یادداشته‌کانم له باکوری عێراق (به‌شی دوهه‌م)
عوسمان ئۆجه‌لان؛ ئیتر کاتی دابه‌زین له چیاکان هاتوه
حه‌سه‌ن جه‌ماڵ
له تورکیه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
عوسمان ئۆجه‌لانیش له گه‌ڵ ئه‌وه دایه کێشه‌ی کورد له توند‌و تیژی و چه‌ک جیا بکرێته‌وه... به‌ڵام ده‌ڵێ "لوتکه‌ی کاره‌کان لێبوردنه. پێویسته لێبوردنێک رابگه‌یه‌نرێ که جیاوازی دانه‌نێ. ده‌ڵێن 200 تا 250 کادیری سه‌رکردایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه ده‌هێڵنه‌وه. وا نابێ. چونکه ئه‌وانه‌ی گوێ به کادیره لیده‌ره‌کان و سه‌رکردایه‌تی ناده‌ن ته‌نها 1% یان 2% ده‌بن. ئه‌وانی تر دیسان له‌شاخ ده‌مێننه‌وه و دانابه‌زن."
کۆیه، باکوری عێراق
ساڵه‌کان خێرا تێده‌په‌ڕن. پێموابێ ساڵی 1994 بو. دیسان له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی ئێستامان، له‌و شه‌قامه‌ی ناوی مادام میته‌رانه به‌ره‌و گردی هه‌یبه‌ت سوڵتان ملمان پێوه نابو. هه‌ندێک سه‌روتر له دو لاوه به‌ره‌و سنوری ئێران ده‌ڕوات. لای چه‌پ قه‌ندیله.
ئه‌و چیایانه‌ی په‌که‌که تیایدا جێگیر بوه....
ئێمه ئه‌و کات به‌ره‌و راست بامانداوه، رۆیشتینه که‌مپی "زه‌لێ" که دوا به‌دوای ساڵی 1992 په‌که‌که‌ی داڵده داب‌و بارانێکی به‌خوڕ ده‌باری و باهۆزێکی توند هه‌ڵیکردبو.
ئۆتۆمبیلی قاچاقچیه‌کان وه‌کو ئه‌ڵقه‌ی زنجیرێک هێدی هێدی له‌چیاکان ده‌هاتنه خوار و به وێنه‌ی مارێک پێچاوپێچ ده‌خوشین، گوتمان "خوا ئه‌قڵیان پێ بدات."
دوێنێ به‌یانی هه‌وا زۆر خۆش بو.
به‌هار له هه‌مو شوێنێک بڵاو ببۆوه.
هه‌ینی، رۆژی پشوو بو. له به‌ر ئه‌وه‌ی هاوکات بو له گه‌ڵ یه‌کی مه‌ی، خه‌ڵک به ماڵ و مناڵه‌وه له‌ده‌شت و ده‌ر بڵاو ببونه‌وه و له سه‌یران بون.
کۆیه مه‌مله‌که‌تی جه‌لال تاڵه‌بانییه. سه‌رۆک کۆماری ئێستای عێراق که کورده له‌م شوێنه له دایک بوه و لێره‌ش گه‌وره بوه. به به‌رده‌م ئه‌و زانکۆیه‌دا تێده‌په‌ڕین که جه‌لال تاڵه‌بانی له زێدی خۆی دروستی کردوه.
به‌دوای ئه‌و ئۆتۆمبێله ده‌که‌وین که له‌ده‌سپێکی کۆڵانه‌که چاوه‌ڕێمان ده‌کات و ده‌چینه ماڵه بچوکه‌که‌ی عوسمان ئۆجه‌لان که حه‌سارو باغچه‌یه‌کی بچوکی هه‌یه. پێڵاوه‌کانمان داده‌نێین و له‌ژوری پێشوازی داده‌نیشین.
ته‌له‌ڤزیۆنه‌که‌ی هه‌ڵکراوه.
سی ئێن ئێن تورک دیمه‌نه‌کانی یه‌کی مه‌ی له‌مه‌یدانی "تاکسیم" نیشان ده‌دات... له باس و خواسی فوتبۆڵه‌وه ده‌ست پێده‌که‌م. له گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیشدا سه‌ره‌تا هه‌ر ئه‌م باسه‌م هه‌ڵگیرساندبو. ئاوریلی ساڵی 1993 له بار ئه‌لیاسی ده‌ربه‌ندی "به‌قاع" به‌درێژایی شه‌و باسه‌که‌مان له سه‌ر ئه‌مه بو.
عوسمان ئۆجه‌لانیش لایه‌نگری "گالاتا سه‌رای"ه.
