وتوێژی رۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف) له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د تورک
له‌تورکییه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
بۆچی ئه‌حمه‌د تورک؟
خه‌ریکبو که‌شێکی جیاواز بخوڵقێ، ئاماده‌کارییه‌کان به‌رده‌وام بون له‌پێناو میواندارێتی کردن له‌نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م کورده‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوین و پێشبینی ده‌کرا چاره‌سه‌رییه‌کی به‌رفراوان بۆ پرسی کورد بدۆزرێته‌وه، هه‌روه‌ها ئومێد ده‌کرا رێگه خۆش بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که واز له‌چه‌ک بێنێ. له‌ناکاو هه‌ڵمه‌تێکی قۆڵبه‌ستکردن له‌ناو ده‌ته‌په‌دا ده‌ستی پێ‌کرد. 51 به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ته‌په ده‌ستگیر کران، به‌ڵام روداوی هه‌ره سه‌رنج راکێش، دوابه‌دوای ئه‌م هه‌ڵمه‌ته هاته ئاراوه. پۆلیسێکی سه‌ر به‌تیمی تایبه‌ت، پاش ئه‌وه‌ی مناڵێکی چوارده ساڵانه‌ی گرت که له‌گه‌ڵ گروپێکی بچوکی مناڵاندا له چۆله‌وانییه‌ک خۆپیشاندانی ئه‌نجام ده‌دا، به‌قۆنداغه تفه‌نگ وه‌رگه‌ڕایه سه‌رو گوێلاکی و پاشان مناڵه‌که‌ی دایه به‌ر شه‌ق. ده‌تگوت که‌سێک به‌تایبه‌ت ده‌یه‌وێ دینامیت له‌ناو پێڤاژۆی ئاشتیدا بته‌قێنێته‌وه. له‌مباره‌وه بۆچونی هاوسه‌رۆکی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک ئه‌حمه‌د تورکمان وه‌رگرت. ته‌وه‌ری پرسیاره‌کانی تریشمان بریتی بون له؛ داهاتوی ئه‌و کۆنفرانسه‌ی کورده‌کان له هه‌ولێر که بارزانی میواندارێتی ده‌کات، ئایا ده‌ته‌په به‌شداری کۆنفرانسه‌که ده‌بێت یاخود نا؟ گه‌لۆ په‌که‌که بانگهێشت کراوه یان نا؟ جارێکی تر چۆن قۆناغی توندوتیژی تێده‌په‌ڕێنرێت؟ له‌پێناو ئارامبونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا، ئایا هه‌نگاوی دولایه‌نه ده‌نرێت؟
***
نه‌شه دوزه‌ل: ئۆپه‌راسیۆنێکی گه‌وره دژی به‌رێوه‌به‌رانی ده‌ته‌په ئه‌نجام ده‌درێت. رات چییه سه‌باره‌ت به‌کاتی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه؟
ئه‌حمه‌د تورک: پاش سه‌رکه‌وتنی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک له‌هه‌ڵبژاردنه هه‌رێمیه‌کاندا، ئێمه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌مان دابوه پێش چاو که له ناو تورکیادا روداوی جیاواز دێنه گۆڕێ. پێمان وابو یان ئه‌و ده‌نگه زۆره‌ی به‌ده‌ستمان هێناوه بۆیان داناقورتێ و بارودۆخه‌که دژوار ده‌بێ یان ئه‌وه‌تا دان به‌پشتگیریکردنی ده‌ته‌په له‌لایه‌ن گه‌له‌وه داده‌نێن و لۆژێکی چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه‌ی کێشه‌ی کورد پته‌و ده‌بێ. حاڵه‌تی یه‌که‌م رویدا. پاش ئه‌وه‌ی ده‌ته‌په له‌هه‌ڵبژاردنه هه‌رێمیه‌کانی 29ی مارسدا، له‌ناو ئه‌و جوگرافیایه‌ی کورد لێی نیشته‌جێیه، ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی دو قات زیاتر کرد و بو به‌یه‌که‌م حزب و 99 شاره‌وانی به‌ده‌ست هێنا، ئه‌مه‌یان بۆ هه‌رس نه‌کراو ئۆپه‌راسیۆن ده‌ستی پێ‌کرد.
کێ بون ئه‌وانه‌ی ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانیان بۆ هه‌رس نه‌کرا؟
له‌سه‌روی هه‌مویانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. به‌ڵام بێگومان ئه‌مه ئۆپه‌راسیۆنێک نیه ته‌نها له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ئه‌نجام درابێ. سیاسه‌ت له‌تورکیا له‌ژێر سێبه‌ری راسپارده‌کاره‌کان دایه. که باس دێته سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد، پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان و ئه‌و تاقمه‌ی سیاسه‌تیان خستۆته ژێر رکێفی راسپاره‌کانیانه‌وه، له‌سه‌ر چاره‌سه‌رنه‌کردنی مه‌سه‌له‌که له‌ڕێگه‌ی دیموکراسی و ئاشتیانه یه‌کده‌گرن و سیاسه‌تی هه‌شتا ساڵی رابردو په‌یڕه‌و ده‌که‌ن که چاره‌سه‌رنه‌کردنی کردۆته بنه‌ما. دیاره ده‌زانین که ئاکه‌په له‌ئه‌نجامی وه‌ها رێککه‌وتنێکدا دانه‌خرا.
