌وه ته‌واو نابێ که بڵێن وه‌رن و واز له چه‌ک بێنن. ده‌بێ دڵنیایان بکه‌نه‌وه جارێکی تر نایانخه‌نه گرتوخانه‌کانه‌وه؛ ده‌بێ وه‌ڵامی داواکارییه‌کانیان له مه‌ڕ فه‌رهه‌نگ و ناسنامه بده‌نه‌وه."
سه‌ری دێنێته پێشه‌وه؛
"کاکه بڕوانه، بێگومان له ناو په‌که‌که‌شدا ئه‌و که‌سانه هه‌ن که ده‌یانه‌وێ له چیا دابه‌زن. راستیه‌کان ده‌بینن. به‌ڵام هه‌روا به ئاسانی ناکرێ. په‌که‌که ئێستاش رێکخراوێکی به‌هێزه. پشتگیری کردن له په‌که‌که ته‌نها بریتی نییه له‌و دو میلیۆن ده‌نگه‌ی درا به ده‌ته‌په.... په‌که‌که زۆر له‌وه له پێشتره ته‌نیا له سه‌ر کورده‌کانی تورکیا کاریگه‌ری هه‌بێ..."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ؛
"چه‌ک و چیا بۆ په‌که‌که بونه‌ته شێوازێکی ژیان. ئێستاش ئه‌سته‌مه وازهێنان له‌مه‌و دابه‌زین له چیاکان. جگه له‌مه‌ش، ده‌وڵه‌تی تورکیا گه‌ره‌نتیان پێ نادات."
"په‌که‌که سامانێکی زۆری هه‌یه"
هاوڵاتیه‌کی تر بۆچونی سه‌یری هه‌بو:
"ئه‌گه‌ری وازهێنانی په‌که‌که له چه‌ک؟ لاوازه. په‌که‌که سامانێکی زۆری هه‌یه... له‌وانه‌شه خۆ له 10 میلیار دۆلار بدات... له عێراقه‌وه تا تورکیا له‌ده‌روازه‌کانی سه‌ر سنوری وه‌ک حاجی عومران، که‌له‌ڕه‌ش، خنێره و .... شه‌وانه نزیکه‌ی 1.5 میلیۆن دۆلار باج کۆ ده‌کاته‌وه."
یه‌شار کایاش ده‌یگوت:
"لێبوردنێکی گشتی پێویسته. ده‌کرێ 150 ـ 100 کادیری سه‌ره‌کی ره‌وانه‌ی وڵاتانی سکاندیناوی بکرێن. ده‌بێ لێبوردنێک بێت زیان به به‌هاکان نه‌گه‌یه‌نێ. له بیرتان نه‌چێ، ئه‌وان بۆ سه‌یران رویان نه‌کردۆته چیا. سه‌ریان هه‌ڵدا چونکه مافی نه‌ته‌وه‌یی و فه‌رهه‌نگیان ده‌ویست. له گه‌ڵ لێبوردن پێویسته رێگه له‌به‌رده‌م سیاسه‌تی سڤیل خۆش بکرێ. به‌ڵام په‌که‌که‌ش پێویسته بێ دانانی پێش مه‌رج واز له چه‌ک بێنێ، چونکه چه‌کدانان قسه هه‌ڵناگرێ. هه‌تا کێشه‌ی چیا چاره‌سه‌ر نه‌بێ و لێبوردن ده‌رنه‌کرێ، ناتوانین بگه‌ینه هیچ شوێنێک."
وه‌ک هه‌قایه‌تی جوجه‌ڵه مریشکه‌که....
ده‌نگی به‌سۆزی ژنێک له رادیۆوه دێت. "ئازاد"یش راده‌گه‌یه‌نێ "کاکه، خۆشه‌ویستیه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه. ده‌ڵێ لاوم به‌ڵام وه‌ک پیرێک ده‌مرم."
"سه‌خته هاوڕێ سه‌خته"
ئایا دابه‌زین له چیاکان ئاسانه؟
له‌لایه‌که‌وه شێوازی ژیانی په‌که‌که... له‌لایه‌کی تریشه‌وه شێوازی ده‌وڵه‌تی تورکیا... وه‌ک پێشینیان ده‌ڵێن، به‌تاڵه و بۆم پڕ نابێ، پڕی ده‌که‌م لێم وه‌رناگرێ.. له‌ماوه‌ی سێ رۆژدا له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک قسه‌م کرد. که‌سم نه‌بینی گه‌شبین بێ. دوێنێش که له زێدی جه‌ڵال تاڵه‌بانی، کۆیه، له گه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان وتوێژم ده‌کرد هه‌مان روانگه‌ی هه‌بو. پرسیارم لێکرد سه‌باره‌ت به‌و پێداگرییه‌ی ئه‌و که تورکیا له‌پێناو ئه‌وه‌ی په‌که‌که بکه‌وێته قۆناغی واز له‌چه‌ک هێنان، ده‌بێ وه‌ک سه‌ره‌تا لێبوردنێکی ریشه‌یی رابگه‌یه‌نێت و ئه‌و لێبوردنه کادیره لیده‌ره‌کانی چیاش بگرێته خۆ.
"ئایا گه‌شبینن؟ تۆ بڵێی ئه‌نقه‌ره لێبوردنێکی له‌مجۆره رابگه‌یه‌نێ؟ ئاخۆ حکومه‌ت نیاز و ئیراده‌یه‌کی سیاسیی وه‌های هه‌یه، ده‌توانی هه‌یبێ؟"
راشکاوانه وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌می نه‌دایه‌وه.
له چاوه‌کانمی روانی وه‌کو بڵێت ئه‌سته‌مه.
به‌ڵام له‌م کاته‌دا، نیگام له گه‌ڵ نیگای خزمێکیان تێکئاڵا که بزه‌ی له سه‌ر لێو بو و گوتی "سه‌خته هاوڕێ، سه‌خته". گرێ هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌یه:
پرسی دابه‌زینی په‌که‌که له چیاکان و لێبوردن چی به‌سه‌ر دێ؟