"ئایا کاریگه‌ری کاکه له سه‌ر برای بچوک؟"
"نه‌خێر. هۆکارێکی سه‌ره‌کی که کورده‌کانی کردۆته لایه‌نگری گاڵاتا سه‌رای، ره‌نگه‌کانی ئه‌و یانه‌یه‌یه. هێمای زه‌رد و سور و زه‌مینه‌ی سه‌وز. ئایا زه‌رد و سور و سه‌وز ره‌نگی کورده‌کان نییه..؟"
عوسمان ئۆجه‌لان ساڵی 1958 له‌دایکبوه.
دو مناڵی کوڕی هه‌یه به ناوه‌کانی فه‌لات و فورات. یه‌کیان چوار ساڵ و ئه‌وی تریان دو ساڵ و نیوی ته‌مه‌نه.
"زۆر دره‌نگ بوی به باوک."
پێده‌که‌نێ:
"له‌ناو په‌که‌که دا هاوسه‌رگیری تاوانێکی گه‌وره‌یه و وه‌ک گوناهێک سه‌یری ده‌کرێ. ساڵی 2003 له په‌که‌که دابڕام. دواتر زه‌ماوه‌ندم کرد و مناڵمان بو."
لێی ده‌پرسم:
"چۆن بو له په‌که‌که دابڕای؟"
"له به‌ر سێ هۆکار له په‌که‌که دابڕام"
یه‌ک به‌دوای یه‌ک خاڵه‌کان ده‌ژمێرێت و کورت و پوخت ده‌یانهێنێته زمان.
"سێ هۆکاری هه‌بون.... هۆکاری یه‌که‌م؛ ئیتر پێداگریم له سه‌ر ئه‌وه ده‌کرد که ده‌بێ په‌که‌که دۆستایه‌تی یه‌کێتی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌کگرتوه‌کان به ده‌ست بێنێ و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوم له ئێران و سوریا دور بکه‌وێته‌وه. هۆکاری دوهه‌م، له سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوم ده‌بێ له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گشتی سیاسی کورد وه‌ک پ‌د‌ک به سه‌رۆکایه‌تی بارزانی و پی ی‌و که‌ی به سه‌رۆکایه‌تی تاڵه‌بانی له شه‌ڕدا نه‌بێ به‌ڵکه بگاته رێککه‌وتن. هه‌روه‌ها ده‌مویست له ناو په‌که‌که دا، مافه تاکه‌که‌سیه‌کان وه‌ک هاوسه‌رگیری و موڵکیه‌تی تایبه‌ت په‌سه‌ند بکرێن."
"که‌ی به‌م ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتن؟"
"ده‌توانم بڵێم ساڵی 1991. به‌ڵام ساڵی 1993 خستمه رۆژه‌ڤی رێکخستنه‌وه."
"چی روی دا؟"
"حه‌شر رابو. پێیان گوتم خیانه‌تکار، خۆفرۆش، سیخوڕی ئه‌مریکا، سیخوڕی پارتی و یه‌کێتی."
دوا بڕیاریش له‌سێداره‌دانی مه‌رجدار بو.
سێ ساڵ زیندان...
ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا پێداگری له‌سه‌ر بۆچونه‌کانی نه‌کردایه و په‌ره‌ی پێ نه‌دابا، ئه‌وا له سێداره رزگاری ده‌بو. سه‌رئه‌نجام، ساڵی 1997 بڕیاری له‌سێداره‌دانی هه‌ڵوه‌شایه‌وه، عوسمان ئۆجه‌لان جارێکی تر، وێڕای ئه‌و ریفۆرمانه‌ی له مێشکی دابون، گه‌ڕایه‌وه لوتکه‌ی په‌که‌که ..
ساڵی 1999 ئاپۆ قۆڵبه‌ست ده‌کرێ، له‌نێوان ساڵی 1999 بۆ 2003، پێڤاژۆی ئیمرالی له ناو په‌که‌که دا ده‌ست پێده‌کا. عوسمان ئۆجه‌لان له‌و قۆناغه‌دا که‌سێک بوه به کرده‌وه په‌که‌که‌ی به‌ڕێوه بردوه.
