وتووێژ له‌گه‌ڵ عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان نووسه‌ری گه‌وره‌ی كورد

كاره‌ساته ئێستا "تاوان و سزا" ده‌كرێته كوردی...
دیداری: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
ــ ساڵی 1320ی هه‌تاوی له‌كرماشان له‌دایكبووه.
ــ ماوه‌یه‌كی زۆر مامۆستا بووه.
ــ هاوینی 1350 به‌هۆی چالاكیی سیاسی و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "از این ولایت" ده‌ستگیر كرا و هه‌شت مانگ له‌زینداندا ماوه‌ته‌وه.
ــ سێ ساڵ دواتر دیسان ده‌ستگیر كرایه‌وه و به‌پازده ساڵ زیندان حوكم درا له‌كاتێكدا سێ مانگ به‌سه‌ر زه‌ماوه‌نده‌كه‌یدا تێپه‌رِیبوو.
ــ دوابه‌دوای شۆرِشی ئێران له‌زیندان ئازاد كرا.
ــ به‌رهه‌مه‌كانی بۆ پازده زمان وه‌رگێرِدراون.
ــ هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌كانی بریتین له: "از این ولایت"، "ابشوران"، "فصل نان"، "قصه‌های بند"، "سالهای ابری"، "درشتی"، "روزنامه‌دیواری مدرسه ما"، "افسانه‌ها و متلهای كردی"، "فرهنگ گویش كرمانشاهی"، "فرهنگ افسانه‌های مردم ایران"، "نقدو بررسی ادبیات كودكان و نوجوانان".
*ئاغای ئه‌شره‌فیان، تۆش له‌رِیزی ئه‌و نووسه‌ره گه‌ورانه دایت كه كوردی و ناتوانی به‌كوردی بنووسیت، له‌و وڵاتانه‌ی كوردی به‌سه‌ردا دابه‌ش بووه، چه‌ندین نووسه‌ری ئاوا گه‌وره هه‌ن كه كوردن و به‌زمانی غه‌یره ده‌نووسن، یه‌شار كه‌ماڵ، سه‌لیم به‌ره‌كات و .. له‌مباره‌وه لێكدانه‌وه‌ی جیاجیا هه‌یه، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م له‌زاری خۆته‌وه ئه‌م حاڵه‌ته لێك بده‌یته‌وه.
ــ من پێموایه مه‌سه‌له‌ی من جیاوازه له‌گه‌ڵ ئه‌واندا. چونكه یه‌شار كه‌ماڵ و سه‌لیم به‌ره‌كات ئه‌گه‌ر به‌زمانی خۆشیان نووسیبایان، به‌هۆی به‌ربڵاوبوونی زاراوه‌كه‌یان له‌تیراژی به‌رهه‌مه‌كانیاندا تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه نه‌ده‌هاتن به‌ڵام من له‌بیرمه یه‌كه‌م چیرۆكی خۆمم به‌ناوی "رۆژێك" به‌كوردی كرماشانی نووسی، زاراوه‌ی كه‌ڵهوورِی. بردمه لای باقر موئمنی كه یه‌كێكه له‌رۆشنبیره دیاره‌كانی كرماشان و ئێستا له‌فه‌ره‌نسه‌یه و كۆمه‌ڵێك لێكۆڵینه‌وه‌ی باشی هه‌یه، كه چیرۆكه‌كه‌می خوێنده‌وه، وتی ئه‌گه‌ر ئه‌م چیرۆكه چاپ بكه‌ی، له‌كوێ چاپی ده‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر بته‌وێ له‌كرماشان چاپی بكه‌ی، ئه‌وا چاپخانه‌یه‌كی وامان نییه، پاشان تۆ ئه‌مه به چ تیراژێك بڵاو ده‌كه‌یته‌وه؟ دیاربوو به‌تیراژێكی كه‌م بڵاو ده‌بوویه‌و خوێنه‌رێكی زۆر كه‌م ده‌یانخوێنده‌وه. چونكه هه‌موو خه‌ڵكی ئێران ناتوانن سوود له‌م زمانه ببینن، پێمی گوت به‌فارسی بنووسم باشتره، ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێی خۆش بوو با بیكاته كوردی، ده‌نا كوردی نووسین كێشه‌ت بۆ دروست ده‌كات. ئه‌مه گرفتی سه‌ره‌كییم بوو. سه‌رنج بده، كۆمه‌ڵه چیرۆكی سادق هیدایه‌ت، ساعدی و .. ئه‌و كات له‌كرماشان 50 دانه‌ی لێده‌فرۆشرا، له‌كاتێكدا هه‌موو كه‌س تێیده‌گه‌یشت، جا ئه‌گه‌ر به‌كوردی نوسیبام ئه‌م تیراژه كه‌متریش ده‌بۆوه. ئیمكانی نه‌بوو. ناچار بووم به‌فارسی بنووسم.
*به‌ڵێ منیش پێموایه ئه‌گه‌ر به‌كوردی نووسیبات، ئێستا ته‌نها نووسه‌رێكی محه‌للی بوویت یاخود نه‌ده‌توانی دوو سێ به‌رهه‌م زیاتر بنووسیت به‌تایبه‌ت به‌هۆی ئابوورییه‌وه ناچار ده‌بووی وازی لێ بێنی، هه‌روه‌ك هه‌ندێك كه‌سی تریش له‌ئێران بۆ نموونه محه‌ممه‌دی قازی و ئیبراهیم یۆنسی.
ــ به‌ڵێ، وایه.
*له‌لایه‌كى دیكه‌وه ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌تان له‌سه‌ره كه‌خزمه‌تى ئه‌ده‌بیاتى فارسیتان كردووه و كاره‌كانتان ناكه‌وێته خانه‌ى ئه‌ده‌بى كوردیه‌وه. ئایا له‌به‌رنامه‌تاندا هه‌یه كه له‌داهاتوودا به‌كوردی بنووسن؟
ــ نا ئیتر ته‌مه‌نم به‌سه‌رچووه. به‌رهه‌مه‌كانم به‌نزیكه‌ى پازده زمان وه‌رگێرِدراوه، ئه‌گه‌ر به‌كوردى نوسیبام ته‌نانه‌ت به‌زمانێكش وه‌رنه‌ده‌گێردرا، ئه‌گه‌ر (یاشار كه‌مال) خزمه‌تى به‌زمانى توركى كردوه، ئه‌گه‌ر (به‌ره‌كات) خزمه‌تى به‌زمانى عه‌ره‌بى كردووه، كه‌واته منیش خزمه‌تم به‌زمانى فارسى كردووه، دیاره جیاوازیشیان نابینم هه‌رئه‌وه‌ى كه‌كوردێك چیرۆكه‌كانم ده‌خوێنێته‌وه، وه‌ریانده‌گێرِێته‌وه و ته‌نانه‌ت مامۆستا (عه‌بدولاَ حه‌سه‌نزاده) كه زۆربه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى منى كردۆته كوردى و خه‌ریكى وه‌رگێرِانی رۆمانه گه‌وره‌كه‌م "ساڵهاى ابری"یه، هیچ جیاوازییه‌كى نییه، وه‌ك ئه‌وه وایه خۆم به‌كوردى نووسیبێتم، بائه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه كه‌لهورِى كارى له‌سه‌ر نه‌كراوه.
