کورد، په‌که‌که و چه‌ک ....
ئه‌حمه‌د ئاڵتان
له‌تورکییه‌وه؛ سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له‌کاتێکدا ده‌ستگیرکردنی گومانلێکراوانی ئه‌رگه‌نه‌کۆن حه‌شری دروستکردوه، سه‌دان ده‌ته‌په‌یی له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر کران.
به‌شێکی به‌رچاویان قۆڵبه‌ست کران.
له‌ناو ده‌ستگیرکراوه‌کاندا سه‌رۆک شاره‌وانی و به‌رێوه‌به‌رانی پارته‌که‌ش به‌دیده‌کرێن.
به‌ڵام هیچکه‌س گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کرد که قۆڵبه‌ست کردنی ئه‌مانه، له‌ڕوی یاساییه‌وه گونجاوه یاخود نا.
چونکه ئه‌وان کوردن.
ده‌ستگیرکردنیان ئاساییه.
بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی مرۆڤه‌کان رابکێشیت، ده‌بێ له‌م وڵاته‌دا یان تورک بیت یان پرۆفیسۆر.
پۆلیس رایگه‌یاند گیراوه‌کان په‌یوه‌ندییان به په‌که‌که‌وه هه‌یه و ئه‌وه چوار ساڵه ده‌یانشۆپێنین.
له‌هه‌مو سوچێکی ئه‌م جیهانه، ئه‌ندامێتی له‌رێکخراوێکی چه‌کداردا تاوانه.
له‌ڕوانگه‌ی یاساییه‌وه شتێکی ئه‌وتۆ نییه له‌مباره‌وه بگوترێت.
ئه‌گه‌ر گیراوه‌کان به‌ڕاستی ئه‌ندامی په‌که‌که بن شتێک بۆ گوتن نامێنێ، به‌ڵام کاتی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته گومانێکی جدی دروست ده‌کا.
ئایا قۆڵبه‌ست کردنه‌کان رێک له واده‌ی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه، هه‌ندێک سه‌یر نییه؟
هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌ستگیرکردنه به‌کۆمه‌ڵه له‌سه‌روبه‌ندی به‌ستنی کۆنفرانسی کورد که هه‌ڵگری هیوای ئاشتییه بۆ تورکیا، بته‌وێ و نه‌ته‌وێ ئه‌م پرسیاره دروست ده‌کا "بۆچی ئێستا"؟
ئه‌گه‌ر تاکه ئاماده‌کاری بۆ کۆنفرانسی کورد ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیرکردنه بێ، داهاتوی ئه‌م کۆنفرانسه زۆر ئۆمێدبه‌خش نابێ.
چونکه له‌کۆتایی کۆنفرانسه‌که‌دا چاوه‌ڕێ ده‌کرا رێگه چاره بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که واز له چه‌ک بێنێ.
ئیتر جیهان ئاشتی ده‌وێت.
له‌پێناو چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد، سه‌ره‌تا پێویسته دان به‌ده‌سه‌ڵاتدارێتی کوردستان له‌عێراق دابنرێ و له هه‌رێمه‌که‌دا، ئاشتی جڤاکی بکرێته ئامانج.
بۆ ئه‌مه‌ش، پێویسته چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن.
به‌ڵام په‌که‌که بۆ دانانی چه‌ک ئاماده نییه.
له‌مباره‌وه، من به‌رده‌وام روبه‌ڕوی دو پرسیاری دژ به‌یه‌ک ده‌بمه‌وه.
پرسیاری یه‌که‌م؛ بۆچی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م قۆڵبه‌ست کردنانه‌دا ده‌نگ ده‌رناخه‌ن؟
ئێمه چی بڵێین له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا؟
ئه‌گه‌ر که‌سێک بۆمان شی بکاته‌وه ده‌سگیرکراوه‌کان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به‌په‌که‌که‌وه نییه و ئێمه‌ش قه‌ناعه‌ت به‌وه بکه‌ین ناهه‌ق بوین له‌به‌رامبه‌ریان، تا دوایی، ئه‌و مرۆڤانه ده‌پارێزین.
به‌ڵام گه‌ر به‌ڕاستی په‌یوه‌ندییان به‌په‌که‌که‌وه هه‌یه، نه ئێمه و نه هیچ که‌سی تر شتێکی له‌ده‌ست نایه. ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌که‌ونه ناو ئه‌و کارانه‌وه، دیاره ده‌رئه‌نجامه‌که‌شیان له‌پێش چاوه.
پێموایه پرسیاری دوهه‌م زۆر له‌وه‌ش گرنگتره.
بۆچی ره‌خنه‌ی قورس‌تر له‌په‌که‌که ناگرن، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌که‌کانیان دابنێن، بۆچی توندتر نانوسن؟
من ده‌مه‌وێ له‌زوترین کاتدا، په‌که‌که واز له‌چه‌ک بێنێت و ئاشتی سه‌قامگیر بکات.
مه‌حاڵه به چه‌ک بگه‌یته شوێنێک.
ئه‌گه‌ر له‌وێ بیست و پێنج ساڵی تریش شه‌ڕ به‌رده‌وام بێ، هێچ شتێک ناگۆڕدرێ.