له‌مباره‌وه ده‌ڵێت:
"له‌پێڤاژۆی ئیمرالیشدا لایه‌نگری کۆتایی هێنان بوم به‌شه‌ڕ. هه‌میسان ده‌مگوت نابێ شه‌ڕ بکه‌ین و پێویسته سیاسه‌ت بمه‌شێنین.. به‌هۆی ئه‌وه‌ی 800 کادیری شاخ کێشه‌ی ته‌ندروستی، ته‌مه‌ن و کێشه‌ی خۆگونجاندن له گه‌ڵ شاخیان هه‌یه، با بیانکه‌ینه مه‌ده‌نی و له چیاکان دایانبه‌زێنین. داوام کرد وه‌ک سامپاتیزان له‌ناو گه‌لدا جێگیر بن. ئاپۆ و ئه‌ندامه دامه‌زرێنه‌ره‌کانی په‌که‌که، ئه‌و کات پێشنیاره‌کانی منیان ره‌ت کرده‌وه، گوتیان ئه‌مه واتای پاکتاوکردنی په‌که‌که ده‌گه‌یه‌نێ... بیرۆکه‌ی ریفۆرم په‌سه‌ند نه‌کرا..."
"په‌که‌که له‌ناو ناچێ"
"ئایا په‌که‌که ناگۆڕدرێت؟"
"نه‌خێر ناگۆڕدرێ. تورکیا ده‌وڵه‌تێکه زۆر باش به‌مه ده‌زانێ. جیا له‌وه‌ش، ئه‌مڕۆکه 95%ی هێزی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی کورد لایه‌نی په‌که‌که ده‌گرێ. هه‌مو گه‌لی کورد ده‌زانێ، په‌که‌که به سه‌رۆکایه‌تی ئاپۆ ئه‌و گه‌له‌ی هێنایه مه‌یدان. له‌به‌ر ئه‌مه 95%ی خه‌ڵک پشتگیری لێده‌کا... راستیه‌کی تریش هه‌یه: په‌که‌که ته‌واو نابێ! ئه‌گه‌ر جار جاره به ره‌سمی ده‌وترێ ئه‌مساڵ په‌که‌که له‌ناو ده‌به‌ین یان ساڵێکی تر، ئه‌وا فڕی به ڕاستیه‌وه نییه."
"بۆچی؟"
"په‌که‌که هێزێکه خۆی له سه‌ر پێ راده‌گرێت. ئه‌گه‌ر له‌تورکیا ته‌نگاو بێت له‌ئێران هێز کۆ ده‌کاته‌وه، گه‌ر له‌ئێرانیش ته‌نگاو بێ له عێراق، ئه‌گه‌ر له عێراقیش شتێک رو بدا له‌سوریا، له‌وێش نه‌بو له ئه‌وروپا به‌رده‌وام ملیتان کۆ ده‌کاته‌وه، کۆیشی کردۆته‌وه. جگه له‌مه، ئه‌و هه‌رێمه‌ی تیایه‌تی زۆر به‌رفراوانه، جوگرافیای کوردستانیش هه‌موی چیایه."
"که‌واته چی رو ده‌دات؟"
"به‌ڵێ له‌مێژه سه‌رده‌می شه‌ڕ و چه‌ک به‌سه‌ر چوه. ئیتر کاتی دابه‌زین له چیاکان هاتوه! په‌که‌که ناتوانی به‌مجۆره به‌رده‌وام بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌سیاسه‌تدا ئه‌ڵته‌رناتیڤێک بۆ په‌که‌که دروست نه‌بێ، ئه‌وا پاکتاو نابێ."
"باشه چۆن ئه‌م زه‌مینه‌یه پێکدێت؟"
"سه‌ره‌تا پێویسته لێبوردن ده‌ربکرێ، رێگه‌ی تری نییه. لوتکه‌ی هه‌نگاوه‌کان لێبوردنه. پێویسته لێبوردنێک بێ له به‌رچاو گرتنی جیاوازی رابگه‌یه‌نرێ. ئێستا ده‌ڵێن 200 تا 250 کادیری سه‌رکردایه‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه ده‌هێڵینه‌وه. وا نابێ. چونکه ئه‌وانه‌ی گوێ به کادیره لیده‌ره‌کان ناده‌ن ته‌نها 1% یان 2% ده‌بن. ئه‌وانی تر هه‌مویان له‌شاخ ده‌مێننه‌وه. دانابه‌زن. هه‌نگاوی یه‌که‌م لێبوردنه، ئه‌مه خاڵی بنه‌ڕه‌تییه. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورکیا رارایه."
قسه زۆره له گه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان...
به‌شه سه‌رنج راکێشه‌کانی تری قسه‌کانی، له نوسینه‌کانی دواترمدا به‌کار دێنم. عوسمان ئۆجه‌لان له گه‌ڵ ئه‌وه دایه کێشه‌ی کورد له چه‌ک و توند‌و تیژی جیا بکرێته‌وه. ده‌یه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه تورکیا و خه‌ریکی سیاسه‌ت بێ.
به‌شی سێهه‌م سبه‌ی له‌باکوری عێراقه‌وه پێشکه‌ش ده‌کرێ....
سه‌رچاوه: رۆژنامه‌ی میللیه‌ت