*ئه‌ی چاره چییه، ئه‌و زاراوه‌یه هه‌روا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وانه‌ی كه‌ڵهورِن هه‌ر ده‌بێ به‌فارسی بنووسن؟
ــ مه‌گه‌ر ئێستا لاوه‌كان به‌و (N G O)یانه‌ى دروستى ده‌كه‌ن، دانیشن و سه‌رچاوه كۆبكه‌نه‌وه و كاربكه‌ن له‌مباره‌یه‌وه، ئه‌و وشانه‌ى نیمانه، بیان دۆزنه‌وه یان دروستیان بكه‌ن، چ له روانگه‌ى شعر و چ له رِوانگه‌ى چیرۆكه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بین و بناسرێن. به‌مجۆره ده‌كرێ به كه‌لهورِى بنوسین و شته‌كانمان بكرێنه فارسى.
* ئه‌م رۆمانه گه‌وره‌یه‌تان (سالهاى ابرى) كه ئێستا باستان كرد، ئایا ده‌كرێ وه‌ك ژیاننامه و سه‌ربورده‌ى خۆتان به‌ناوده‌كرێت وه‌ك هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن ؟
ــ به‌ڵىَ ده‌توانین بڵێین ژیاننامه‌ى خۆمه، 95%. له‌هه‌ندىَ شوێندا خه‌یاڵ له‌وانه‌یه رۆشتبێ و له‌ژیانى خۆم دوور كه‌وتبێته‌وه به‌لاَم به‌گشتى ژیانى خۆمه.
*زۆربه‌ی رۆمانه‌كانی ئێران كاردانه‌وه‌ی ژیانی نووسه‌ره، ئایا تێكه‌ڵكردنی ژیان و بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆت كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ره‌وتی رووداوه‌كان دانانێت له‌ناو رۆمان یان چیرۆكێكدا؟
ــ زۆربه‌ى نوسه‌رانى جیهان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى خه‌لاَتى نۆبڵیشیان بردۆته‌وه وه‌ك (گابریه‌ل گارسیا ماركیز و ساراماگۆ و ئۆرهان پامۆك) هه‌مویان له وتووێژه‌كانیاندا دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه سه‌ره‌تا ژیانى خۆیان ده‌نوسن و له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كاندا ژیانى خۆیان ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌یه. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ى له رۆمانه جیاوازه‌كاندا ده‌یانخوڵقێنن، ئه‌وانه‌ن كه له ژیاندا رووبه‌رِویان ده‌بنه‌وه وه‌ك باوك و دایك، بابه گه‌وره و خزم و خوێش، ئه‌مانه ئه‌و سیمایانه‌ن كه دروستیان ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت رۆماننوسێكى گه‌وره‌ى وه‌ك (میخاییل شولۆخۆف) له"دۆنى ئارام"دا بۆ زۆربه‌ى كه‌سایه‌تیه‌كان كه‌ڵكى له سیماى بنه‌ماڵه‌ى خۆی وه‌رگرتووه و به‌شێوه‌یه‌كی دیكه له‌رۆمانه‌كه‌ى خۆیدا دروستیان ده‌كاته‌وه.
* به‌گوێره‌ى ئه‌و فه‌زا پرِ له‌سانسۆره‌ى كه له ئێران هه‌یه و به‌مدواییانه ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته لووتكه، ئایا پێت وایه هه‌موو شتێكت گوتبێ و هیچ شتێكت له‌ناو خۆتدا نه‌هێشتبێته‌وه و تووشی خودسانسۆری نه‌هاتووی؟
- سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانم، له‌كتێبی (سالهاى ابرى)دا هه‌موو شتێكم گوتووه و ئه‌م كتێبه له‌ماوه‌ى ساڵێكدا گه‌یشته چاپى دووه‌م، هه‌ر به‌و نرخ و قورساییه به‌لاَم له چاپى سێهه‌مدا توشى كێشه هاتین و گوتیان پێویسته 700 لاپه‌رِه له‌و رۆمانه 3400 لاپه‌رِه‌یه واته یه‌ك له‌سێی رۆمانه‌كه سانسۆر بكرێت. من په‌سه‌ندم نه‌كرد تا ئه‌وه‌ى سیسته‌مه‌كه گۆرَِدرا و هه‌ندێك كرانه‌وه دروست بوو هه‌رچه‌نده ئیده‌ئالیش نه‌بێت. من به‌رده‌وام پێ‌داگر بووم له‌سه‌ر بلاَوكردنه‌وه‌ى به‌رَێك و پێكى، به‌پێچه‌وانه گوتم با بلاَو نه‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر 700 لاپه‌رِه‌ى سانسۆر بكرێت هیچى نامێنێ، ئه‌م سانسۆرِه ده‌گه‌رِایه‌وه بۆ دوو هۆى ده‌سته‌واژه‌یى، یه‌كه‌م پێویسته دایه گه‌وره له‌دیمه‌نى یه‌كه‌مدا له‌كاتى سه‌مادا خۆى بانه‌دات (به‌پێكه‌نینه‌وه)و ئه‌وى تریشیان سه‌ما بكه‌ینه هه‌ڵپه‌رِكىَ، دیاره پاشان وه‌ك خۆى چاپ كرا، به‌لاَم زۆربه‌ى كتێبه‌كانم ئیتر دواى 59 چاپ نه‌كران، "ازاین ولایت"و"اب شوراب" و "همراه با اهنگ بابام" و"فێل نان" كه به‌مدواییانه دواى 35 ساڵ سه‌ر له‌نوىَ چاپ كرانه‌وه كه "اب شوران" و "ازاین ولایت" چاپى بیست و پێنجه‌میان كرایه‌وه دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه.
*هه‌ر له‌م چوار چێویه‌دا ده‌توانین بڵین ئێستا بزافێكى دژى سانسۆر له‌ئێراندا له ئارادایه به‌پێشه‌نگى نوسه‌ران و روناكبیران؟
- بێگومان ئه‌م بزافه‌ی باسى ده‌كه‌یت توند‌و تۆڵ تر بووه چونكه جیهانى ئیمرِۆ جیهانێكى ته‌نانه‌ت سه‌عاتێك له‌مه‌و به‌ر نییه، له‌ماوه‌ى چه‌ند چركه‌دا ده‌توانین ئاگادارى هه‌موو هه‌واڵه‌كان بین له‌رێگه‌ى ئینته‌رنێته‌وه، جیهان یه‌كپارچه بووه و گۆرانكارییه‌كان كاریگه‌رى له‌سه‌ر یه‌كترى داده‌نێن خه‌ڵك ئیتر ده‌یه‌وێت له‌م گونده بچوكه‌دا بگه‌نه مافه‌كانیان. نه‌ك ته‌نها نوسه‌ران به‌ڵكو كرێكاران، مامۆستایان په‌رستاران و تانه‌ت خاوه‌ن كتێبه‌كانیش خه‌ریكه نارِه‌زایه‌تى ده‌رده‌برِن، ده‌یانه‌وىَ ئازادى هه‌بێت، رۆژنامه‌نوسان نایانه‌وێت هه‌موو رۆژنامه‌كان یه‌كرِه‌نگ بن وه‌كو ئه‌و قه‌یرانه‌ى ئێستا له‌گۆرِه‌پانى رۆژنامه‌نوسى ئێران‌دا ده‌بینرێ، بۆیه‌ش رۆژنامه نافرۆشرێت. رۆژنامه حكومییه‌كان به‌پشتگیرى ده‌وڵه‌ت رۆژبه‌رۆژ زیاتر ده‌بن ئه‌وانیش چونكه بابه‌تێكى تایبه‌تیان نییه‌و دووپاته‌ن نافرۆشرێن. ئه‌گه‌ر سانسۆر هه‌بىَ سه‌ربه‌خۆ نین، بۆ سه‌ربه‌خۆیى هه‌ر ئه‌وه‌یه سه‌رزه‌مینى خۆمان به‌ده‌ستى خۆمانه‌وه بێت؟ درۆیه ئه‌م سه‌ربه‌خۆییه. سه‌ربه‌خۆیى له‌دنیاى ئه‌مرِۆدا یه‌عنى سه‌ربه‌خۆیى ئازادى، كاتێك نه‌توانى ئه‌فراندن بكه‌ی، ئه‌و ترۆمبیله‌ى پێته هى خۆت نییه، كاتێك نه‌وته‌كه‌ت هه‌رزان ده‌كرێت، چونكه پالاَوتگه‌ى پێشكه‌وتووت نییه، كه‌واته تۆ سه‌ربه‌خۆ نیت و وابه‌سته‌ى، وابه‌سته‌یت به‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى له‌ده‌ور و به‌رتن و تۆ دروستت نه‌كردوون.