یانی پێتان وایه ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی دژ به به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌ته‌په ئه‌نجام ده‌درێن، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه هه‌رێمیه‌کانه؟
ئه‌مه هۆکاری یه‌که‌مه. هۆکاری دوهه‌م لێدوانی په‌که‌که بو دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان. په‌که‌که رایگه‌یاند "گه‌لی کورد له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا پشتگیری دایه ده‌ته‌په. ئێمه ئه‌م پشتگیرییه به‌رز ده‌نرخێنین و بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه له‌بار بکه‌ین بۆ چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه، تا یه‌کی ژوئه‌ن ئاگربه‌ست راده‌گه‌یه‌نین." په‌یامی ئه‌وه‌شیان دا ئه‌گه‌ر پێشهاتی ئه‌رێنێ بێته ئاراوه ئه‌وا ماوه‌که‌ی درێژ ده‌که‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده و به‌س. ئه‌وانه‌ی بژیویان له‌چاره‌سه‌رنه‌کردن دایه و هه‌روه‌ها خوداکانی شه‌ڕ گومانیان لا دروست بو. چونکه ده‌زانن ئه‌گه‌ر کێشه‌ی کورد له‌رێگه‌ی دیموکراسیه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێت، ره‌وتی ئه‌ندامێتی تورکیا له‌ناو یه‌کێتی ئه‌وروپادا خێراتر ده‌چێته پێش و ئه‌وان هێزی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن. دژبه‌ره‌کان بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌که به‌ڕێگه‌ی ئاشتیانه چاره‌سه‌ر نه‌بێ، که‌وتنه خۆ. دیاره به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه هۆکارێکی دیکه‌شی هه‌یه.
ئه‌ویان چییه؟
ئه‌گه‌ری زاڵبونی ئاشتیه به‌سه‌ر ئه‌و جوگرافیایه‌ی کورد تیایدا ده‌ژی. له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، کورد له‌ناو چوار پارچه‌ی تورکیا، ئێران، سوریا و عێراقدا ده‌ژین. سیاسه‌تمه‌داره کورده‌کانی هه‌ر چوار پارچه، له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بون له‌ناو ئه‌و جوگرافیایه قۆناغی ئاشتی ده‌ست پێبکه‌ن و بڕیارێک بده‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی داخوازییه دیموکراتیه‌کانی کورد چی بێت. ده‌وڵه‌ت به‌بینینی ئه‌مانه بێزار بو و بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م سه‌رجه‌م ئه‌م پێشکه‌وتنانه دا ببێته ئاسته‌نگ، هێرشی کرده سه‌ر ده‌ته‌په.
ئایا په‌که‌که له‌به‌ر ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه ئاگربه‌ستی شکاند. به‌بڕوای ئێوه شکاندنی ئاگربه‌ست بڕیارێکی له‌جێدا بو؟
په‌که‌که ئاگربه‌ستی نه‌شکاندوه. پێنجشه‌ممه‌ی رابردو به‌یاننامه‌یه‌کی تازه‌ی بڵاو کرده‌وه و ئاشکرای کرد "هه‌رچه‌ند ده‌وڵه‌ت سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌ی کورد نیه‌تێکی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵام ئێمه زێده‌باری ئه‌مه‌ش تا 1ی ژوئه‌ن پێداگرین له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌مان".
ئه‌گه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌کان به‌رده‌وام بن و په‌که‌که دوای یه‌کی ژوئه‌ن ئاگربه‌سته‌که بشکێنێ، به‌بڕوای ئێوه بڕیارێکی دروست ده‌بێت؟
هیوادارین ئاگربه‌سته‌که به‌رده‌وام بێ. کێشه‌ی کورد به‌چه‌ک چاره‌سه‌ر نابێ به‌ڵکه له‌رێگه‌ی دیموکراسیه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێ. ئێمه هیچکات نه‌مانویستوه سه‌ر له‌نوێ چه‌که‌کان بکه‌ونه رۆژه‌ڤه‌وه. ده‌زانین چه‌ک ئازار‌و گریانی به‌دواوه‌یه. به‌ڵام ده‌بێ ریئالیست بین. سه‌قامگیرکردنی ئاشتی، ئیراده‌ی سیاسی و بڕیاردانی پێویسته. ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌کی سیاسیی ئاشتی ویست و ئاشتی بڕوا له‌ئارادا نه‌بێت، کێشه‌که یه‌کلایه‌نه چاره‌سه‌ر نابێت. ئیتر پێویسته ده‌وڵه‌ت بکه‌وێته ناو قۆناغێکه‌وه که وه‌ڵامی ئه‌رێنی ئه‌م داواکارییانه بداته‌وه. هیچ مرۆڤێکی ژیر نابێ له‌ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی قۆناغێکی چه‌کدارانه‌دا رۆڵ ببینێ. ئێمه له‌مڕووه به‌په‌رۆشین و هاوار ده‌که‌ین "با پێکه‌وه دابنیشین و کێشه‌که له‌رێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ین."