به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌چه‌کدانان، ته‌نانه‌ت ئه‌و کوردانه‌ی په‌که‌که‌یش نین، به‌پارێزه‌وه نزیک ده‌بنه‌وه و پرسیاری ژیرانه‌یان له‌مێشکدایه.
ده‌ڵێن "ئێمه به‌ساڵان ئازارمان چێشت، سوکایه‌تی و ئه‌شکه‌نجه نه‌ما نه‌یبیسین و نه‌یچێژین، شه‌ڕه‌فی ژن، کچ و بنه‌ماڵه‌مان ژێر پێ خرا، گونده‌کانمان کاول کران، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کوردین وه‌ک هاوڵاتی پله دو سه‌یریان کردین، ئه‌گه‌ر په‌که‌که چه‌که‌کانی دابنێت کێ گه‌ره‌تنی ده‌کا جارێکی تر ئه‌مانه رو ناده‌نه‌وه؟"
ئایا که‌سێک هه‌یه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه؟
کورده‌کانیش داوای ئاشتی ده‌که‌ن، ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێ چه‌که‌کان بێده‌نگ بن، به‌ڵام پێویسته که‌سێک وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بداته‌وه.
ئه‌وه‌نده‌ی من تێی گه‌یشتبم کورده‌کان وه‌ک ئامرازێک بۆ بردنه‌وه‌ی شه‌ڕ، ناڕواننه "چه‌ک"، به‌ڵکه وه‌ک ئامرازێکی پێویست به‌کاری دێنن که "شه‌ڕه‌ف، به‌ها، که‌سایه‌تی و بونیان"ی پێ بپارێزن.
که چه‌کیان دانا نایانه‌وێ جارێکی دیکه له‌کۆڵان و شه‌قامه‌کان کۆیان بکه‌نه‌وه و بیانبه‌ن، نایانه‌وێ هه‌ڵبکوتنه سه‌ر گونده‌کانیان، نایانه‌وێ بێ وێژدانانه که‌ڕامه‌تیان ژێر پێ بخرێت.
وه‌ک ئاشکرایه بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که واز له‌چه‌ک بێنێ، ده‌بێ "گه‌ره‌نتی" بدرێت به‌کورده‌کان.
ئه‌مه‌ش شتێک نییه ته‌نیا به‌قسه پێک بێت.
چاوه‌ڕوانی و ئامانجیان کردنه‌وه‌ی ته‌ڕه‌ته شه‌ش، رێگه‌دان به‌گوتنی گۆرانی و بێده‌نگ بون له‌به‌رامبه‌ر قسه‌کردن به‌کوردی نییه.
ئه‌وان تورکیایه‌کیان ده‌وێ که بۆ کردنه‌وه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی مۆڵه‌ت له‌هیچکه‌سێک وه‌رنه‌گرن، وه‌ک چۆن تورکه‌کان ته‌له‌ڤزیۆنی تورکییان هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه ده‌یانه‌وێت ته‌له‌ڤزیۆنی کوردی‌یان هه‌بێت، ده‌یانه‌وێ دێهاته‌کانی کوردیش هێنده‌ی دێهاته تورک نشینه‌کان ئاسایشی هه‌بێ، ده‌یانه‌وێ مناڵانی کورد فێری کوردی بن وه‌ک چۆن مناڵانی تورک، فێری تورکی ده‌بن، ده‌یانه‌وێ له‌و هه‌رێمانه‌ی کورد ده‌ژی، شاره‌وانییه‌کان به‌کوردی بپه‌یڤن.
ده‌یانه‌وێ یه‌کسان بن.
هه‌روه‌ها ئه‌م یه‌کسان بونه له‌ده‌ستوردا بچه‌سپێت و له‌ڕێگه‌ی یاساییه‌وه گه‌ره‌نتی بکرێت.
ئه‌گه‌ر به‌مانه‌تان گوت "نا"، ئه‌گه‌ر پێتان گوتن "ئێره وڵاتی تورکه‌کانه، کورده‌کانیش تورکن"، کێشه‌که به‌ئاسانی نابرێته‌وه.
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌که‌که له‌ژێر گوشاری هه‌مو لایه‌کدا ناچاری چه‌کدانان بێت، کێشه‌که له‌و شوێنه وه‌ک خۆی راده‌وه‌ستێ و له‌داهاتودا به‌شێوه‌یه‌کی تر ده‌ته‌قێته‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی دان به‌بونی کورده‌کان دابنرێ، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ تورکه‌کان یه‌کسان بن و هه‌مان مافیان هه‌بێ، پێویسته تورکیایه‌کی نوێ بونیاد بنرێت.
ئینجا ئاشتی سه‌قامگیر ده‌بێ.
ده‌نگی چه‌که‌کانیش خۆبه‌خۆ کپ ده‌بێ.
چونکه له‌و شوێنه‌ی مرۆڤه‌کان تیایدا به‌خته‌وه‌رن، چه‌که‌کان ته‌قه‌یان نایه‌ت.
سه‌رچاوه؛ رۆژنامه‌ی (ته‌ڕه‌ف)