* كاتێك رۆمانه‌كانى تۆ ده‌خوێنینه‌وه ده‌چینه ئه‌و شوێنانه‌ى كه خۆت لێیان ژیاوى و كرماشان له مێشئكماندا وێنا ده‌بێت، وه‌ك چۆن له رۆمانه‌كانى (یاشار كه‌ماڵدا) چوكورئۆڤا و له‌هى (ماركیز)دا ئه‌مریكاى لاتین، شوێن چ رۆڵێكى هه‌یه له‌فه‌زاى چیرۆكدا؟
- به‌برِواى من شوێن رۆڵێكى گرنگى هه‌یه (ویلیا‌م فاكنه‌ر) به‌و هه‌موو نوێگه‌رایى و شێوازه نوێیه‌ى هه‌یه‌تى، زۆر پابه‌ندى شوێن بوو، شوێن بیره‌وه‌رى گرنگ له‌مێشكى مرۆڤدا زیندوو ده‌كاته‌وه. ئێستا ماوه‌یه‌كه له (كه‌ره‌ج)م زۆر شه‌و خه‌و به‌كرماشان ده‌بینم، خه‌ونى كۆلاَنه‌كانى، هه‌میشه به‌گریانه‌وه له‌خه‌و راده‌چه‌نم وه‌ختێك بیر له‌و رۆژانه ده‌كه‌مه‌وه. هه‌رگیز ناتوام بیره‌وه‌رییه‌كان له‌مێشكمدا بسرِمه‌وه ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی پابه‌ندبوونى له‌رِاده به‌ده‌رمه به‌و فه‌زایه، پێموایه "دۆنى ئارام"ى شۆلۆخۆف نه‌یده‌توانی بىَ ئه‌و شوێنه دۆنىَ ئارام بێت هه‌ر ناوى كتێبه‌كه ناوێكه كه له شوێنێكی تایبه‌ت وه‌رگیراوه.
*سوژه و ناوه‌رۆكى زۆربه‌ى چیرۆكه‌كانى ئێوه ره‌نج و مه‌ینه‌تى خه‌ڵكى فه‌قیر و به‌له‌نگازه، پێت وانییه دووپاته‌ن و پێویست ده‌كات كار له‌سه‌ر فه‌زاى دیكه‌ش بكه‌یت؟ چونكه ئه‌ده‌بیاتی فه‌قیرانه تایبه‌ت بوو به‌سه‌رده‌مێك له‌سه‌رده‌مه‌كان و ئێستا كۆمه‌ڵگاش له‌و قه‌یرانه ده‌رباز بووه؟
- من له‌ناو ئه‌مانه‌دا ژیاوم، خۆم ره‌نج و مه‌ینه‌تم چێشتووه. مناڵێكى پێنج ساڵه بێننه پێش چاو كه پێویسته یارى بكات، به‌ڵام له‌بری یاری كار ده‌كات و باوكى ناچارى ده‌كات مل بداته به‌ر ئیشی قورس و زۆر كات ته‌نانه‌ت كاركردن له به‌رده‌م خوێندنیشدا ده‌بووه ئاسته‌نگ، زۆر كارى جۆراو جۆرم كردووه، له‌ژێر قرچه‌ى هه‌تاودا كه كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر پێستم دانا. نه‌مده‌توانى جگه له‌م فه‌زایه فه‌زایه‌كى تر دروست بكه‌م له "سالهاى ابرى"دا نووسیومه كه بنه‌ماڵه‌كه‌م هه‌موویان كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بوون، ته‌نانه‌ت ژنانى ماڵى ئێمه‌ش جگه له‌ماڵدارى و كابانی كارى تریان ده‌كرد وه‌ك خه‌یاتى و دروومان.
* یانى به‌برِوای ئێوه ئه‌ده‌بیات باشترین ئامرازه بۆ ده‌رِبرِین و هێنانه زمانى ئه‌و ده‌ردو ئازارانه، ده‌بێ بنوسرێن تا له‌بیر نه‌چنه‌وه؟
- ئه‌ده‌بیات و مۆسیقا.. ته‌نانه‌ت هونه‌ره‌كانى دیكه‌ش بۆ نمونه نیگار كێشى.
* ئه‌ی تۆ تاچه‌ند كه‌ڵك له‌هونه‌ره‌كانى تر وه‌رده‌گرى به‌تایبه‌ت مۆسیقا؟
ــ مۆسیقا رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌یه له‌نووسراوه‌كانمدا. من له‌كتێبی "فێل نان"و كتێبی "اب شوران"دا باس له‌شمشاڵ ژه‌نێك ده‌كه‌م، باس له‌و هه‌ڵپه‌رِكێیانه ده‌كه‌م كه دایكم و وان له‌ماڵدا ئه‌نجامیان ده‌دا. له"سالهای ابری"دا دیمه‌نێكی گرنگم هه‌یه له‌سه‌ر هه‌ڵپه‌ركێی دایكم له‌شایی كورِه‌كه‌یدا. ئه‌مانه و سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه له‌چیرۆكه‌كانمدا، هه‌م له‌مه‌له‌كان و هه‌م له‌مرۆڤه‌كانه‌وه وه‌ك ئاوازێك ده‌گاته گوێ.