له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی كێشه‌که‌دا، کام لایه‌ن پێویسته له‌گه‌ڵ یه‌كتری دابنیشن؟
ئه‌م کێشه‌یه چه‌ندین لایه‌نی هه‌یه. ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ئۆرگانی جێبه‌جێکه‌ر بێ و له‌ئه‌نجامی ویستی گه‌لدا هاتبێته سه‌ر کار، ئێمه ئه‌و به‌بنه‌ما وه‌رده‌گرین و داواکانمانی پێشکه‌ش ده‌که‌ین. به‌ڵام له‌نێوان ئێمه و حکومه‌تدا هیچ دیالۆگێک له‌گۆڕێ نییه.
وه‌کو ده‌ته‌په چاوپێکه‌وتنتان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ئاکه‌په یاخود سه‌رۆک وه‌زیراندا ئه‌نجامداوه؟
ئێمه له‌به‌رامبه‌ر خۆماندا حکومه‌ت نابینین. داوای چاوپێکه‌وتنمان کردوه به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بوه.
چاوه‌ڕێ ده‌کرێت له‌داهاتویه‌کی نزیکدا له‌هه‌ولێر کۆنفرانسی کورد ببه‌سترێ. ئایا ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه، ئاسته‌نگی ده‌خاته به‌رده‌م کۆنفرانسی کورد؟
نابێته ئاسته‌نگ. ئه‌وه‌ی گرنگه کورده‌کان سورن له‌سه‌ر به‌ستنی کۆنفرانسێکی هاوبه‌ش. ئێمه سه‌ره‌ڕای هه‌ڵمه‌تی قۆڵبه‌ستکردنی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌ته‌په، درێژه به‌سیاسه‌ت و خه‌باتمان ده‌ده‌ین له‌پێناو په‌ره‌پێدانی قۆناغی ئاشتی و جێگیرکردنی که‌شوهه‌وای ئاشتی. له‌م تێکۆشانه‌دا، بێگومان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و گوشارانه‌ی له‌سه‌رمان په‌یڕه‌و ده‌کرێ، پاشه‌کشێ ناکه‌ین. با پێیان وا نه‌بێ به به‌ند کردنی 50 به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌ته‌په، ئه‌و حزبه فه‌شه‌ل دێنێ. ئه‌م حزبه ته‌واو نابێ. له‌به‌رامبه‌ر گیراوه‌کاندا، کاردانه‌وه‌مان چالاکی و رونکردنه‌وه ده‌بێ.
بانگه‌شه ده‌کرێ ئه‌و ده‌ته‌په‌ییانه‌ی خراونه‌ته ژێر چاودێری و قۆڵبه‌ست کراون، په‌یوه‌ندییان به په‌که‌که‌وه هه‌یه. سه‌باره‌ت به‌م بانگه‌شانه هیچ زانیارییه‌کتان هه‌یه؟
هه‌تا رۆژی ئه‌مڕۆش هه‌ر کوردێک داوای ناسنامه، فه‌رهه‌نگ و زمانی خۆی کردبێ، به په‌که‌که‌یی له‌قه‌ڵه‌مدراوه. داواکاری کورد بۆ ناسنامه و فه‌رهه‌نگ و زمانی وه‌ک خیانه‌ت، نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئه‌تنیکی و پارچه‌کردنی نیشتیمان حسابی بۆ کراوه. له‌ڕاستیدا ده‌وڵه‌ت به‌کورتی ئه‌مه‌مان پێده‌ڵێ "یان بێده‌نگ بن یان وه‌ک په‌که‌که چاوتان لێده‌که‌م و هه‌ر وه‌ک ئه‌ویش هه‌ڵسوکه‌وتتان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌م."
ئه‌گه‌ر گیراوه به‌ڕێوه‌به‌ره‌کانی ده‌ته‌په، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا ئاشکرا بێ، دیسان ره‌خنه له‌م هه‌ڵمه‌تی قۆڵبه‌ست کردنه ده‌گرن؟
پرسیارێکی بێمانایه. ئه‌و مرۆڤانه که‌سانێکن له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی (HEP) و (DEP)وه له‌ناو سیاسه‌ت دان. چه‌کیان هه‌ڵنه‌گرتوه و هه‌رگیز نه‌چونه‌ته شاخ. چونکه رامان و راستی کۆمه‌ڵگا دێننه زمان، ده‌ستگیر ده‌کرێن. بۆ نمونه من که ده‌ڵێم راگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی په‌که‌که هه‌تا یه‌کی ژوئه‌ن بڕیارێکی پۆزه‌تیڤه، له‌وانه‌یه به‌هۆی ئه‌م رسته‌یه‌وه سبه‌ینێ له‌دژم سکاڵایه‌ک تۆمار بکرێ و به‌تاوانی په‌که‌كه‌یی بون دادگایی بکرێم.
بۆچی؟
هه‌ڤاڵه به‌ندکراوه‌کانیشمان جیاواز له‌مه شتێکیان نه‌وتوه. ئه‌وانیش وه‌ک من بۆچونی خۆیان ده‌رده‌بڕن. تێده‌کۆشن له‌پێناو رێگه هه‌موار کردن بۆ سیاسه‌تێکی دیموکراتیانه. به‌دڵیان بێ یاخود نا، په‌که‌که راستیه‌که. بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ته‌په له‌هه‌ڵبژاردنه هه‌رێمیه‌کاندا به‌هێز بێ، په‌که‌که گوتی "بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره به پێڤاژۆی ئاشتی بدات پێویسته شانس بدرێته ده‌ته‌په که له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه پشتگیری کراوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ئێمه تا یه‌کی ژوئه‌ن ئاگربه‌ست راده‌گه‌یه‌نین." ئه‌مه بڕیارێکی گرنگ بو. شانسێکی وه‌ها له‌دایکبو، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت رێک به‌پێچه‌وانه‌وه جوڵایه‌وه. به‌ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن هه‌وڵیدا ئه‌م بڕیاره رابگرێ
جارێکیان به‌منتان گوت "بناغه‌ی ئێمه و په‌که‌که هه‌ر یه‌که." ئایا ده‌شێ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بناغه‌یه هه‌ندێک له‌به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌ته‌په په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا هه‌بێ؟
پێویسته به‌وردی روداوه‌کانی جیهان بخوێنینه‌وه. با وای دابنێین، له‌پێناو ئاشتیدا هه‌نگاومان به‌رز کرده‌وه‌و وه‌کو ده‌ته‌په له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت چاوپێکه‌وتنمان ئه‌نجامدا، ئایا دوای چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌وڵه‌ت پرسیاری ئه‌وه‌مان لێده‌کا "باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌م ئه‌نجامدا، په‌که‌که چه‌ک داده‌نێ؟" ده‌پرسێ. که‌واته په‌که‌که راستیه‌که و له‌م نێوانه‌دا رۆڵێکی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌ست نیشانکردنی ئه‌م رۆڵه وه‌ک په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا تاوتوێی بکه‌ن، ئه‌وا هیچ ده‌رئه‌نجامێک ده‌سته‌به‌ر ناکه‌ن. ئێوه ناچارن ئه‌وه بده‌نه به‌رچاوی خۆتان که بزانن ئایا په‌که‌که دان به‌و پڕۆژه و سیاسه‌تانه داده‌نێت که له پێناو ئاشتیدا ده‌خرێنه روو.
بونی رێکخراوێکی چه‌کدار ـ جا هه‌ر رێکخراوێک بێت ـ به‌گوێره‌ی یاسا تاوانه. ئه‌مه له‌گشت دنیادا به‌مجۆره‌یه. ئێوه وه‌ک په‌رله‌مانتارێک قه‌بوڵ ده‌که‌ن که بونی هه‌ر جۆره رێکخراوێکی چه‌کداری تاوانه؟
پێویسته هه‌ندێک زیاتر ده‌سته‌واژه‌ی تیرۆر شی بکه‌ینه‌وه. ده‌بێ ئه‌لقاعیده و حه‌ماس راڤه‌ی دروستیان بۆ بکرێت و په‌که‌که‌ش هه‌روا. هه‌روا ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی دروستمان بۆ حزبه‌که‌ی ماندێلا‌و رێکخراوی پێشوی رزگاریبه‌خشی فه‌له‌ستین هه‌بێت.
چۆن خوێندنه‌وه‌یه‌ک؟
ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن گه‌له‌وه داڵده ده‌درێت و له‌پێناو به‌دیهێنانی داواکانی خه‌ڵک چالاکی ئه‌نجام ده‌دات، ده‌بێ پێگه‌یه‌کی جیاوازی پێ بدرێت. چونکه ئه‌و له‌ڕوانگه‌ی هه‌ندێکیانه‌وه تیرۆریسته، به‌ڵام خۆ هه‌ندێک که‌سی تر به‌و چاوه‌وه لێی ناڕوانن. ده‌بێ ئه‌م راستیه ببینین. وه‌ک ده‌زانین حه‌ماسیش رێکخراوێکی چه‌کداره، به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆگان ده‌چێ چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌دات و ده‌یه‌وێ رۆڵیان هه‌بێ له‌پڕۆسه‌ی ئاشتیدا. ماندێلاش خرایه ناو زیندانه‌وه، وه‌کو تیرۆریستێک سزا درا وه‌لێ پاش ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌که گۆڕاو له‌باشوری ئه‌فریقا زه‌مینه‌ی دیالۆگ ره‌خسا، چیتر به‌ماندێلایان نه‌گوت تیرۆریست. خه‌ڵاتی ئاشتی وه‌رگرت، به‌ڵام ئایا رێکخراوه‌که‌ی ئه‌ویش له‌رابردودا، چه‌کی به‌کار نه‌هێنابو؟
چونکه ماندێلا و ئۆجه‌لانت به‌یه‌ک شوبهاندبو، ده‌رهه‌ق به‌ئێوه لێپرسینه‌وه‌یه‌ک ده‌ستی پێ‌کرد....