*با زیاتر باسی ناوه‌رِۆكی چیرۆكه‌كانت بكه‌ین، سووژه‌ی زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی ئێوه ئه‌فسانه و كه‌لتوورو داب و نه‌ریتی خه‌ڵكه كه ئه‌مه‌ش خۆی جۆرێكه له‌رِه‌سه‌نایه‌تی، هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ربرِین و خه‌یاڵێكی نوێ، ئێوه چۆن مامه‌ڵه ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی و فلكلۆر له‌ده‌قدا؟
ــ من به‌رده‌وام بیرم له‌وه ده‌كرده‌وه بۆچی كه‌سانێكی وه‌ك خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌دی شاملوو ئه‌وه‌نده له‌شیعره‌كانیاندا سه‌ركه‌وتوون. ئینجا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتم كه ئه‌حمه‌دی شاملوو به‌ر له‌هه‌ر شتێ به‌سه‌ر كه‌لتووری خه‌ڵكدا زاڵبوو. به‌رهه‌می ئه‌مه‌ش ئه‌و كتێبانه‌ی هه‌فته بوون كه له‌سه‌ره‌تای چله‌كاندا چاپ و بڵاو ده‌بوونه‌وه‌و ئه‌وه‌ش بوو به‌سه‌ره‌تایه‌كی باش. شاملوو هێنده زاڵ بوو كه ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه وه‌رگێرِدراوه‌كانیشی بۆ نموونه وه‌ك "پابرهنه‌ها"ی "زاهاریا ئیستانكۆ" ده‌خوێنیته‌وه، بۆت ده‌رده‌كه‌وێ به‌رِاستی شاملوو تواناییه‌كی زۆری هه‌بووه له‌به‌كارهێنانی هه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌دا كه پێشتر له‌وه‌رگێرِاندا به‌كار نه‌هاتبوون. هه‌ڵبه‌ت نووسه‌رێكی تریش هه‌وڵیدا له‌وه‌رگێرِانه‌كانیدا شتی ئێرانی به‌كار بێنێت، ئه‌ویش محه‌ممه‌د عه‌لی جه‌مالزاده بوو، به‌ڵام به‌و جۆره سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا كه شاملوو تیایدا سه‌ركه‌وتوو بوو. یانی ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین شاملوو له‌جه‌ماڵزاده زیاتر زاڵبوو به‌سه‌ر كه‌لتوور و دابونه‌ریتی خه‌ڵكدا. من پێموایه نووسه‌ر یان شاعیرێكی لاو ده‌بێ به‌سه‌ر كه‌لتووری كۆمه‌ڵگاكه‌یدا زاڵ بێت. ئه‌م زاڵبوونه‌ش به‌خوێندنه‌وه یاخود گه‌رِان به‌ناو خه‌ڵك و دێهات و شوێنه جیاوازه‌كاندا دروست ده‌بێت. پێویسته نووسه‌رێكی لاو وتووێژی خه‌ڵك له‌ده‌فته‌رێكدا بنووسێته‌وه و هه‌میشه پێی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیری نه‌چێته‌وه، چونكه ره‌سه‌نایه‌تییه‌كی سه‌یر له‌م گفتوگۆیانه‌دا هه‌یه. ئێمه ئه‌گه‌ر زۆریش فشار بۆ خۆمان بێنین و بیر بكه‌ینه‌وه له‌كاتی نووسیندا ناتوانین بگه‌ینه ئه‌م ره‌سه‌نایه‌تییه. بۆیه من به‌ره‌و لای ئه‌فسانه و په‌ندی پێشینیان چووم. كتێبی ئه‌فسانه و په‌نده كوردییه‌كانم بۆ یه‌كه‌مجار له‌كرماشان كۆكرده‌وه. ده‌ڵێم یه‌كه‌مجار چونكه به‌رِاستی به‌ر له‌من كه‌س نه‌یكردوه، پاشان ئه‌و فه‌رهه‌نگه گه‌وره‌یه‌م به‌یارمه‌تی ره‌زا خه‌ندان (مه‌هابادی) ئاماده كرد كه بیست به‌رگه. ئه‌م كاره‌م ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه كرد كه سه‌رنجی نووسه‌رانی لاو بۆ ئه‌وه رابكێشم كه جگه له‌خوێندنه‌وه‌ی كاره‌كانی شاملوو كه زاڵیان ده‌كات به‌سه‌ر كه‌لتوور و زمانی فارسی‌دا، ئه‌فسانه‌كانیش بخوێننه‌وه.
*هونه‌ری رۆمان هونه‌رێكی مۆدێرنه، به‌ڵام له‌ناو ئێمه‌دا زیاتر ئه‌قڵییه‌تێكی وه‌رزێرِی و كشتوكاڵی زاڵه، پێت وا نییه نووسراوه‌كانی ئێوه‌ش له‌م چوارچێوه‌یه دان، ئایا هیچ هه‌وڵدانێك هه‌یه بۆ تێپه‌رِاندنی ئه‌م دۆخه؟
ــ سه‌یركه‌ن زۆربه‌ى فه‌زاكان هى گونده به‌ڵام "اب شوران" فه‌زایه‌كى شارى هه‌یه، من جیاوازم له‌و كه‌سه‌ى له‌گوند له‌دایك بووه، چونكه من له‌شار له‌دایك بووم ئه‌و چیرۆكانه‌ى كه په‌یوه‌ستن به‌گونده‌وه ده‌گه‌رِێنه‌وه بۆ ئه‌و سالاَنه‌ى له(گیلانغرب) مامۆستا بووم. من گونده‌كانى گیانغربم له‌نزیكه‌وه بینى هه‌ڵبه‌ت ژیان و به‌رهه‌مى سه‌مه‌دى بهره‌نگى و چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵیدا بوه هۆى ئه‌وه‌ى روبكه‌مه كێشه‌كانی گوند‌و بیره‌وه‌رییه‌كانم له‌گوند به‌شێوه‌ى كورته چیرۆك بنوسمه‌وه. له(سالهاى ابرى)یشدا هه‌م فه‌زایه‌كى دێهاتیانه هه‌یه و هه‌میش فه‌زایه‌كى شاری، له‌شاره‌وه ده‌ست پێده‌كات به‌لاَم له یادگارییه‌كانى باوكم و باپیرم و ئه‌وانه ده‌چینه‌وه ناو گوند.
* بۆچوونێك هه‌یه ده‌ڵێت رۆمانى درێژ چیتر خوێنه‌رى نییه و ناتوانى كاریگه‌رى هه‌بێت، به‌تایبه‌ت دوابه‌دواى ده‌ركه‌وتنى سه‌ته‌لایت و ئه‌نته‌رنێت، له‌كاتێكدا ئێوه له‌چیرۆكى كورته‌وه روتان كردۆته رۆمانی درێژ.
* له دنیادا كه‌سانێكى كه‌م هه‌ن ته‌نها كورته چیرۆك بنوسن. چیخۆف، ئیدگار ئاله‌ن پۆ و له‌مدواییانه‌شدا رایمۆند كارڤێره كه ئه‌مانه رۆمانیان نه‌نوسیوه و ته‌نها كورته چیرۆكیان هه‌یه به‌لاَم با ئه‌وه‌مان بیر نه‌چێت كه زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى نوسه‌رانى دنیا بۆ نموونه گابریه‌ل گارسیا ماركیز له‌كورته چیرۆكه‌وه ده‌ستیان پێكرد، هه‌ڵبه‌ت ماركیز به‌رۆژنامه‌وانى ده‌ستى پێكردو پێشى وابوو هه‌ر گه‌نجێكی نووسه‌ر پێویسته ماوه‌یه‌ك سه‌رقاڵى كارى رۆژنامه نوسى بێت و ئینجا كورته چیرۆك و رۆمان. ئه‌مه به‌گشتى چاره‌نوسى هه‌موو نوسه‌رێكه. منیش كورته چیرۆكم ده‌نوسى و پاش ماوه‌یه‌ك بیرم كرده‌وه كه ئه‌و بابه‌ته‌ى هه‌ڵمبژاردووه بۆ رۆمانێك ده‌ستده‌دا، به‌لاَم سه‌باره‌ت به‌و بۆچوون و به‌یانانه‌ی كه سه‌رده‌می فڵان و فیسار به‌سه‌ر چووه یاخود ئه‌م شێوازه له‌ئه‌ده‌بیات باوی نه‌ماوه، به‌برِوای من له‌جێدا نین و دوورن له‌رِاستی. به‌ر له‌وه‌ی "دۆنی ئارام"ی میخائیل شۆلۆخۆفیش خه‌ڵاتی نو‌بڵ وه‌ربگرێت، ئه‌مجۆره قسانه ده‌كرا و ده‌یانگووت (مه‌رگی رۆمان) و ئیتر هه‌موو شتێ ته‌واو بوو. وه‌لێ دیتمان درێژه‌ی هه‌یه. تا كاتێك ژیان به‌رده‌وام