من قۆناغه‌کان به‌یه‌که‌وه به‌راورد ده‌که‌م. ئه‌گینا که‌س به‌که‌س ناشوبهێنم. که‌سیش پێویستی به‌وه نییه به‌که‌سێکی تری بچوێنی. به‌ڵام قۆناغه مێژوییه‌کان به‌مجۆره ده‌چنه پێش. ده‌رفه‌تێک ده‌ره‌خسێ و چاوپێکه‌وتن دێته ئاراوه. ده‌توانین رێکخراوی (IRA) به‌نمونه بێنینه‌وه.
یانی پێتان وایه دواجار له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لانیشدا چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام ده‌درێ؟
ئۆجه‌لان داخوازییه‌کی وه‌های نییه. ئۆجه‌لان ناڵێ "گه‌ر له‌گه‌ڵ من دانه‌نیشن، نابێ". ئه‌و ده‌ڵێ "بڕوام به‌ئاشتی هه‌یه، ئاشتیم ده‌وێ. ئیتر کێشه‌کان به‌چه‌ک چاره‌سه‌ر نابن. بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌پاندنی ئاشتیدا یارمه‌تیده‌ر بم، چاوپێکه‌وتنم له‌گه‌ڵ ئه‌نجام بده‌ن." له‌پێناو ئاشتیدا ئادره‌سی کورد، رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان و ده‌ته‌په نیشان ده‌دات.
ده‌ته‌په بانگهێشتی کۆنفرانسی کورد کراوه له‌هه‌ولێر؟
بێگومان... له‌و کاته‌وه‌ی ئه‌م فیکره هاتۆته ئاراوه، کۆمه‌ڵێ چاوپێکه‌وتنمان هه‌بوه. ئێمه گوتومانه "پێویسته هه‌مو کورده‌کان به‌شداری له‌م کۆنفرانسه‌دا بکه‌ن. ئه‌گه‌ر بێت و لایه‌نێک به‌شدار نه‌بێ، که‌موکوڕییه."
به په‌که‌که‌شه‌وه؟
بێگومان. پێویسته هه‌مو لایه‌نێک به‌شدار بێ. دواجار ئه‌وه‌ی چه‌کداره، ئه‌وانن. ئه‌وان جێگه‌ی مشتومڕن. ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی ده‌گیرێنه به‌ر و هه‌روه‌ها ئه‌و پێشهاتانه‌ی رو ده‌ده‌ن، په‌یوه‌ندیی به ئه‌وانه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌وان بخرێنه ده‌ره‌وه، کۆنفرانسه‌که چ واتایه‌کی ده‌بێت؟
ئایا په‌که‌که بانگهێشتی کۆنفرانس کراوه، له‌مباره هیچ زانیاریه‌کتان هه‌یه؟
نازانم. کۆنفرانس هێشتا له‌ئاستی گفتوگۆ دایه.
ئه‌گه‌ر په‌که‌که بانگهێشت نه‌کرێت، ده‌ته‌په به‌شداری کۆنفرانسه‌که ده‌بێ؟
ئێمه به‌گوێره‌ی جدی بونی کۆنفرانسه‌که هه‌ڵوێستمان ده‌بێ و چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین بزانین پێکهاته کۆنفرانسه‌که چۆن ده‌بێت و تا چ راده‌یه‌ک گرنگی به چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌دات. بۆچی به‌شداری کۆنفرانسێک بین که هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بێ؟ پێویسته کۆنفرانسێک ببه‌سترێ که کۆمه‌ڵێک ده‌رئه‌نجامی هه‌بێ.
ئه‌و کۆنفرانسه‌ی تیایدا په‌که‌که بانگهێشت نه‌كرێ، بێئه‌نجام ده‌بێت؟
بێگومان که‌مایه‌سی ده‌بێت.
چاوه‌ڕوانی چ ده‌رئه‌نجامێکن له‌و کۆنفرانسه‌ی ئامانجی چه‌ک کردنی په‌که‌که‌یه؟
ده‌گوترێ "کۆنفرانسه‌که له‌پێناو چه‌کدانانی په‌که‌که‌دا ده‌به‌سترێ". تاڵه‌بانیش وا ده‌ڵێ. گه‌لیش نارازییه له‌وه‌ی داخوازییه‌کانی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان گفتوگۆیان له‌سه‌ر نه‌کراوه. چونکه کۆنفرانسێک ته‌نیا له‌به‌ر چه‌کدانان نابه‌سترێ. ئه‌وکات هه‌ر که‌س به‌خۆی ده‌ڵێت خۆ من بۆ چه‌کدانان روم نه‌کردۆته چیا. با روڕاست بین. بێگومان ئامانجی سه‌ره‌کیی ئێمه‌ش دروستبونی جیهانێکی بێ چه‌که. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک پێشکه‌ش نه‌كرێ که ناسنامه‌ی کورده‌کان، فه‌رهه‌نگ و خوێندن به‌زمانی زگماکی گه‌ره‌نتی بکات، ئه‌وا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه فه‌شه‌ل دێنی. گرنگ جێبه‌جێکردن و به‌دیهێنانی داخوازییه‌کانی گه‌لی کورده. ئه‌مه، گه‌ر ئه‌مڕو و سبه‌ینێش نه‌بێت، پێویسته بناغه‌یه‌کی بۆ ئاماده بکرێت. له‌مێژوی جیهاندا زۆر نمونه‌ی هاوشێوه به‌دیده‌کرێ. بۆ میناک ده‌توانین ئاماژه به ئه‌فریقای باشور بکه‌ین. له‌وێ کێشه‌کان چۆن چاره‌سه‌ر بون، کێ که‌وته جموجوڵ و ئاشتی به چ شێوه‌یه‌ک سه‌قامگیر بو؟
ئێوه له‌دنیادا کام نمونه‌ی چاره‌سه‌ری ده‌که‌نه سه‌رمه‌شق؟
هیچ کێشه‌یه‌ک سه‌داسه‌د له یه‌کی تر ناچێ، به‌ڵام دواجار له‌هه‌ر شوێنێکی جیهاندا ئاشتی و چاره‌سه‌ری سه‌قامگیر کرابێ سه‌ره‌تا ئاماده‌کاری بۆ کراوه، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان گفتوگۆ کراوه و ئیراده‌یه‌کی ئاشتیانه خوڵقاوه. خاڵی هاوبه‌ش له‌هه‌مویاندا ئه‌وه‌یه که حکومه‌ته‌کان به‌بڕیاری هێنانی ئاشتی و ئیراده‌ی رزگارکردنی گه‌ل و وڵات له‌و قه‌یرانه، هاتونه‌ته پێشه‌وه.
تا چه‌ند ئومێده‌وارن به سه‌قامگیربونی ئاشتی؟
هه‌رگیز به‌ئاشتی هیوابڕاو نه‌بوین و نابین. دیاره تا هیوای ئاشتیمان نه‌پارێزین، ناتوانین سیاسه‌ت بکه‌ین. ئێمه گوتومانه "درێژه به لۆژیکی نکۆڵی و قڕکردن مه‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆش ئاشتی به‌دی نه‌یه‌ت، بێگومان رۆژێک هه‌ر به‌دی دێ. گه‌لی کورد هه‌ر به‌مافه فه‌رهه‌نگیه‌کان و ناسنامه‌که‌ی ده‌گات. له‌ناو چوارچێوه‌ی کۆماری تورکیادا بێگومان که‌شوهه‌وایه‌کی یه‌کسان ده‌خوڵقێ. با هه‌تا زویه کاردانه‌وه دیموکراتیه‌کانمان نیشان بده‌ین." له‌لایه‌کی تره‌وه ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دوایی، نیشان ده‌دات هه‌ندێک که‌س پێداگرن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئاسته‌نگی چێ بکه‌ن له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ریی ئاشتیانه.
بۆ ئه‌وه‌ی پرسی کورد له‌ڕێگه‌ی ئاشتیه‌وه چاره‌سه‌ر بێت، پێویسته چی بکرێ؟
ئێمه له‌مڕوه‌وه زۆر ئاشکرا و رونین. مافی ناسنامه‌ی گه‌لی کورد پێویسته له ده‌ستوری سه‌ره‌کییدا بچه‌سپێت. ده‌بێ ده‌ستورێکی نوێ بنوسرێته‌وه و تیایدا رۆح و لۆژیکی داننان به‌فره‌چه‌شنیه‌کانی ناو تورکیا وه‌ک ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ک به‌دی بکرێت. ئێمه‌ش هاوڵاتیانی تورکیاین. هاوڵاتیانی تورک خاوه‌نی هه‌ر مافێک بن، ده‌بێ هاوڵاتیانی کوردیش هه‌مان مافیان هه‌بێ. له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی ئۆتۆنۆمی دیموکراتیکدا، پێویسته ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی به‌هێز بکرێ و هه‌رێمه‌کان بتوانن به‌گوێره‌ی نیازه ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییه‌کانیان بڕیار بده‌ن. خوێندنگای په‌روه‌رده‌ی کوردی بکرێنه‌وه. بۆ نمونه ته‌ڕه‌ته شه‌ش وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ کرانه‌وه نیشان ده‌ده‌ن.....