بێت، به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانیش به‌رده‌وامن. دیاره گۆرِانكارییان به‌سه‌ردا دێت چونكه شعووری خه‌ڵك ده‌چێته سه‌ر. له‌رۆژی ئه‌مرِۆدا به‌رِاستی نووسین زۆر ئه‌سته‌مه. ئه‌گه‌ر نووسه‌رێك خۆی نوێ نه‌كاته‌وه، به‌رده‌وام موتاڵای نه‌بێت، ناتوانێ له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وته نوێیه‌دا هاوئاهه‌نگ بێت و شت بنووسێت. من ناڵێم شتێكی ئاڵۆز بنووسێت كه خه‌ڵك لێی تێنه‌گه‌ن، نا، به‌تایبه‌ت وه‌ك نووسه‌ره‌كانی ئێران مه‌كه‌ن كه چاوه‌رِێن یه‌كێك خه‌ڵاتی نو‌بڵ وه‌ربگرێت و پاشان له‌چه‌ند لاوه لاسایی بكه‌نه‌وه. له‌ئێراندا لانیكه‌م ده‌توانم نمونه‌ی ده‌یان رۆمان بێنمه‌وه كه لاسایی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)یان كردۆته‌وه و هیچكامیشیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ریالیزمی جادووییدا. ئێستا بۆ نموونه ئۆرهان پاموك له‌توركیا كه خه‌ڵاتی نوبڵی وه‌رگرتوه، بۆ به‌یانی ده‌بینین له‌ئێران لاسایی ده‌كرێته‌وه، یه‌عنی خوڵقكاری ناكه‌ن. هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاته‌كه‌مان نابێته جیهانی و له‌لایه‌ن جیهانییانه‌وه پێشوازی لێناكرێت و ئه‌وه‌ی ته‌رجومه‌ش كراوه‌ته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌یه. چونكه خوێنه‌رێكی بیانی ده‌یه‌وێ ئه‌فراندنێك له‌به‌رهه‌مه‌كه‌دا ببینێ. كاتێك بینی ئه‌مه هه‌مان شته كه ماركیز نوسیویه‌تی، دیاره پێشوازی لێناكات. جگه له‌مانه بڵاوكه‌ره‌وه‌یه‌ك چ ئێرانی بێت یان بیانی، به‌تایبه‌ت بڵاوكه‌ره‌وه بیانییه‌كان كه بواری ئابووری به‌لایانه‌وه زۆر گرنگه، نایه‌ن سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر كتێبێك بكه‌ن كه 400 تا 500 دانه‌ى لێبفرۆشرىَ و ئه‌وى تر‌ى بمێنێته‌وه. بۆیه كتێبه‌كانی ئۆرهان پامۆك كه دوانیان كراونه‌ته فارسى واته (قلعه سفید) و (زندگى ن‌و) و سه‌رجه‌م ده رۆمانى هه‌یه، وه‌رگێراونه‌ته سه‌ر 40 زمانى بیانى، به‌تیراژى لانیكه‌م په‌نجا هه‌زار بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و پێشوازى زۆر به‌رفراوانى لێكراوه، بلاَوكه‌ره‌وه‌یه‌كى بیانى پاره‌كه‌ى فرِێنادات، ده‌زانىَ چى بكات؟ بۆیه‌ش ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه كه سه‌رده‌مى رۆمانى درێژ تێنه‌په‌رِیوه و ئه‌و ره‌قیبانه‌ى بۆ به‌رهه‌مه نووسراوه‌كان دروست بوون وه‌ك ئینته‌رنێت، سه‌ته‌لایت و كۆمپیوته‌ر هیچ كامێكیان نه‌یانتوانیوه كاریگه‌رییان هه‌بیت له‌سه‌ر میراتى گوته‌نبێرگ.
*هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
ــ چونكه كه كتێبێك ده‌گریته ده‌ست بۆ خوێندنه‌وه، خۆت ده‌رهێنه‌رى فیلمێكى كه له‌به‌ر ده‌ستى خۆت دایه هه‌ر كه ماندوو بویت وازى لێ دێنى، بیرده‌كه‌یته‌وه جارجاره كتێبه‌كه وێك ده‌نێت و ده‌چیته دنیاى بیركردنه‌وه. فیلم یاخود شتى بینراو ئه‌م قازانجه‌ى نیه. ئێمه به‌شتى نوسراو راهاتووین چونكه پێویسته بیرى لێبكه‌ینه‌وه، به‌لاَم ده‌مانه‌وێت هه‌موو شتێك ببیسین بۆ نمونه بیرت دىَ فلاَن چى كرد چى بوو... هه‌ندێكیشی ده‌خه‌ینه سه‌ر و پێوه‌ى ده‌نێن. ئه‌گه‌ر سه‌یرى فیلمێك بكه‌ین، به‌ده‌م گوڵه به‌رِۆژه تروكانه‌وه نازانین سه‌ره‌نجمان له‌سه‌ر گوڵه‌به‌رِۆژه بێت یان دیمه‌نه‌كانى فیلمه‌كه. خێرا له‌پێش چاومان تێده‌په‌رِێت و له‌وانه‌شه رۆژێك به‌بیرماندا بێت و ته‌واو، به‌لاَم كتێب ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ى نیه به‌برِواى من تا كاتێك شتێكی له‌مه گرنگ تر نه‌خولقێت هه‌ر ده‌مێنىَ، كه‌واته رۆمان هه‌روا خوێنه‌رى هه‌یه به‌تیراژێكى زۆره. نمونه‌ی ئۆرهان پامۆك دێنینه‌وه چونكه تازه ئه‌مساڵ خه‌لاَتى نۆبڵى وه‌رگرت، ئه‌وه‌ى كه رۆمانه‌كانى به‌تیراژى په‌نجا هه‌زار و سه‌د هه‌زار بلاَو ده‌بنه‌وه باش پێمان ده‌سه‌لمێنى رۆمان هێشتا زیندووه.
* سه‌باره‌ت به ئۆرهان پامۆك پێت وانییه به‌جیهان بونى ئۆرهان پامۆك و به‌خشینى خه‌لاَتى ئه‌ده‌بى نۆبڵ به‌و نوسه‌ره به‌جۆرێك په‌یوه‌ست بێت به‌هه‌ندێك بێنه و به‌ره‌ى سیاسیه‌وه؟
- ئه‌م قسانه بۆ (پاسترناك)یش هه‌ڵبه‌ستران، به‌تایبه‌ت بۆ كتێبه‌كه‌ى "دكتۆر ژیڤاگۆ". ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به شۆلۆخۆفیش هه‌مان بۆچوون هه‌بوو، چونكه (دۆنى ئارام) ئه‌وكتێبه بوو كه‌دواتر لایه‌نگرانى ستالین ره‌خنه‌یان لێگرت. بۆ زۆر كه‌سى تریش وتراوه، نا، من وابیر ناكه‌مه‌وه، زۆر نوسه‌ر له‌دنیادا به‌دیده‌كرێن كه‌به‌رهه‌مه‌كانیان لاوازه و ناره‌زایه‌تى سیاسى ده‌رده‌برِن به‌لاَم دواجار خه‌لاَتى نۆبڵ له‌سه‌ر هه‌ندێك بنه‌ما پێشكه‌ش ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو رۆمانه وه‌رگێرِدراوه‌ى پاموك بخوێنیته‌وه كه باسمكرد تۆش دێیته سه‌ر بۆچونه‌كه‌ى من و ده‌بینى حه‌قى خۆیه‌تى. به‌لاَم بیرمان نه‌چێت دنیا پێویستى به‌نوسه‌رى نارازییه. واته هه‌موو دنیا ده‌ڵێن ئه‌و نوسه‌ره كه رۆماننوسه نابێت له‌مه‌سه‌له‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى دوربێت. له‌به‌رامبه‌ر بىَ مافى و زوڵم و سێداره كه راده‌وستىَ كه له‌دژى قه‌تڵ و عامى ئه‌رمه‌ن و كورد ده‌بێته‌وه، ئه‌وه نوسه‌رێكی حه‌ساسه. لێره‌دا ده‌ڵێن سیاسیه، به‌لاَم دیاره ئه‌و مه‌سه‌لانه له به‌ناوبانگ كردنى ئۆرهان پامۆك و هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى كه‌خه‌ڵك له‌كتێبه‌كانى بگه‌رِێت و تیراژى كتێبه‌كانى بچنێته سه‌ر كاریگه‌ریی هه‌یه و له‌ئه‌نجامیشدا راسته‌وخۆ كار ده‌كاته سه‌ر وه‌رگێرِانی كتێبه‌كانی به‌زمانی دیكه.