ئایا وا نییه؟
خۆ کورده‌کان مافی ئه‌وه‌یان نییه به‌رنامه‌کانی ته‌ڕه‌ته شه‌ش ده‌ست نیشان بکه‌ن. له‌مباره‌وه له‌به‌ریتانیا پرسیارم کرد. له‌وێ سێ میلیۆن گاللی ده‌ژین. ئه‌وان ناچارن فێری زمانی گاللی بن و له‌خوێندنگاکان به زمانی گاللی ده‌رس ده‌خوێنرێت. پێمان گوت "سیاسه‌تێکی ئه‌وتۆی ئاسیمیلاسیۆنیان له‌سه‌ر په‌یر‌ه‌و کردبوین که ته‌نانه‌ت 5%مان زمانه‌که‌ی خۆمان نه‌ده‌زانی. به‌ڵام ئێستا ئه‌وانه‌ی گالی ده‌زانن بۆ 20% به‌رز بۆته‌وه. له‌ناو چینی گه‌نجاندا ئه‌و رێژه‌یه گه‌یشتۆته 40%." ده‌ڵه‌تی به‌ریتانیا، له‌پێناو پێشخستنی فه‌رهه‌نگی گالی و ئه‌و ته‌له‌ڤزیۆنه تایبه‌تیانه‌ی به‌زمانی گالی وه‌شان ده‌که‌ن ساڵانه 120 میلیۆن سترلین ته‌رخان ده‌کات. ئه‌مه واتای په‌ژراندن و پاراستنی گه‌لێک ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌رچی ته‌ڕه‌ته شه‌شه پشتگوێ خستنی گه‌لێکه. داواکارییه‌کانی ئێمه‌ش ئه‌وانه‌ن...
ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌رجانه پێک بێن، په‌که‌که واز له چه‌که‌کانی دێنێ؟
جیاوازییه‌کی وا له‌نێوان داخوازییه‌کانی ئێمه و ئه‌واندا نییه. داخوازییه‌کان زۆر لێک ده‌چن. ئه‌مانه به گشتی ویست و داخوازییه‌کانی گه‌لی کورده. من ناچارم به‌گوێره‌ی داخوازییه‌کانی گه‌ڵ هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌م و په‌كه‌که‌ش هه‌روا ناچاره.
به‌ڕای ئێوه په‌که‌که له چ هه‌لومه‌رجێکدا ئاماده‌یه چه‌ک دابنێ؟
پێویسته ده‌وڵه‌ت شه‌فاف و کراوه بێت. کاتێ له چیاکان هاتنه خوار، ئایا ده‌یانخه‌نه سیاچاڵه‌کانه‌وه یان ئه‌و مرۆڤانه روبه‌ڕوی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌نه‌وه و له‌پێناو ئه‌واندا زه‌مینه بۆ سیاسه‌تێکی دیموکراتیانه خۆش ده‌که‌ن؟ ئه‌و مژارانه پێویسته راشکاوانه گفتوگۆیان له‌سه‌ر بکرێت.
ئایا جیاوازی بۆچون هه‌یه له‌نێوان بارزانی و ده‌ته‌په‌دا؟
ئێمه سیاسه‌تمه‌داری دو وڵاتی جیاوازین. هه‌لومه‌رج و ده‌رفه‌ته‌کان به‌گوێره‌ی هه‌ر وڵاتێک ده‌گۆڕدرێ. ئه‌گه‌ر من ئێستا له عێراق بژیم داکۆکی له فیدراسیۆن ده‌که‌م. چونکه کورده‌کانی ئه‌وێ پارچه‌یه‌کن له ئیمپراتۆریای عوسمانلی. بێ ئه‌وه‌ی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری بکرێن، ده گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان خراون و ئاوێته‌ی یه‌کتری نه‌بون. به‌ڵام پێکهاته‌ی تورکیا جیاوازه. کورد و تورک شانسی ئه‌وه‌یان هه‌یه ژیانی هاوبه‌ش بدۆمێنن. چونکه له‌ڕاستیدا به هه‌زاران ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین. بۆیه ئێمه له‌تورکیا داکۆکی له فیدراسیۆن ناکه‌ین. ئێمه داکۆکی له ده‌سه‌ڵاتداریه‌کی دیموکرات و ئۆتۆنۆم ده‌که‌ین و ده‌مانه‌وێ ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی به‌هێز بکرێت.
پێشنیاره‌کانی ده‌ته‌په چین بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی؟
با ئیتر له‌وه بگه‌ین؛ کورده‌کان له‌تورکیا هه‌وڵی جیابونه‌وه ناده‌ن. کورد ده‌یانه‌وێ له‌چوارچێوه‌ی یه‌كێتی کۆماری تورکیادا، له سه‌ر بنه‌مای مافی یه‌کسان کێشه‌که چاره‌سه‌ر بێت. ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌ت به‌و داخوازییه‌ی کورده‌کان بێنن، چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که هێنده زه‌حمه‌ت نابێ. چونکه له‌م خاڵه‌دا ئاسته‌نگی به‌دیده‌کرێ. له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه دامه‌زراوه، لۆژیکی "کورده‌کان پوتانسیه‌لێکی مه‌ترسیدارن" له‌ئارا دایه. ئیتر پێویسته هه‌ندێک که‌س له‌و بۆچون و ترسه خۆیان رزگار بکه‌ن و تێبگه‌ن کورده‌کان نایانه‌وێ جیا ببنه‌وه.