* ئاغاى ده‌روێشیان ئێوه‌ش نوسه‌رێكه خاوه‌ن هه‌ڵوێستن و له به‌رامبه‌ر زۆر شت‌دا هه‌ڵوێستى شه‌فافتان نواندووه و نارِه‌زایه‌تیتان ده‌ربرِیوه، ئایا تا ئێستا له‌مباره‌یه‌وه روبه‌رِوى هه‌رِه‌شه‌و گورِه‌شه نه‌هاتوون هه‌روه‌ك زۆربه‌ى نوسه‌رانى خاوه‌ن هه‌ڵوێست؟
- بۆچى من هه‌میشه روبه‌رِوى هه‌رِه‌شه بومه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ساڵى 1377 كه له كانونی نوسه‌رانى ئێران دوو هاورِێی خۆشه‌ویست و بیرمه‌ندم له‌سه‌ر شه‌قام گیران و خنكێندران، ئه‌وه به‌رنامه‌یه‌ك بوو كه‌منیش تێیدا بووم و ده‌بوو كوژرابام. به‌رده‌وام بانگ ده‌كرێم، لێپێچینه‌وه‌م له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت، موزاحیمه‌تى ته‌له‌فۆنیم بۆ دروست ده‌بێت، سوكایه‌تیم پێ ده‌كرێت، هه‌ر رێگه‌نه‌دان به كانونى نووسه‌رانى ئێران خۆی جۆرێك هه‌رِه‌شه‌یه، رێگه ناده‌ن ئه‌م ناوه‌نده چالاكی هه‌بێت و له‌ماڵێكى بچوكدا و به‌ژماره‌یه‌كى كه‌مه‌وه كاربكات. گرنگ تر له‌وانه‌ش كتێبه‌كانم به‌رده‌وام سانسۆر ده‌كرێن، به‌رپرسانى سانسۆر له‌لێدوانه‌كانیاندا راشكاوانه گوتویانه كه هه‌ر كتێبێ بگاته ده‌ستمان سه‌ره‌تا سه‌یرى ناوى نوسه‌ره‌كه‌ى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بزانین كێیه ده‌نا له‌وانه‌یه هه‌ر كتێبه‌كانى من به‌ناوى كه‌سێكى تر مۆڵه‌تیان پێبدرێت به‌لاَم چونكه ناوى منى له‌سه‌ره گرفتى بۆ دروست ده‌كه‌ن ئه‌و هه‌رِه‌شانه هه‌ن و له‌و جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌شدا ناكرىَ ئاسوده بژیت، هه‌میشه سێبه‌رى ترست له‌سه‌ره.
* وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌می كانوونی نووسه‌رانی ئێران پێت وایه بۆچى ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م كانونى نوسه‌رانى ئێران‌دا دروست ده‌كرێت، بۆ مۆڵه‌تی پێ‌نادرێت؟
ـــ چونكه كانونى نوسه‌رانى ئێران گرنگ ترین دروشمى دژایه‌تى سانسۆر و هه‌روه‌ها خه‌باته له‌پێناو ئه‌ندێشه‌و راده‌رِبرِیندا، هه‌ر ئه‌م دوانه‌ش مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئه‌و رژێمانه‌ى سه‌ره‌تا به‌ڵێنى هاوكارى و به‌ڵێنى باشكردنى دۆخى بژێوى خه‌ڵك ده‌ده‌ن و پاشان به‌ڵێنه‌كه نابه‌نه سه‌ر و هه‌ر جۆره نارازاییه‌ك به‌م جۆره كارنه‌كردن و په‌یمان شكاندنیان سه‌ركوت ده‌كه‌ن، كانونیش یه‌كێكه له‌و ده‌زگایانه‌ى نایه‌وێت بێده‌نگ بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بارودۆخه‌دا. سه‌رده‌مانێك خوالێخۆشبوو(شاملوو) كه له‌وتووێژێكدا سه‌باره‌ت به پرسیارێكى به‌مجۆره وتی: "ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت بده‌نه كانونى نوسه‌ران ئه‌مه ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ سه‌رجه‌م سه‌ندیكا و رێكخراوه سنفییه‌كان." كانوون پێش هه‌موو شتێ ده‌زگایه‌كى سنفییه، ده‌مانه‌وێت له‌م كانونه‌دا مافی نوسه‌ر له‌به‌ر چاو بگرین چ له‌روانگه‌ى سانسۆرى به‌رهه‌مه‌كانی و چ له‌روانگه‌ى ئازادی ئه‌ندێشه و قه‌ڵه‌م. هه‌روه‌ها هه‌ندێك بلاَوكراوه هه‌ن مافى نوسه‌ر پێشێل ده‌كه‌ن، ئێمه چونكه به‌قه‌ڵه‌م كار ده‌كه‌ین بته‌وىَ و نه‌ته‌وىَ دزه ده‌كه‌ینه گۆرِه‌پانى ئه‌ندێشه‌وه، چونكه ئه‌وه كارى ئێمه‌یه. سه‌رو كارى ئێمه له‌گه‌ڵ كارى ئه‌ندێشه و راده‌ربرِینه. كارى مه ئه‌وه‌یه سانسۆر نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خوڵقكار بێن، ئێمه سیاسی نین به‌لاَم هه‌ندێكجار ناچار ده‌بین بكه‌وینه ناو ئه‌و سنورانه‌وه، به‌لاَم ئه‌وه‌ش بۆ به‌ده‌سته‌وه گرتنى ده‌سه‌لاَت نییه. نامانه‌وىَ ببینه سه‌رۆك كۆمار. من له‌وتووێژه‌كانمدا وتومه ده‌توانم پۆلێكى 30 كه‌سى به‌رِێوه به‌رم به‌لاَم ناتوانم قوتابخانه‌یه‌كى 500 كه‌سى به‌رِێوه ببه‌م. زۆربه‌ى هاورِێیانی تریشم به‌مجۆره‌ن. ئه‌وانه وه‌ك چۆن (هاوێل) له‌چیك دێته سه‌ر كار كه نوسه‌رێك بوو، ده‌ترسن له‌ئێرانیش شتێكى به‌مجۆره بێته ئاراوه. به‌لاَم ئه‌مه رونادات جارجاره‌ش كه به‌ناچارى موداخه‌له‌ى كاروبارى سیاسى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌یه ده‌مانه‌وێت كارى كۆمه‌لاَیه‌تى بكه‌ین. ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵگا ئازاد بێت، بۆ ده‌سه‌لاَت ئه‌م ئیشه ناكه‌ین و دژى هێزوو ده‌سه‌لاَتین.
*تا چه‌ند ئاشنان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتى كوردیدا؟
ــ وه‌ك ده‌زانن من له‌شوێنێك ژیاوم كه ئه‌ده‌بیاتى كوردى تیایدا قه‌ده‌غه بوو و هیچ كتێبێكی كوردی نه‌ده‌گه‌یشته ده‌ستمان یان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان سانسۆر ده‌كرا. له‌و كاته‌وه‌ى كه هه‌ندێك كتێبى كوردیم به‌ده‌ست گه‌یشت، ده‌ستم كرد به‌خوێندنه‌وه‌یان و به‌راستى زۆر زوو توانیم په‌یوه‌ندى ببه‌ستم له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌دا. ئه‌و كتێبانه‌م له‌رِێى قاچاغه‌وه به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، دواى خوێندنه‌وه‌ى هه‌ندێك له چیرۆكه كوردییه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار نزیكه‌ى بیست و پێنج نوسه‌رى كوردم به‌كۆمه‌ڵگه‌ى فارسى ناساند، به‌مه ناڵێن خزمه‌ت كردن به‌زمانى كوردى به‌لاَم چونكه به‌فارسى ده‌نوسم ده‌ڵێن خزمه‌ته به‌زمانى فارسى. باشه كام له‌و نوسه‌ر و شاعیرانه‌ى كرماشان ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌یان هه‌یه هاتوون به‌رهه‌مى كوردی‌یان كردۆته فارسى كه به‌تیراژێكى باش بلاَو ده‌بێته‌وه؟ ئه‌و كتێبه خه‌ریكه چاپى دووه‌م ده‌كرێته‌وه، ده‌توانم بڵێم دواى ساڵى 1991 ئاشناى ئه‌ده‌بیاتى كوردی بووم.
*به‌پێی ئه‌و ئاشناییه‌تان، به‌برِواى ئێوه ئه‌ده‌بیاتى كوردى چۆن ده‌توانىَ ببێته ئه‌ده‌بیاتێكى جیهانى؟ ئایا ئه‌و ئاسته‌ى هه‌یه؟
*ئه‌ده‌بیاتى كوردى خه‌ریكه ده‌بێته ئه‌ده‌بیاتێكى جیهانى. هه‌ندێك نوسه‌رى باش وه‌ك شێرزاد حه‌سه‌ن و به‌ختیار عه‌لى و فه‌رهاد پیرباڵ و زۆر نوسه‌رى ترهه‌یه. ئه‌مانه له‌ژێر سێبه‌ری دیكتاتۆریه‌تى سه‌دامدا نه‌بوون و له‌ده‌ره‌وه‌ى ولاَت كاریان كردووه، واته زه‌مینه‌ى فه‌رهه‌نگیان هه‌بووه و له ده‌ره‌وه پته‌وتریان كردوه به‌شێوه‌یه‌ك كه ئێستا به‌رهه‌مى باش پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رده‌گێرِدرێ، ئه‌ده‌بیاتى كوردى خه‌لاَتى نێونه‌ته‌وه‌یى وه‌رگرتووه، با له بیرمان نه‌چێت له‌ئێراندا جگه له سادقى هیدایه‌ت هیچكه‌س خه‌لاَتى نێو نه‌ته‌وه‌یى وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌وه‌ش خۆشبینم ده‌كات. ئۆرهان پاموكیش سه‌ره‌تا خه‌لاَته‌كانى به‌ر له‌نۆبڵى بردۆته‌وه، كوردیش زۆر قۆناغی برِیوه. ده‌مه‌وێ بڵێم ته‌نها به‌رهه‌م رۆڵ نابینێ به‌ڵكه خه‌ڵاته‌كان رێگه بۆ خه‌ڵاتی گه‌وره‌تر له‌خۆیان خۆشده‌كه‌ن. خه‌ڵاتی وه‌ك بۆكێر، پۆلیتزێر، بونكوور و پاشانیش نو‌بڵ. من زیاتر ئومێدم به‌ئه‌ده‌بیاتی كوردی هه‌یه تا فارسی، چونكه سیمای نوێیان تێدا ده‌بینرێ و رۆژانه خۆیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام نووسه‌رانی لاوی كورد به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ كێشه‌ی جۆراوجۆردا رووبه‌رِوون. من ئه‌م رۆژانه بیستم كه له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا داستایفسكی وه‌رنه‌گێرِدراوه و تازه به‌تازه تاوان و سزا ده‌كرێته كوردی، ئێمه له‌ئێراندا 45 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تاوان و سزامان خوێندۆته‌وه، ئه‌مه زه‌برێكی گه‌وره له‌نووسه‌ری لاوی كورد ده‌دات. شه‌رِ و ئاشتی تۆلۆستۆی نه‌كراوه به‌كوردی، ئه‌مه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه. به‌برِواى من ده‌بێت هه‌موو كوردێك یه‌ك دوو زمان فێربێت بۆ ئه‌وه‌ى راسته‌وخۆ به‌رهه‌مى كلاسیكى جیهانى و به‌رهه‌مه‌كانى نۆبڵ بخوێننه‌وه ئه‌مه كێشه‌ى سه‌ره‌كییه كه هیوادارم چاره‌سه‌ر بكرێت به‌رپرسانیش ده‌بىَ ده‌زگایه‌ك دروست بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌مه بیانییه‌كان وه‌ربگێرِدرێت، سه‌رمایه گوزارى له‌سه‌ر بكرێت ئه‌و كه‌سانه كۆبكه‌نه‌وه كه‌له‌گه‌ڵ زمانه جیاوازه‌كاندا ئاشناییان هه‌یه.
* وه‌كو نوسه‌رێك پێتان وایه نوسه‌ر ده‌بێ ئیلتیزامى هه‌بێت؟
- هه‌موومان سه‌باره‌ت به‌ده‌وروبه‌رى خۆمان ئیلتیزاممان هه‌یه، بۆ نمونه پۆست مۆدێرنه‌كان كه هیچ شتێك به‌لاییانه‌وه گرنگ نیه و راست و چه‌پ پێداده‌ده‌ن و ژیان به‌لایانه‌وه گاڵته‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش درۆ ده‌كه‌ن، خۆشیان پابه‌ندى پۆست مۆدێرنته‌ن.. چۆن ده‌كرێت مرۆڤێكی بێ به‌رپرسیار له‌م جیهانه‌دا بوونی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر پابه‌ند نین بۆچى ئیلتیزامیان هه‌یه بۆ بنه‌ماڵه؟ بۆچى شه‌وانه ده‌چنه‌وه ماڵى خۆیان؟ هه‌رچه‌نده ده‌ڵێن پێویسته ئه‌مانه وه‌لا بنرێن به‌لاَم دیسانیش ناتوانن چونكه له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر راستده‌كه‌ن با له‌نانه‌واخانه نان نه‌كرِن، ئه‌گه‌ر راستده‌كه‌ن با میوه و خواردنى ده‌وروبه‌ریان نه‌خۆن. ئه‌مانه هه‌مووی جۆرێكن له ئیلتیزام بۆ مرۆڤ، كه‌سێك ئه‌مانه مه‌سره‌ف ده‌كات ناچاره پابه‌ندى هه‌ندێك شت بێت. ئه‌گه‌ر راستده‌كه‌ن بابچنه شوێنێك كه‌هیچ كه‌سى لێ نییه بابزانم ده‌توانن وه‌كو (رۆبینسۆن كرۆزه) بژین، ژیانى رۆبینسۆن كرۆزه نیشانی دا ئه‌و مرۆڤه‌ى پێشتر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگاكه‌یدا ژیاوه ناتوانىَ به‌ته‌نهایی بژیت.