پێتان وایه تا ئاشتیه‌کی ره‌ها دروست ده‌بێ، پێویسته ژێستی ئه‌هوه‌نکه‌ره‌وه‌ی دو لایه‌نه نیشان بدرێت؟
پێویستی به‌مه هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو ئاشتی و چاره‌سه‌ریدا نیازپاکی بخرێته رو، بێگومان ده‌بێ ئه‌م ژێستانه نیشان بدرێن.
باشه په‌که‌که وه‌ک ژێستێک، پاشه‌کشه به میلیتانه چه‌کداره‌کانی ده‌کات بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کان؟
بێگومان... ئه‌گه‌ر بزانن سه‌باره‌ت به ره‌خساندنی ئاشتی هه‌وڵی جدی له گۆڕێیه و بڕوا به‌وه بێنن ناکه‌ونه ناو بۆسه‌وه، بۆ ده‌بێ وا نه‌که‌ن؟ به‌ر له هه‌مو شتێک ده‌بێ متمانه دروست ببێت. ئه‌وان له رابردودا وایان کرد و له کاتی پاشه‌کشێدا، 300 تا 400 میلیتانیان لێ کوژرا. هه‌روه‌ها ساڵانی رابردو گروپی ئاشتیان ره‌وانه‌ی تورکیا کرد، به‌دوای ئه‌واندا بڕیار بو گروپی تریش ره‌وانه بکرێن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی هاتن هه‌ر یه‌که و 15 بۆ 20 ساڵ حوکمی زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پا.
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م کورد و هه‌م تورک داکۆکی له ئاتموسفێری ئاشتی بکه‌ن، چی ده‌که‌وێته سه‌ر شانی سیاسه‌تمه‌داره تورک و کورده‌کان؟
له‌پێناو ئاسته‌نگ کردنی بیری نه‌ته‌وه‌په‌رستی که تا دێ گه‌ش ده‌بێ، ڕۆڵێکی گرنگ ده‌که‌وێته سه‌ر شانی تورکه دیموکراته‌کان. وه‌ک چۆن له‌مێژوی فه‌ره‌نسادا هه‌ندێک رۆشنبیری فه‌ره‌نسی وه‌ک سارته‌ر، له به‌رامبه‌ر داگیرکردنی جه‌زائیر کاردانه‌وه‌یان نیشاندا، ئه‌مڕۆکه‌ش پێویسته رۆشنبیرانی تورک پشتگیری له ده‌ته‌په بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی کورد له‌ڕێگه‌ی دیموکراسی و له‌چوارچێوه‌ی یه‌کێتی تورکیادا چاره‌سه‌ر بکات و ئه‌م بڕوا و متمانه‌یه بخه‌نه ناو ریزه‌کانی خه‌ڵکیشه‌وه. ئێمه‌ش بێگومان ده‌بێ له‌مباره‌وه گه‌لی تورکیا قایل بکه‌ین. ئامانجی ئێمه ئازادیی گه‌لی تورکیشه. ئێمه له دڵه‌وه ده‌مانه‌وێ له‌م وڵاته‌دا ژیانێکی هاوبه‌ش هه‌بێ.
ئایا کورده‌کان تاسه‌ی ئه‌وه ناکه‌ن جیا ببنه‌وه‌و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن؟
له‌وانه‌یه هه‌ندێک که‌س داواکارییه‌کی وه‌هایان هه‌بێ، به‌ڵام پێویسته راستیه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان ببینین و ناچارین حسابی ئه‌وه بکه‌ین که له دنیای ئه‌مڕۆدا نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئه‌تنیک چ زیانێک به گه‌لان ده‌گه‌یه‌نێ. ئێمه دژی لۆژیکی ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌ین و داکۆکی له "ده‌وڵه‌تێکی دیموکراتیک" ده‌که‌ین. ئێمه مافی ئه‌وه‌مان نییه له جیهانێکدا که وڵاتان به‌ره‌و دامه‌زراندنی یه‌کێتی ده‌چن، یه‌کێتی ئه‌وروپا پێش ده‌که‌وێ، نه‌ته‌وه‌په‌رستی ئه‌تنیک په‌ره پێ بده‌ین و گه‌لان به‌ر بده‌ینه گیانی یه‌کتری.
پێتان وایه ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه قۆناغێکی خوێناوی بو؟
به‌ڵێ. له‌دنیای ئه‌مڕۆدا، پێویست به‌وه ناکات ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه بپارێزین، له‌به‌رامبه‌ریدا پێویستمان به هاوڵاتیبونی یه‌کسان و ده‌وڵه‌تێکی دیموکرات هه‌یه. به‌ڵام هه‌ندێک که‌س نایانه‌وێ ئه‌م وڵاته بگۆڕن. قۆناغی ئێستا، به‌رده‌وامبونی ستاتۆی گه‌ره‌که. چونکه ئه‌و تورکیایه‌ی کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر کردبێ و دیموکراتیزه بوه هه‌ندێک که‌س ناتوانن چی تر سیاسه‌ت بخه‌نه ژێر رکێفی خۆیانه‌وه....