* من زۆر جار بیستومه كه ئێوه له‌گه‌ڵ (سه‌مه‌د بێهره‌نگى) به‌راورد ده‌كه‌ن ئایا ئه‌م به‌راورده له‌و رووه‌وه‌یه هه‌ردوكتان فارس نین و به‌فارسى ده‌نوسن یاخود لایه‌نی فۆرم و ناوه‌رِۆكیش ده‌گرێته‌وه؟
ــ له‌وانه‌یه گرینگ ترین مه‌سه‌له ئه‌وه‌بێت كه‌من زۆر كاریگه‌ری سه‌مه‌دى بێهره‌نگم له‌سه‌ره ئه‌وه‌ى راستبێت من له‌ته‌مه‌نى 33 ده‌ستم به‌نوسین كرد یانى له‌رِوانگه‌ى زۆر كه‌سه‌وه دره‌نگه چونكه ده‌ڵێن ده‌بیت له پانزده شازده ساڵییه‌وه بنوسین، من له‌لایه‌كه‌وه زۆر رارا بووم له چاپى كتێبه‌كانم، له‌دوو زانكۆ یه‌كیان دانشسه‌راى بالاَى تاران و ئه‌وى تریشیان دانیشگاى تاران تا فه‌وقى لینسانس ده‌رسم خوێندووه و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم كه‌نوسه‌رانى ئێمه ئه‌گه‌ر هه‌وڵبده‌ن له شاره گوره‌كان بژین قازانجیانه، هه‌ڵسوكه‌وته‌كان زۆر گرنگن پێشتر (ئه‌میر حسین ئاریانپور و جه‌لالى ئالى ئه‌حمه‌د و سیمین دانیشوه‌ر) ماۆستاى زانكۆ بوون، ده‌كرا سود له‌مانه ببینین ئه‌وانه كاریگه‌رى زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر من، جگه له‌وه من و سه‌مه‌دی بێهره‌نگی ژیانێكی وه‌ك یه‌ك ژیاوین، كاتێك له‌گه‌ڵ سه‌مه‌دی بێهره‌نگیدا ئاشنا بوم سه‌ره‌تا كتێبی منداڵانم نووسی، وه‌ك ئه‌و. من هه‌رچه‌ند ناگه‌مه ئاستی ئه‌و به‌ڵام ئه‌ویش له‌بنه‌ماڵه‌یه‌ك ژیا كه وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی من بوو. هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌ی مندا رۆیشته دانیشسه‌را. من رۆژنامه‌ی دیواریم دروست كرد، ئه‌ویش دروستی كردبوو. ئه‌و بوو به‌مامۆستا، منیش له‌كوردستان مامۆستایه‌تیم كرد. ئه‌و چوو بۆ زانكۆ، منیش هه‌روا. ئه‌و به‌و شێوه‌یه له"ارس" كوژرا، كه به‌داخه‌وه من زیندووم. (به‌پێكه‌نینه‌وه)
*هیوادارین هه‌ر ته‌مه‌ن درێژ بیت، مامۆستا پێت وایه له‌كوردستاندا چی بكرێت باشه بۆ ئه‌وه‌ی گورِوتینێكی زیاتر بدرێت به‌ره‌وتی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی؟
ــ راسپارده‌م به‌تایبه‌ت بۆ نووسه‌ران و شاعیرانی لاو ئه‌وه‌یه فه‌لسه‌فه بخوێننه‌وه. "جیهانی سۆفی" بخوێننه‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ئاشنا نین ده‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا. چێژه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی دۆرانت، مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژئاوا هی راسێل. به‌دوای ئه‌مانه‌دا ئیتر ده‌كه‌ویته ناو فه‌لسه‌فه‌وه، چونكه هه‌ر یه‌ك له‌مانه كۆمه‌ڵێك سه‌رچاوه‌یان هه‌یه‌و سه‌ره‌تایه‌كن بۆ كه‌وتنه ناو جیهانی فه‌لسه‌فه‌وه. نووسه‌رێك ئه‌مرِۆكه پێویسته كتێبی "سه‌د ساڵ چیرۆكنووسی" بخوێنێته‌وه، له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا ئه‌و شتانه‌مان نییه كه پێش مه‌رجن بۆ كاری نووسین و كاری ئه‌ده‌بی. به‌مدواییانه من و ره‌زا خه‌ندانی مه‌هابادی هه‌ندێك كتێبمان ئاماده كرده‌وه كه به‌رگی شه‌شه‌می وا له‌ژێر چاپدایه به‌ناوی "چیرۆكه خۆشه‌ویسته‌كانی من"، كه چیرۆك و ره‌خنه‌ی چیرۆكه به‌شێوه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل. شاعیره لاوه‌كان ده‌بێ حه‌تمه‌ن كتێبی "مێژووی راڤه‌یی شیعری فارسی"ی شمس له‌نگروودی بخوێننه‌وه. ئه‌مانه هه‌مووی یارمه‌تیده‌رن. مێژووی شیعر‌و ئه‌ده‌بی خۆتان بنووسنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌سێك بتوانێ سوودی لێ ببینێ.
*وه‌ك دوا پرسیار ئه‌گه‌ر باس له‌ئه‌زموونه‌كانی رابردووی خۆت بكه‌یت، چۆنی باس ده‌كه‌یت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر بته‌وێ ئه‌مانه بگوازیته‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی نوێ؟
ــ من به‌درێژایی ژیانم تێگه‌یشتم پێویست بوو ئه‌م كاره‌م بكردایه، به‌مجۆره به‌رِێدا به‌رۆیشتمایه، به‌گوێره‌ی ئه‌و بارودۆخه‌ی هاتۆته به‌رده‌مم، ئاوا بژیمایه. به‌گوێره‌ی ئه‌زموونه‌كانم، پێموایه نابێ هیچ به‌ربه‌ستێك هه‌بێت، تێگه‌یشتم نابێ دوور بم له‌گۆرِانكارییه‌كانی كۆمه‌ڵگا. له‌دنیای ئه‌مرِۆدا ئایدیۆلۆژیا گرنگ نییه، دنیایه‌كی فره‌رِه‌نگییه. ئایدیۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت ناتوانێ به‌سه‌ر جیهاندا حوكم بكات. پێموایه سه‌رده‌می ئه‌مه نه‌ماوه. ئێستا پێویسته هه‌موو بیروبۆچوونه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك كۆببنه‌وه. حكومه‌تێكی وه‌ك ساندنیسته‌كانمان هه‌بێت كه هه‌ر مرۆڤێك بتوانێت له‌مه‌جلیسه‌كه‌یدا به‌شدار بێت. لاوان پێویسته بیر له‌مه بكه‌نه‌وه. شێواز و سه‌بكی جۆراوجۆریش به‌تاقی بكه‌نه‌وه، من قه‌ت له‌دژی ئه‌وه نیم لاوێك كار له‌سه‌ر پۆست مۆدێرِنه بكات، چونكه من له‌ژیانمدا دژی سانسۆرِ بووم و پێموایه ده‌بێ ئه‌ندێشه ئازاد بێت. به‌ڵام نابێ به‌رده‌نگی خۆیان فه‌رامۆش بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بۆخۆیان ده‌نووسن، با به‌رهه‌مه‌كه‌یان هه‌ر چاپ نه‌كه‌ن. ئۆرهان پاموك پۆست مۆدێرِنه، به‌ڵام گێرِانه‌وه‌كانی تا دوایی به‌دوای خۆتا رِاتده‌كێشێ. تا كتێبه‌كانی نه‌خوێنیته‌وه، وازی لێناهێنی. من خۆم له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی چیرۆكه‌وه بوومه چیرۆكنووس نه‌ك له‌رێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی فه‌رمۆڵه‌كانی چیرۆكنووسین. ناڵێم ئه‌وانه نه‌خوێندرێنه‌وه. دواجار منیش خوێندمنه‌وه. به‌ڵام مرۆڤ به‌مجۆره خۆی شتێكی نوێ ده‌دۆزێته‌وه، تۆ ئه‌گه‌ر شتێك بدۆزیته‌وه چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه و هێزی بیركردنه‌وه‌ت ده‌باته سه‌ر. من ئه‌وه‌نده‌م چیرۆك خوێنده‌وه كه شێوازه‌كانی چیرۆكنووسینم بۆ ده‌ركه‌وت. بۆیه‌ش هه‌موو شتێك له‌ئه‌نجامی هه‌وڵدانه‌وه مه‌یسه‌ر ده‌بێت.
*زۆر سوپاس به‌رِێز ئه‌شره‌فیان.
ــ منیش سوپاستان ده‌كه‌م.
